ڕێناس وریا ڤیدیۆ كلیپێكی نوێی بڵاوكردەوە
ڕێناس وریا خانمە گۆرانیبێژی كورد گۆرانی (ڕۆژی جەژنە)ی بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاوكردەوە,كە ئەم گۆرانییە یەك لە بەرهەمە دیارەكانی هونەرمەندی گەورەی كۆچكردوو(سەید عەلی ئەسغەر)ە و خودی هونەرمەند ئاوازەكەی ئامادەكردووە و (تاهیر بەگی جاف)هۆنراوەكەی نووسیوە.
ڕێناس وریا به هەماهەنگی لەگەڵ كوردماكس موزیك لە تۆڕی ڤیدیۆیی یوتیوب گۆرانییەكەی بڵاوكردەوە كە هونەرمەند و موسیزیان (نزار زێوێی)كاری دابەشكردن و تۆماركردنی ئەنجامداوە,كلیپەكە لە دیمەنە جوانەكانی سرووشتی بەهاری كوردستان بە دیاریكراوی لە چەمی ڕەزان لە شاری سلێمانی لەلایەن (دیار مەهدی) كاری وێنەگرتنی بۆ ڤیدیۆ كلیپەكە كردووە,هەروەها (بڕیار فەتاح) كاری دەرهێنانی ئەنجامداوە.
ڕێناس وریا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنستگرام لەبارەی بەرهەمە نوێیەكەی نووسیویەتی:گۆرانی رۆژی جەژنە شاکارێکی مەزنی هونەر و موزیکی کوردییە, سەرفراز و خۆشحاڵم دەرفەتی دووبارە تۆمارکردن و گوتنەوەی گۆرانییەکەم هەبوو هیوادارم دەرحەقی هاتبم و لە ئاست گەورەیی کارەکە بووبم.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا دەڵێت:مامۆستا (نزار زێوێی )بیرۆکەی تۆمارکردنەوەی گۆرانییەکەی بۆ پێشنیار کردم و بەسوپاسەوە منیش لە سۆنگەی گرنگی کەلەپوور و میلۆدی گۆرانییەك کە تەمەنی نزیك دەبێتەوە لە ١٠٠ ساڵ وەك هەوڵێك بۆ هێشتنەوەی ئەم ئاوازە جوانە پێشنیارەکەم قبوڵ کرد.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی