بـــــۆ پیرۆزبایی كردن لە ساڵیادی دەرچوونیدا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن سەردانی (گوڵان)ی كرد
بەبۆنەی (30) یەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری(گوڵان)، ئەمڕۆ بەڕێز دكتۆر سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە یاوەریی ژمارەیەك لە ئەندامانی بەش، سەردانی بارەگای گۆڤاری(گوڵان) یان كرد، لەلایەن سەرنووسەر و ستافی نووسین و هونەریی هەفتەنامەكە بە گەرمی پێشوازیی كران.
بەڕێز بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، وێڕای پیرۆزبایی لە ستافی گۆڤارەكە بەم یادە، ستایشی ڕۆڵی (گوڵان)ی كرد هەر لەسەرەتای دەرچوونییەوە ڕۆڵێكی كاریگەری لەسەر ڕەوتی ڕۆژنامەگەریی كوردی هەبووە و ئێستاش درێژەپێدەری هەمان ئەو ڕەوتەیە كە لەسەری دامەزراوە ، بۆ ئەمەش دەستخۆشیشی لە سەرنووسەر و ستافەكە كرد بۆ درێژەدان بە تەمەنی ئەم گۆڤارە، كە لەوەتەی (30)ی ساڵی بێ دابڕان و بەردەوام تاكو ئێستا، بووەتە پلاتفۆرمێك بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنێكی ڕاستگۆی كوردی كە هەموو بۆچوونە سیاسی و كۆمەڵایەتی نەتەوە و ئایینییەكان بێ جیاوازی لەخۆدەگرێت، هاوكات بەڕێزیان پاڵپشتیی بەردەوامی خۆی و بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی بۆ هەفتەنامەكە دووپات كردەوە، دواتر لەلایەن سەرنووسەر و ستافی گۆڤارەكە بە گەرمییەوە بەڕێكران.
گۆڤاری گوڵان