بەهۆی نقومبوونی بەلەمێک لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست زیاتر لە ٥٨ کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی نقومبوونی بەلەمێک لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست زیاتر لە ٥٨ کەس گیانیان لەدەستدا

 

لە کارەساتێکی دیکەدا لە وڵاتی هەژاری کۆماری ئەفریقای ناوەڕاستدا، بەلەمێک وەرگەڕاوە، زیاتر لە 58 کەس گیانیان لەدەستدا.

بەرپرسی پاراستنی مەدەنی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست ڕایگەیاندووە، لانیکەم 58 کەس کە دەچوونە پرسەیەک بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی پڕ لە بارەوە لە بانگۆی پایتەختی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.

تا ئێستا 58 تەرم لە ئاوەکە دەرهێنراون، بەڵام دەیان تەرمی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن.

بەگوێرەی شایەتحاڵان و گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، بەلەمەکە زیاتر لە 300 سەرنشینی هەڵگرتووە، هەندێکیان وەستابوون و بەشێکی دیکەیان لەسەر پێکهاتەی دار دانیشتبوون، کاتێک لە ڕووباری ئیمپوکودا نوقم بوو.

هەروەها دوای ٤٠ خولەک لە کارەساتەکە، فریاگوزاران گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست لە ململانێی تائیفی ترسناک لە نێوان گروپە موسڵمان و مەسیحییەکان تێوەگلاوە کە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top