د.كارزان عومەر   مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی: بێلایەنی لە ئاستی ململانێكانی ناوچەكە لەلایەن ئێرانەوە قبووڵ ناكرێت

د.كارزان عومەر    مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی:  بێلایەنی لە ئاستی ململانێكانی ناوچەكە لەلایەن ئێرانەوە قبووڵ ناكرێت

 

د.كارزان عومەر، مامۆستایە لە زانكۆی سلێمانی و سەبارەت بە پێگەی جیۆپۆلیتیكی كوردستان و ئەو هەڕەشە و ئالنگارییانەی لەلایەن دەر و دراوسێوە دەكرێتە سەری، بەمجۆرە بیر و بۆچوونەكانی خۆی بۆ ئەم ڕاپۆرتە دەربڕی:

 

پێگەی جوگرافی و جیۆپۆلیتیكی كوردستان لەسەر ئاستی ناوچەكە گرنگییەكی گەورەی هەیە. ڕاستە هەرێمی كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆ نییە و هەرێمێكە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، بەڵام جوگرافییەكەی كە چەند وڵاتی وەك «توركیا و ئێران و سووریا» بە عێراقەوە گرێ دەداتەوە، گرنگییەكی تایبەتی بەم پێگە جوگرافیایەی داوە، زیاد لەمەش هەرێمی كوردستان جیا لەوەی خاكێكی بەپیتی بۆ كشتوكاڵ هەیە و سرووشتێكی جوانی بۆ گەشتیاری هەیە، لە هەمان كاتدا دەوڵەمەندە بە كانزا و سەرچاوەی سرووشتی و وزە، ئەمەش وای كردووە كە هێزە هەرێمییەكان چاو ببڕنە هەرێمی كوردستان و هەوڵ بدەن بەرژەوەندییان لەم هەرێمەدا هەبێت.

لە دوای ساڵی 1991 كە ئەم هەرێمە دامەزراوە، ئاشكرایە چ هێزێك پشتگیریی ئەم هەرێمە دەكات، كە ئەویش ئەمریكا و ڕۆژئاوایە، هەر ئەم هێزەش وای كردووە، كە ئەم هەرێمە خۆڕاگر بێت و بمێنێتەوە، هەر بۆیەش ئێران هەوڵی داوە بە هەر ڕێگەیەك بۆی دەگونجێت، هەژموونی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستان فەرز بكات و بیخاتە ژێر ڕكێفی هەژموونیی خۆیەوە.

هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەوڵی داوە، پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێران هەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و، ئێستا بە شێوەیەكی فەرمی پەیوەندیی بارزگانی و بزنێس لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و، كۆماری ئیسلامییش بە فەرمی ددانی بە هەرێمی كوردستاندا ناوە لە چوارچێوەی عێراقدا، كە ئێستا لە هەولێر و سلێمانی كونسوڵخانەی ئێران هەیە.

بەڵام بە هۆی ئەو هەڵكشانەی شەڕی غەززە لە تەواوی ناوچەكە دروستی كرد، دەبینین هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە تەرەفگیری هیچ لایەك لە لایەنەكانی ئەم تەنگژەیە نەكات، ئەم هەڵوێستە بێلایەنەی هەرێمی كوردستانیش لەوانەیە لە ڕوانگەی سیاسەتی ئێرانەوە بە نەرێنی سەیر بكرێت، هەر بۆیە ئێران هەوڵی داوە لە ڕێگەی هێزە وەكیلەكانی خۆیەوە هەر لە یەمەنەوە تا دەگاتە باشووری لوبنان و سووریا و عێراق هێرش بكاتە سەر ئەو لایەنانەی كە ئێران پێی وایە لەگەڵ هەڵوێستی ئەو یەك ناگرنەوە.

ئەم كێشەیەی ئێستا لە ناو گێژاوی ئەم ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بووە، كێشەیەكی ئەمنی و سیاسی و ئابووریشی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئێمە ئەگەر بمانەوێت وەك ئەكادیمی و بێلایەنانە شرۆڤەی بابەتێكی لەو جۆرە بكەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی بزانین لە لێدوانی بەرپرسانی لایەنەكان چی بەرانبەری یەكتری دەڵێن، ئەوەی تا ئێستا وەك لێدوانی فەرمی گوێبیستی بووین، ئەوەیە كە لێدوانەكان زۆر ڕوون و شەفاف نین، هەر بۆ نموونە، لە لێدوانە فەرمییەكانی بەرپرسانی هەرێم بەرانبەر بە شەڕی غەززە، تەنیا لێدوانی گشتی دەبیستین، یان باس لەوە دەكرێت ئێران ڕێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگرێت و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەكار نەهێنێت، ئەمانە ئەو پرسانەن كە لە نێوان بەپرسانی هەرێم و ئێران باسیان لێوە دەكرێت، بەڵام لە سەرووی ئەم لێدوانانە دەبینین، ئێران بە ڕۆكێت هێرش دەكاتە سەر ماڵی بزنێسمانێك لە هەولێر و چەندین كەسیش بوونە قوربانی.

ئاستەنگێكی دیكەی هەرێم لە سیاسەتی بەرانبەر عێراق و دەوروبەر، ئەوەیە كە ئەم هەرێمە ماوەی 10 ساڵە تەنگژەیەكی قورسی ئابووری هەیە، ئەم تەنگژە ئابوورییە قورسە تەنگژەیەكی ناوخۆی و ناڕەزایی خەڵكی لەناو هەرێمدا دروست كردووە و، بێگومان تەنگژەكانی ناوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندییە دەرەكیەكان دەبێت. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئێستا باس لەوە دەكرێت ئەو تەنگژە ئابوورییە وردە وردە چارەسەر دەكرێت و دەگەڕێتەوە سەر سكەی خۆی، بەڵام ئەم هەوڵانەش بە ڕاستی وەك پێویست جێگەی دڵخۆشی نین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە یەكێتیی نیشتمانی لە سلێمانی گوتارێكی هەیە و پارتی لە هەولێر گوتارێكی دیكەی هەیە و لە نێوان ئەم دوو حزبە سەرەكییەدا گوتارێكی هاوبەشی یەكگرتوو بوونی نییە.

 

Top