مــەســـرور بـــارزانــــی: ڕژێمی پێشووی عێراق لەپێناو سڕینەوەی گەلی کوردستان، شاڵاوی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەنفالی ئەنجام دا

مــەســـرور بـــارزانــــی: ڕژێمی پێشووی عێراق لەپێناو سڕینەوەی گەلی کوردستان، شاڵاوی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەنفالی ئەنجام دا

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەنفال "تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕێژنەبووی جەستەی گەلی کوردستان". دەشڵێت، "بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووری حکومەتی فیدراڵە، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-04-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە 36 ساڵەی یادی ئەنفال؛ لە راگەیەندراوێکدا گوتی، "ئەمڕۆ یادی تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕێژنەبووی جەستەی گەلی کوردستان دەکەینەوە، کە 36 ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پێناو سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کوردستان، شاڵاوی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەنفالی ئەنجام دا".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەنفال تاوانێکی کەم وێنە و لەبیرنەکراوە و دەبێ هەمیشە ئەو تاوانانە و قوربانییەکانمان لە یاد بێت و نەوەکانمان بزانن کە خەڵکی کوردستان، چ قوربانییەکی مەزنیان لە پێناو مافە نەتەوەییە ڕەواکانی داوە".

حکوومەتی هەرێمی كوردستان، وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی ئاماژەی پێ کردووە، "لە کاتێکدا خزمەتکردنی زیاتری بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان بە ئەرکی خۆی دەزانێت، لە هەمانکاتدا دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووری حکومەتی فیدراڵە، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەوەی مایەی داخە تا ئێستاش کەس و لایەن هەن دەیانەوێ بە بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنیانە و بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی لە پشتی ئەنجامدانی ئەنفالەوە بوو، نکۆڵی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن کە لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانێکی بێ وێنەی خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لە یادەوەریماندا زیندوون".

ئەنفال کە بە جینۆسایدی کورد ناسراوە، پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژیی کوردانی باشووری کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی پێنجەمین سەرکۆماری عێراق، سەددام حوسێن لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق بە هەشت قۆناغ کرا و کە هێزەکانی فەیلەقی یەک، فەیلەقی پێنجی سوپای عێراق، کەتیبەکانی بەناو بەرگری نیشتمانی تێدا بەشداربوون و سەرجەمی هێزەکانیان نزیکەی 200,000 چەکدار دەبوون. لە تەواوی قۆناغەکاندا 182,000 هاووڵاتیی سڤیل بێسەروشوێن کران و زیاتر لە 4500 گوندیش خاپوور و وێران کرا.

قۆناغەکانی ئەنفال:

قۆناغی یەکەم: 9ی شوبات تا وەکوو 23ی شوباتی 1988 بوو لە ناوچەکانی سەرگەڵو و بەرگەڵو سنووری شارۆچکەی سوورداشی سەربە قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی.

قۆناغی دووەم: 22ی شوبات تا وەکوو 1ی نیسانی 1988 ناوچەکانی قەرەداغی گرتەوە.

قۆناغی سێیەم: 7ی نیسان تا وەکوو 20ی نیسانی 1988 ناوچەکانی گەرمیان لە سنووری پارێزگای کەرکووک و سنووری شارەکانی"خوورماتوو، کەلار، کفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و چەند شوێنێکی دیکەشی گرتەوە"، ئەم قۆناغە بە بەرفراوانی ئەو ناوچانەی کە گرتییەوە و زۆری قوربانی لە قۆناغەکانی تر جیاکراوەتەوە، ھەربۆیە ساڵیادی ئەو تاوانەش خراوەتە ئەم قۆناغە.

قۆناغی چوارەم: 3ی ئایار تا وەکوو 8ی ئایاری 1988 درێژایی زێی بچووکی گرتەوە هەر لە ئاغجەلەر، گۆپتەپە، عەسکەر، ناوچەکانی شێخ بزێنی، کۆیە، خەلەکان و دوکانی گرتەوە.

قۆناغەکانی پێنجەم، شەشەم و حەوتەم: 15ی ئایاری تا وەکوو 26ی ئابی 1988 ناوچەکانی بالیسان، شەقڵاوە، ھیران، نازەنین، سماقوڵی، دۆڵی ئالان، ڕواندوز، چۆمان، زنجیرە چیای قەندیل، رانیە، چوارقوڕنە، ھیزۆپ، چیای باواجی، بەشێک لە گوندەکانی کۆیە، دیبەگە و پردێ ی گرتەوە.

قۆناغی ھەشتەم: لە  25ی ئاب تا 6ی ئەیلوولی 1988 ناوچەی بادینانی گرتەوە لە ئامێدی، دھۆک، زاخۆ، شێخان، ئاکرێ، بارزان.

لە ساڵی 2007ـەوە حکوومەتیی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا ڕۆژی 14ی نیسانی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی یادکردنەوەی تاوانەکانی ئەنفال

Top