سـتــیڤـــن بـــلانـــك تـــوێـــژەر و تایبەتمەندی پەیوەندییەكانی ڕووسیا و ئەمریكا بۆ گوڵان: پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و ئێران هاوبەشییە نەك هاوپەیمانێتی
ستیڤن بلانك، توێژەری باڵایە لە پڕۆگرامی ئیرۆئاسیا لە ئەنستیتوتی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەكی، شارەزا و تایبەتمەند و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە، وەك پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕووسیا، كاروبارە سیاسی و سەربازییەكانی ئاسیا و ئەوروپا و ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەم ڕووەوە چەندین كتێب و توێژینەوە و وتاری نووسیوە، هەروەها لە لایەن ئاژانسی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمریكا و چەندین ناوەندی توێژینەوەوە ڕاوێژی پێ كراوە. بۆ شرۆڤەكردن و تاوتوێكردنی پەرەسەندن و پێشهاتەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئاقار و ئاراستەكانی ئەم شەڕە و، پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و ئێران و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.
* باس لەوە دەكرێت ئەم شەڕەی كە ڕووسیا لە دژی ئۆكرانیا بەرپای كردووە و درێژەی پێداوە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی سەرۆك پوتینە بۆ دروستكردنی سیستمێكی نوێی جیهانی، بەتایبەتی لەم ڕۆژانەدا ڕایگەیاند كە ڕووسیا و چین كار بۆ سیستمێكی نوێی نێودەوڵەتی دەكەن كە لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و هاوسەنگیی بەرژەوەندییەكان بنیاد نرابێت، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە و ئایا وڵاتی چین هاوكاریی ڕووسیا دەكات بۆ ئەم ئامانجە و تا چەند چین پشتیوانیی ڕووسیای كردووە لە شەڕەكەدا؟
- ئەوە ڕوونە كە چین پشتیوانی و پاڵپشیی ڕووسیا دەكات، بەڵام ئەم پشتگیرییە لە شێوەی دەستەبەركردن و پێدانی چەكدا نییە، چونكە چین نایەوێت بە ئەنجامدانی كارێكی لەم چەشنە ڕووبەڕووی سزا و ڕێكاری ئابووری و دارایی ببێتەوە لەلایەن ڕۆژئاواوە، بە دیاریكراویش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كەرەستە و كەلوپەلیان بۆ دابین دەكات و هەڵمەتی پڕوپاگەندی چینیش بە تەواوەتی لە بەرژەوەندیی ڕووسیا و بۆ پشتوانیكردنی ئەو وڵاتەیە، لە لایەكی دیكەوە دەتوانین بڵێین كە گەورەترین پشتیوانی كە چین بۆ ڕووسیای دەستەبەركردبێت بریتییە لە كڕینی نەوت و غازی ئەو وڵاتە.
* هەر لە پەیوەندی بە بارودۆخە نێودەوڵەتییەكە و ئەو سیستمە نوێیەی كە سەرۆكی ڕووسیا (ڤلادمیر پوتین) كار بۆ بەدیهێنانی دەكات، دەگوترێت كە لە ئێستادا هەلومەرجێكی لەبار هەم بۆ ڕووسیا و هەم بۆ چین هاتووەتە ئاراوە، بۆ ئەوەی برەو بە بەرژەوەندی و كارنامەی خۆیان بدەن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی كە لە ئێستادا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرقاڵ كراوە بە دەستەبەركردنی هاوكاری و پشتیوانییەوە بۆ شەڕ، شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و شەڕی غەززە، دید و بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- لە ڕاستیدا من هاوڕا نیم لەگەڵ ئەو بۆچوون و لێكدانەوەیەی كە پێی وایە چین سوودمەندی سەرەكییە لەو بارودۆخەی هاتووەتە ئاراوە، بەتایبەتی كە ئەگەر لە ڕوانگەی هاوپەیمانێتیی نێوان ڕووسیا و چین لەم مەسەلەیە بڕوانین، ئەوا دەركەوت كە ئەم هاوپەیمانێتییە هێندە جێی متمانە نییە، هەروەها لە ئەنجامی شەڕی (نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیادا دەركەوت كە ڕووسیا هێندە بەهێز نییە، وەك ئەوەی مەزەندە دەكرا، لەبەر ئەوە من قەناعەتم بەو لێكدانەوەیە نییە كە ئەوان سوودمەندی سەرەكی بن لەو هەلومەرجەی هاتووەتە ئاراوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
* هەروەك ڕوونە كە لە چەند هەفتەی ڕابڕدوودا ئۆكرانیا تووشی پاشەكشە و فشارێكی زۆر بووەتەوە لە بەرەكانی جەنگدا، ڕووسیاش لە چەندین شوێن پێشڕەویی كردووە، یەكێك لە هۆكارەكانیش ئەوەیە كە ئۆكرانیا پێویستی بە هاوكاریی زیاتری سەربازی هەیە، كە دەستەبەركاری سەرەكیی ئەم هاوكارییانەش ئەمریكایە، بەڵام ڕوونە كە ئەمریكا هاوكاری بۆ ئیسرائیلیش دەستەبەر دەكات لە شەڕەكەیدا لە غەززە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا شەڕی غەززە هیچ كاریگەرییەكی هەیە لەسەر پێشهات و پەرەسەندنەكانی شەڕی ئۆكرانیا؟
- بە تێڕوانینی من كار و كردەوەكانی سەرۆك پوتین بوونە سەرچاوەی ئیلهام بۆ بزوتنەوەی حەماس، تەنانەت بۆ من جێی سەرسوڕمان نییە، ئەگەر ڕووسیا تێوەگلابێت لە هاوكاریكردنی بزووتنەوەی حەماس بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانی بۆ سەر ئیسرائیل، هەرچەندە دەبێت لەم ڕووەوە ئەوەش بڵێم كە كەس بەڵگەیەكی بنەبڕی بەدەستەوە نییە بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم بانگەشەیە، هەرچۆنێك بێت ئەوەی لەم ڕووەوە ڕوونە ئەوەیە كە ڕووسیا پشتیوانیی لە بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین و لە حزبوڵڵای لوبنانی كردووە، و تەنانەت چەكی بۆ حزبوڵاش دەستەبەر كردووە، هەروەها بۆ حوسییەكانی یەمەنیش، تەنانەت زۆرێك لەو چەكانەی كە بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی شەڕیان پێ دەكات، چەكی ڕووسین، كە ئەمە جێی هەڵوەستە لەسەركردنە.
