یاری تۆپی پێی لە جیهاندا گرنگی زۆری هەیە

یاری تۆپی پێی لە جیهاندا گرنگی زۆری هەیە

پڕژە نیزام یاریزانی تازەپێگەیشتوانی هەڵبژاردەی عێراقی

یاری تۆپی پێی لە جیهاندا گرنگی زۆری هەیە
شارەكانی كوردستان پڕن لە بەهرەی جۆراو جۆری وەرزشی كە یانەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی چاویان لەم ئەستێرە كوردانەیە لە خول و چالاكییە وەرزشیەكانی عێراقی بۆ ئەوەی ڕكابەریان پێ بكەن، قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی یەكێك لەو قەزایانەی كوردستان كە خاوەنی چەندین كچە یاریزانی بەتوانایە لە وەرزشە جۆراوجۆرەكان، لەم شارەش گرنگی زۆر بە یاریی تۆپی پێی دەدرێت، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی قەزاكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقی پڕژە نیزام-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2006ی قەزای چەمچەماڵە و یاریزانی فێرگەی تۆپی پێی چەمچەماڵە و یانەی ئەمانەی شاری بەغدادیە و هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی عێراقە، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
* بۆچی یاری تۆپی پێت هەڵبژارد؟
- چونكە یارییەكی جیهانییە و زۆرترین بینەری هەیە.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە زیاتر كێبڕكییە؟
- بەهرەكەم لە تۆپی پێی دەبینمەوە، بۆیە ئەو یارییەم هەڵبژاردوە بۆ ئەوەی بتوانم ببەمە ئەستێرە.
* بۆچی یاری تۆپی پێی لە ئاستی پێویست دا نییە؟
-یاری تۆپی پێی لە جیهاندا گرنگی زۆری هەیە، بەڵام لە كوردستاندا گرنگی نییە، چونكە هیچ دەستكەوتێكی ماددی و مەعنەوی نییە تا یاریزان هەوڵبدات خۆی بەرەوپێش ببات.
* هەست ناكەی ئەم یارییە بۆ ئاستی كچان لە شارەكانی كوردستان پێشوازی باشی لێ نەكراوە ؟
-راستە پێشوازییەكی باشی لێ ناكرێت، بەڵام هەر لە كوردستان یاریزانی زۆر و باشتر هەوڵكەوتووە لە چاو ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
*ئاستی یاری تۆپی فوتساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-ئاستێكی باشی هەیە بە تایبەت لە ئاستە تەمەنیەكان، ئەگەر خولی بەردەوام و گرنگی بەردەوام هەبێت ئاستی زۆر بەرەووپێشتر دەچێت.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
-زیاتر گرنگیان پێ بدرێت و خولی زیاتریان بۆ بكرێتەوە و خەڵات بكرێن و هاتنە پێشەوەیان بە هەند وەربگیرێت.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-هەوڵدەدەم زیاتر بەرەوپێش بچم و لە خولەكانی ناوەوەی عێراق و پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە بەشداری بكەم و ئەنجامی باش بەدەست بهێنم.
*لە دوو خول بەشداری دەكەی لە كوردستان و عێراق كامەیان بەهێزترە؟
-بە دڵنیاییەوە هەردووكیان بۆ من بەهێزە، چونكە لە كوردستان هەوڵی بەدەست هێنانی نازناوەكە دەدەم و لە عێراقیش هەوڵدەدەم زیاتر یارمەتی تیپەكەم بدەم.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- بەدڵنیاییەوە هەر وەكو یارییەكانی تر نەبوونی یاریگای گونجاو و نەكردنەوەی خولی بەردەوام ئەوانە هەمووی گرفتن بۆ ئەم وەرزشە.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو وەرزشكارێك؟
-خەونم یاری كردنە بۆ هەڵبژاردەی یەكەمی عێراقی و یانە جیهانییەكان، وە بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە لە كوردستان.
*هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە لەلایەن یانەكانی تری عێراقی؟
-بەلێ لە چەند یانەیەكی ناوخۆی عێراق گرێبەستم پێشكەش كراوە، بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ یانەی ئەمانەی بەغداد دڵخۆشم.
*یاری كردن لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقی چ هەستێكت پێ دەبەخشێ‌؟
-بەدڵنیاییەوە هەستێكی خۆشە بە تایبەت بۆ كچە چەمچەماڵیەك بگاتە ئەو ئاستە و بۆ هەڵبژاردەی عێراق یاری بكات.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤارەكەتان بۆ ئەو هەموو خزمەتەی وەرزش لە كوردستاندا دەیكات، هیاودارم زیاتر گرنگی بدرێت بە كچان بە تایبەتی لە یاری تۆپی پێی.

 

Top