*غـــەفــــوور مەخموورى پیرۆزبایى لە گۆڤارى (گوڵان) دەکات*
میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان فەرهاد محەممەد سەرنووسەرى گۆڤارى (گوڵان) و دەستەى نووسەران و رۆژنامەنووسانى گۆڤارەکە کردووە و، بەبۆنەى (30)ەیەمین ساڵیادى دەرچوونی یەکەم ژمارەى گۆڤاری (گوڵان)ەوە، وێڕاى ئاماژەکردن بە رۆڵى گۆڤارى گوڵان لە کاروانى خەباتى رۆژنامەگەرى کوردستاندا، پیرۆزبایى لێکردوون و هیواى سەرکەوتن و پێشڤەچوونى بۆ خواستوون، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:
براى بهڕێزمان کاک فەرهاد محەممەد سهرنووسهرى گۆڤاری (گوڵان)
بەڕێزان ئەندامانى دەستەى نووسەران و رۆژنامەنووسان و کارمەندانى گۆڤارى (گوڵان)
سڵاوێکى برایانەى گەرم ...
بەبۆنەی (30)ەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ژمارەى گۆڤاری (گوڵان)ى ئازیز، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو خۆشەویست دەکەین و هیواى سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و، هیڤیدارین (گوڵان) وەک هەمیشە بوێر و هەقگۆ و پێشەنگ بێت.
بێگومان گۆڤارى گوڵان ؛ لەماوەى سى ساڵى تەمەنى خۆیدا خزمەتێکى زۆرى بوارى رۆژنامەگەرى و چەسپاندنى بنەماکانى ئازادى بیرو ڕا و قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان و بڵاوکردنەوەى هزر و هۆشیارى نەتەوەیى و نیشتمانى کردووە، بەردەوام هەوڵیداوە بە نووسین و شرۆڤەکانى پیلانى دوژمن و ناحەزانى گەلى کوردستان ئاشکرا بکات و مەترسییەکانى بۆ کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بخاتەڕوو و، رووبەڕووى هەڕەشەکان ببێتەوە، بێگومان چەکى ئەو رووبەڕوونەوەیەى گوڵان پێنووس و وشە بووە، بۆیە دەتوانین بڵێین (گوڵان) سەنگەرێکى قایمى بەرەڤانیکردن لە دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان بووە.
بەڕێزان: (گوڵان) ؛ بە ئیمکانیاتێکى کەمەوە ئەرکێکى گەورەى راپەڕاندووەو کارى مەزنى ئەنجامداوە، لەهەمان کاتدا دەتوانین بڵێین رۆڵى سەنتەرێکى گەورەى لێکۆڵینەوەى گێڕاوە، بۆیە جارێکى دیکە ئەوەتان بەبیردێنینەوە کە پێویستە گۆڤارى گوڵان فراوانتر بکرێت و بکرێتە (سەنتەرى لێکۆڵینەوە و بەداوداچوونى سیاسیى گوڵان)، لەبەرئەوەى بەهەق ئەو رۆڵەى گێڕاوە و، توانیویەتى پەیوەندییەکى فراوان لەگەڵ لێکۆڵەر و شرۆڤەکارانى بوارى سیاسى و ئابوورى و ئەمنى و کلتورى و کۆمەڵایەتى و کارگێڕى و دەوڵەتدارى لەسەر ئاستى ناوخۆ و وڵاتانى عەرەبى و بیانى دروستبکات.
پڕ بە دڵ دەستخۆشى و پیرۆزباییاتان لێدەکەین و بە گەرمى دەستى ماندووبوونتان دەگوشین و هیوای بەردەوامی و پێشڤەچوون و سەرکەوتنى زیاترتان بۆ دەخوازین.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستى دووبارەماندا.
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
21 / 04 / 2024