* چۆن لە پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و ئێران دەڕوانن، بەتایبەتی كە لەگەڵ بەردەوامبوون و هەڵكشانی زیاتری شەڕەكەی ڕووسیا لەگەڵ ئۆكرانیا، پەیوەندییەكانی ئێران و ڕووسیاش چوونەتە قۆناغێكی دیكەوە، بەتایبەتی لە ڕووی دەستەبەركردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ ڕووسیا لەلایەن ئێرانەوە، پرسیارەكە بە دیاریكراوی ئەوەیە، ئایا ئەمە هاوپەیمانێتییەكی ستراتیژییە، یان تەنیا یەكگرتنێكی كاتیی بەرژەوەندییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتەیە؟
- ئەوە ڕوونە كە بۆ چەندین ساڵە ئێران لەژێر گوشاری ڕێكار و سزا دارایی و ئابورییەكاندایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی ڕێگە و شێوازێك بدۆزێتەوە بۆ خۆدزینەوە لەو سزایانە، هەروەها كاتێك سەرۆكی پێشووی ئەمریكا (دۆناڵد ترەمپ) بە شێوەیەكی ناهۆشیارانە و تاكلایەنانە لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كشایەوە، ئەوا دەرگا و دەروازە بە ڕووی ئێراندا واڵا كرا، بۆ ئەوەی چەندین ڕێككەوتنی پەیوەست بە چەكەوە ئەنجام بدات لەسەر ئاستی جیهان، هەم بە ئاشكرا و هەم بە نهێنی.
* بەڵام پرسیارەكەی ئێمە زیاتر پەیوەست بوو بە سرووشتی پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و ئێران لەم ساتەوەختەدا، ئایا تەنیا لێك نزیكبوونەوەیەكی كاتییە، یان هاوپەیمانێتییەكی درێژخایەنە؟
- ئەوەی لە نێوان ڕووسیا و ئێراندا دەگوزەرێت، هاوپەیمانێتی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین كە هاوبەشی و شەراكەتێكی بەهێز هەیە لە نێوانیاندا لەم ساتەوەختەدا، بە چەشنێك بە بێ فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران، ڕووسیا لە پەیوەندی بە شەڕەكەیەوە لەگەڵ ئۆكرانیا لە بارودۆخێكی زۆر خراپتردا دەبوو، هەروەها نابێت لەم ڕووەوە ئەوە نادیدە بگرین، كە ئێرانیش خوازیاری ئەوەیە لە بەرانبەردا هاوكاری و پشتیوانیی سەربازیی ڕووسیا بۆ خۆی بەدەست بهێنێت. كەواتە ئەگەر بمەوێت وەسفی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە بكەم، ئەوا من پێم وایە هاوبەشییەكی مەترسیدارە، بەڵام ناتوانین بڵێین هاوپەیمانێتییەك لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا دروست بووە.
* هەروەك ئاشكرایە كە لە ئێستادا باس و خواس لەسەر هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا دروست بووە، ئەوەش ڕوونە كە كاندیدی كۆمارییەكان سەرۆكی پێشوو (دۆناڵد ترەمپ)ـە، دید و تێڕوانینی جیاوازیش لەبارەی ترەمپەوە هەیە و خۆی ئاماژەی بەوە كردووە كە ئیدارەیەكی جیاوازی هەردوو دۆسیەی شەڕی ئۆكرانیا و شەڕی غەززە دەكات، كەواتە ئەگەر ترەمپ براوەی هەڵبژاردنەكان بێت، چ گۆڕانكارییەك بەسەر سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست ئەم دوو شەڕەدا ڕوو دەدات.
- سەرەتا من ئومێد و تەمەننای ئەوە ناكەم كە دۆناڵد ترەمپ براوەی هەڵبژاردنەكان بێت، واتە خوازیارم نەتوانێت ببێتەوە بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، خاڵی دووەم كە لێرەدا شایەنی ئەوەیە ئاماژەی پێ بكرێت، ئەوەیە كە كەسایەتیی دۆناڵد ترەمپ بە چەشنێكە كە بە هیچ شێوەیەك پێشبینی ناكرێت، هەروەك ماوەیەك پێش ئێستا ڕایگەیاند كە بوار بە كۆمپانیای چینی دەدات لە نێو ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كار بكات، ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر وا وێنای خۆی دەكرد، وەك ئەوەی دژ بە چین بێت، كەواتە دووپاتی دەكەمەوە كە بە هیچ شێوەیەك ناتوانرێت پێشبینیی هەڵوێست و هەڵسوكەوتەكانی ترەمپ بكرێت، سەرباری ئەوەش ئەو تەواو بێئاگایە لە واقیعی سیاسەتی دەرەوە.