ژیان قوتابخانەیەكە فێری خۆڕاگری و خۆبەدەستەوەنەدانمان دەکات

ژیان قوتابخانەیەكە فێری خۆڕاگری و خۆبەدەستەوەنەدانمان دەکات

 


(رالف والدو ئیمرسۆن) فەیلەسوف و نوسەری ئەمریكی دەڵێ" ژیان بریتییە لە زنجیرەیەك وانە، پێویستە لەگەڵ وانەكان بژی تاوەكو تێیان بگەیت".
بێگومان ژیان بەهەموو وورد و درشتی و تاڵی و شیرینی بریتییە لە لە كۆمەڵێ ئەزموون و وانە و بابەتی كەلەكە بووی یەك لە دوای یەك كە پێیاندا تێپەر دەبین و لێیانەوە فێردەبین و دەبیتە شارەزایی و ئەزموون و وانە، جودا لەوەش گرنگە بەدواداچوون و خوێندنەوە بۆ ئەزموونی كەسانی تر بكەین كە چۆن پێیدا تێپەڕیان كردووە و توانیویانە بیکەنە وانەیەكی بە سوود و قازانج بەخش بۆ داهاتوویان، چونكە هەموو كۆسپ و تەگەرە و ئاستەنگ و ئەزموونەكانی ژیان هۆكاری سەرەكی و بنەڕەتین بۆ بنیاتنان و دروست كردنی كەسێكی بەتوانا و بەهێز و خۆڕاگر كە بەرگەی ئاستەنگ و سەختیەكانی ژیان بگرێت و بتوانێ‌ بە سەر بەرزی و شكۆمەندی لێیانەوە دەربچێ و سەرجەم تەنگژە و نالەباری و ئاستەنگەكانی تێ پەرێنێ و وانە و ئەزموونیان لێ وەربگرێ، بەدیدگایەكی تری ڕۆشنی و ئەرێنی و گەش بینیەوە سەیری ژیان بكات و ببێتە كەسێكی خۆڕاگر و بەهێز و خاوەن ئیرادەی بەرز. هەروەكو گوتویانە زێر بە ئاگر دەناسرێتەوە، مرۆڤیش بە ئەزموون و سەختیەكانی ژیان و هەڵوێستەکانی دەناسرێتەوە. بۆیە گرنگە مرۆڤ لە بەرامبەر گرفت و سەختیەكان دۆش داماو و مات و مەلوول و زەلیل دەرنەكەوێ، هەمیشە خۆڕاگر و بەهێز بێت و خۆی بەدەستەوە نەدات بەرامبەر سەختیەكانی ژیان، دەرئەنجام دەبێتە مایەی دروست بوونی كەسێكی ناخ بەرز و خۆڕاگر و پشوو درێژ.
هەر ئەوەشە دەگێرنەوە دەلێن پرسیاریان لە كەسێكی بەتەمەنی خاوەن ئەزموون كردو لێیان پرسی لەو هەموو ساڵانەی تەمەنت چی فێربووی؟ لە وەڵامدا گوتی فێربووم ئەوەی خێروچاكە و سوودی بۆخۆی و خانەوادە و كەسوكاری نەبێت، هەرگیز خێر و سودی بۆ كەسانی تر نابێت و فێربووم لە سەر هەموو شتێك سوپاس گوزاری خودای گەورە بم، هەمیشە بلێم زۆر سوپاس خودایە بۆ تۆ لە هەموو شتێكدا. وە فێری ئەوە بووم كە ژیان لە هەر چركەیەك لەوانەیە كۆتایی پێ بێت و فێری ئەوەش بووم چاكە بكەم و چاوەڕوانی پادداشت و سوپاس نەكەم، نەوەك تووشی شۆك ببم. هەروەها فێربووم دەوڵەمەندترین مرۆڤ لە جیهان ئەو كەسانەن كەوا پارێزراوون و تەندروستیان زۆر باشە، هەروەها فێربووم چ بچێنی ئەوە دەدوریتەوە گەر پیاز بچێنی ڕەیحان نادووریتەوە، وە ئەوەش فێربووم كەوا تەمەن كۆتایی دێت، بەڵام سەرقاڵی و ئیشوكار كۆتایی نایەت، وە فێری ئەوەش بووم كەوا هەردەم لە بیرم بێت لە ژیان هەڵسوكەوت و ڕەفتار لەگەڵ كەسانێك دەكەی تەنها بیر لە خۆیان دەكەنەوە و وەچین و چەشنێك لە كەسان لە كۆتایی ڕێگا شەرمەزارت دەكەن و ، وە كەسانێك هەن حاشا لە چاكە و دڵسۆزییەكانت دەكەن. وە ژیان وات لێ دەكات تاڵی و سوێری چەندەها جار تام بكەی و بینۆشی، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ژیان خۆی لە خۆیدا قوتابخانەیەكە فێری هەموو كارامەییەكانی مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتی و ژیانمان دەكات، كەوا هەردەم گەشبین بین و بڕوا و متمانەی تەواومان بە خودای گەورە و بەخۆمان هەبێت و بڕوا و متمانەمان بە كەسانی دڵسۆز و خۆنەویست و نیەت پاك هەبێت، ئەوەش یەكێكە لە جوانیە ئەفسوناوییەكانی ژیان و وامان لێ دەكات ژیانمان خۆش بوێت و كۆتایی شتەكان بە كۆتایی ژیان و كۆتایی جیهان نەزانین، بەڵكو بەردەوام هەوڵی بنیاتنان بدەین و مكوڕ بین لە سەر جوانتر كردنی ژیان و چاوەڕێی كازیوەی بەرەبەیان بكەین بۆ دەست پێكردنی تەمەنێكی نوێ بە ئیرادەیەكی بەهێزتر و وەرگرتنی ئەزموون و شارەزایی و وانە لە ژیان كردنی خەڵكانی تر تا بتوانین پاشەڕۆژێكی گەشت تر بنیات بنێین.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top