جیابوونەوەی كۆمەڵایەتی زیانی تەندروستیی هەیە

جیابوونەوەی كۆمەڵایەتی زیانی تەندروستیی هەیە

 جیابوونەوەی كۆمەڵایەتی Social isolation واتە بڕینی پەیوەندیی فیزیكی و دەروونی لەگەڵ كەسانی دیكەدا. جیابوونەوە لە كۆمەڵ لەوانەیە خۆویستانە یان خۆنەویستانە بێت، ئاستی جیابوونەوەكە لەوانەیە كە بە تێپەڕبوونی كات گۆڕانی بەسەردا بێت. جیابوونەوەی كۆمەڵایەتی جیاوازە لەگەڵ هەستكردن بە تەنیایی Loneliness كە بریتییە لە هەستێكی كەسی بە تەنیایی، تەنانەت لەگەڵ بوونی پەیوەندیی باشی كۆمەڵایەتی و تەندروستییەكی باشی جەستەیی و دەروونیدا، هەروەها هەستكردن بە تەنیایی تەنانەت پاش تێكەڵبوونێكی باش لەگەڵ كەسانی دیكەدا. مرۆڤ لە سرووشتدا بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە، بۆیە جیابوونەوەی كۆمەڵایەتی بۆ ماوەیەكی زۆر كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر تەندروستیی دەروونی و فیزیكی. ئاكامە تەندروستییەكانی جیابوونەوەی كۆمەڵایەتی: زیادبوونی ئەگەری بەكارهێنانی دەرمان و خواردنەوە ئەلكهولییەكان و جگەرەكێشان، خراپبوونی تەندروستیی فیزیكی (جەستەیی)، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە پەستی و خەمۆكی، گۆڕان لە توانا و فرمانەكانی مێشكدا، لاوازبوونی سیستمی بەرگریی لەش، زیادبوونی ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، پەیدابوونی هەڵویستی دژەكۆمەڵ Antisocial، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، زیادبوونی تووشبوون بە ئاستی بەرزی سترێس، هەروەها كەم ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی، تێكچوونی خەو، لەگەڵ زیاد خواردنی چەوری.  

 

Top