كاتە سەخت و دژوارەكان مرۆڤی بەهێز دروست دەكەن

كاتە سەخت و دژوارەكان مرۆڤی بەهێز دروست دەكەن


(مالكوم ئیكس) بانگخواز و بەرگریكاری بەناوبانگی ئەمریكی لە بواری مافی مرۆڤــ دەڵێ" هەنگاوی یەكەمی سەركەوتن لەوە وە دەست پێ دەكات كاتێك ڕەتی دەكەیەوە خۆت بە دەستەوە بدەی بۆ بارودۆخی دەوروبەرت".
بێگومان ژیان پڕیەتی لە هەوارز و نشێو و كۆسپ وتەگەرە هاتنە پێش و هەبوونی بەربەست و سەختی کە وا لە مرۆڤ دەكات زیاتر بەرگە بگرێ و پشوو درێژ بێت و لە هەمان كاتیشدا خۆڕاگر و سوور بێت لە سەر تێ پەڕاندنی بەربەستەكان و بڕینی سەختیەكان و تاگەیشتن بە ئامانجی كۆتایی، بەڵام ئەوەش لە چاووتروكانێك دا بەدی نایەت و پێویستی بە دان بەخۆداگرتن و هەبوونی ئەزموون و پشوو درێژی هەیە، لەگەڵ بڕیاردان و دڵنیابوون لەوەی خۆ بەدەستەوەدان واتە مردن، بەڵكو سووربوون و بەردەوامی لەگەڵ تێگەیشتن لەوەی كە ژیان بەوە خۆشە كەوا لە مرۆڤ دەكات كەسێكی بەهێز و خۆڕاگر بێت، نەك كەسێكی دەستەمۆ و لەرزۆك و مل كەچ بۆ سەختیەكانی ژیان، چونكە دەبێ لەوە تێ بگەین كەوا ژیان هێندە بە ویژدان نییە كەوا ئەوەی حەزمان لێیە وەری بگرین و یانیش هێندە دادپەروەر بێت ئەوەی ستەمی لێكردووین مافی لێ وەربگرینەوە وە هێندە بە سۆز و بەزەییش نییە كەوا بە چاوی رێز و بایەخەوە سەیری هەمووان بكات، بەڵكو دەبێ خۆڕاگر بین بەرامبەر ژیان و رووبەڕووی ببینەوە و بەرگەی ئێش و ئازار و سەختیەكانی بگرین و، لەوپەری خۆڕاگر و بەهێزی بین گەر هاتوو نائومێدی سەرتاسەری باڵی بە سەرمان كێشا، پێویستە بچەقین و نەچەمێین و دەستبەردار و دۆش داماو نەبین.
هەمیشە خۆڕاگری و بەرگەگرتن و رووبەڕوو بوونەوەكان هێزمان پێ دەبەخشن و ئامادە دەبین بۆ داهاتوو بێ ئەوەی دەست بەرداری هیچ ببین و هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین و بەردەوام دەبین و رووبەڕووی ململانێ‌ و ناكۆكیەكانی ژیان دەبینەوە تا سەرجەم قۆناغە سەختی و دژوارییەكانی ژیان تێ دەپەرێنین، ئەو كات دەتوانین بە سەر بارودۆخەكاندا زاڵ ببین. هەروەكو دەگێرنەوە " پیاوێك وەستا بوو بینی وا پەپولەیەك دەیەوێ لە قۆزاخەكەی دەربچێ و هەوڵی دەرچوونی بەردەوام دەدات، بەڵام سەركەوتوو نابێ و دەوەستێ و ماندوو دەبێ، بۆیە پیاوەكەش بەزەیی بە پەپولەكەدا هاتووە و كەمێك توێكلی قۆزاخەكەی بڕی تا یارمەتی بدات بۆ دەرچوونی، بێگومان پەپولەكە لە قۆزاخەكەی دەرچوو، بەڵام كەوتە سەر زەوی، چونكە باڵەكانی لاواز بوون نەی توانی بفڕی، ئەوە بوو لە قۆزاخەكە هاتە دەرەوە، بەڵام باڵەكانی تەواو پێ نەگەیشتبوون نەیتوانی بەرگەی فڕین بگرێ".واتە قۆناغەکانی پێگەیشتنی نەبڕی بەسروشتی.
مرۆڤـــ وەكو ئەو پەپولەیە دەبێ تایبەت قۆناغەكانی سەرەتای ژیان ببڕێ و فێر ببێ چۆن رووبەڕووی ململانێ‌ و ناكۆكییەكان دەبێتەوە و لە سەر پێی خۆی بوەستێ‌ و هەر فێر نەبێت یارمەتی بدرێ و دەستی لەسەر شانی ئەو و ئەوی تر بێت و پاڵبەستی خۆی بێت و بەرگە بگرێ و خۆڕاگر بێت، تاوەكو زیاتر بەهێز بێت و توانای هەبێت لە سەر بەرگە گرتنی بار قورسییەكانی ژیان و متمانەی بەخۆی هەبێت و وانە و ئەزموون لە سەر هەر بارودۆخێک وەربگرێ ، هەرگیزاو هەرگیز سازش و مساوەمە نەكات نەچەمێ و خۆی بەدەستەوە نەدات، ئەگینا كەسێكی بێ توانا و پەككەوتە و دەستەمۆ و زەلیلی لێ دێتە ئەنجام، بۆیە هەردەم ژیان بە سەختی و قورسی و دژوارییەكانی تام و چێژی هەیە بۆ مرۆڤـ كەسێكی جەربەزە و چاونەترس و بەهێزی لێ دێتە بەرهەم دەتوانێ‌ رووبەڕووی ململانێ‌ و بەربەست و تەگەرەكان ببێتەوە بە هەموو ئازایەتی و ورەیەكەوە،
لە بیرمان نەچێت هەرگیز كاتە سەخت و دژوارەكان بەردەوام نابن، بەڵام كەسانی بەهێز و ئازا و خۆڕاگر بەردەوامیان دەبێت

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top