ئەسپی بەرەواژ
حەمە هاشم
هونەرمەند چێرنی حەز دەکات شتەکان بە شێوەیەکی جیاواز پیشان بدات، کە دەچیتە پراگ ئەسپی بەرەواژ و ئەو بازاڕە جوانەی لوسێرنا کە پەیکەری ئەسپی بەرەواژی تێدا هەڵواسراوە، نابێت لەدەستت بچێت.
لە پراگ زۆرشت روودەدەن، شۆڕش، ئاهەنگ، هاوارکردن، سەما، گۆرانی، خۆپیشاندان، وە هەموو ئەم چالاکییە ژیارییانە لەوێ لە لوتکەی گۆڕەپانەکەدا دەبینرێن، لە بنەبانی سەرووی گۆڕەپانەکە پەیکەری وێنسلاوس هەیە کە سواری ئەسپێکی گەورە بووە، و ڕمی سەرکەوتنی بەرزکردۆتەوە، کە دەکەوێتە بەردەم مۆزەخانەی نیشتمانی، پەیکەرەکە لەلایەن پەیکەرتاش جۆزێف ڤاکلاڤ میسلبێکەوە لە ساڵی ١٨٨٧ درووستکراوە و دواجار لە ساڵی ١٩١٢دا خراوەتە ئەم شوێنەی ئێستای خۆی، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر شەرەفی چیك و نیشتمانپەروەری و هەموو سەرکەوتنەکانیان.
ئەوەندە دوور نییە لهوێوهوه، کەمێک لە نزیک کۆتایی گۆڕەپانەکە، پەیکەری ئەسپی بەرەواژی پراگ دەبینین، پەیکەری تایبەتی بە شا وێنسێلاوس بهشێوهیهكی سوریالی هەڵواسراوە، پاشا سواری سکی ئەسپێک بووە و ئەسپەکە بە بەرەواژی خۆی نیشان دەدات، ئەسپەکە زمانی دەرهێناوە بەڵام لەراستیدا وەک ئەسپێکی مردوو دەبینرێت، ئهم پهیكهره دهكهوێته ناو (پاساژی لۆسێرنا- ناوچەی بازاڕکردن و کات بەسەربردنی ئارت نۆڤۆ کە لە ساڵی ١٩٢٠ دروستکراوە)، پەیکەرەکە هەڵواسراوە، بە دڵنیاییەوە بارودۆخێکی جیاوازی هەیە، ئەسپەکە مردووە، و بە سەرەوژێری بە پێیەکانیەوە هەڵواسراوە، سەری کەمێک لاربۆتەوە و زمانی لەدەمیەوە دەرچووە.
بەڵام لەسەر سکی ئەسپە بەرەواژەکە دیارە پاشا وێنسلاوس هێشتا دەیەوێت تەراتێن بکات.
ئەم ئەسپە بەراواژە، وێنایەکی تەواو و بێ کەموکوڕییە گوزارشتە لە ئارەزووی چیکیەکان بۆ نوکتەی رەخنەئامێز، ئەم پەیکەرە لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن هونەرمەندی چیکی پۆست مۆدێرن دەیڤید چێرنی دروستکراوە، هەمان ئەو دەیڤید چێرنیهی کە جارێک تانکێکی ڕووسی بۆیاخ کرد به ڕەنگی پەمەیی، وە هەمان ئەو کەسەی کە پەیکەری بزۆکی کافکای درووستکردووە.
ئەسپە مردووە بەرەواژەکە و پاشا لەبیرنەکراوەکەی هێشتا سەیرتر دەردەکەون، لە فەزای پاساژێکی دەورەدراو بە مەڕمەڕی ورد و شووشەی ڕەنگاوڕەنگ ئەو کوتلە سەیرە هەڵواسراوە، کە ناتوانیت خۆت بپارێزیت لە بیرکردنەوە، بیركردنهوه له خهسڵهتی كاره هونهرییهكه، دهربڕین و مانا قوڵهكهی، تێڕامان لهوهی کە چۆن ئەو سەقفە ناسکە دەتوانێت پارچەیەکی ئاوا گەورە هەڵبگرێت، پەیکەرەکە هەرچەندە لە برۆنز دەچێت، بەڵام لە ڕاستیدا لە ماتریاڵی فووم درووستکراوە.
پەیوەندی پهیكهرهكه به شوێنهكهوه
بیناکە لەلایەن باپیرەی شاعیر و شانۆنامەنووسی ناڕازی بەناوبانگ (ڤاکلاڤ هاڤڵ) هوه دروستکراوە کە له دوای ڕووخانی کۆمۆنیزم بووە یەکەم سەرۆک، چیرۆكی ئهم پهیكهره (ئەسپی بهرهواژ)، ئەوەیە کە خاڵۆزایەکی ڤاکلاڤی كه سەرۆکایەتی بهشێكی پتەو بووە و وەک بەیاننامەیەکی خۆڕاگری و باوهری بههێز فەرمانی بۆ دانانی پەیکەرەکە کردووە، ئەو بڕیاریداوه کە پاشا سواری ئەسپێکی مردووی هەڵواسراو بێت تاوەکو دەسەڵاتی پاشایەتی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی چیک، ڕەنگە چیرۆکێکی كۆمیدی رهخنهیی بێت بەڵام پێدهچێت سواربوونی ئهسپێكی مردوو درێژهبخایەنێت، وهك هیوای مردوو، وهك چاوهڕوانی له زیندووبوونهوهی شتێكی مردوو.
وەک زۆربەی کارەکانی چێرنی هونهرمهند، ئەم پارچە هونەرییه سەیر و سەمەرەیه مشتومڕای زۆری هێناوهته پێشهوه، بەڵام لە کۆتاییدا بهرههمێكی مۆدێرنی ئیستاتیكی چێژبەخشە، بە دڵنیاییەوە زیادکردنێکی شایستەیە بۆ نەریتی وهستاوی پهیكهرسازی ئهكادیمی.
له بهرامبهر پهیژهی پهیكهرهكه كافێیهكی زۆر خۆش ههیه، ئەگەر بتوانی کورسییەک لە لای پەنجەرەکەوە بگریت کە سەیری خوارەوە دهكات بۆ ناو پاساژهكه، گۆشەیەکی جوانه بۆ بینینی شایستهی ئهم پهیكهره، لهوێ قاوەیەکم خواردەوە به کرێمی شانتی لهگهڵ پارچهیهك شیرینی، کەمێک گرانبەهایە بۆ پراگ، بەڵام كهشهكه هێنده جوانه پهشیمان نابیتهوه.