پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاكسازی
پرۆسەی چاكسازی بە هەموو بوارەكانیەوە، بریتییە لە جەوهەری نوێبوونەوە و پەرەسەندن، كە ناكرێ فەرامۆش بكرێت، چونكە پەرەپێدانی سیاسی و ئابووری و تەكنەلۆجیا كە لە جیهانی سەردەمدا دەگوزەرێت، سەركردەكانی دەسەڵاتی حوكمڕان ناچار دەكات، پرۆسەی چاكسازیی ڕاستەقینە پەیڕەو بكەن، ئەمەش لە ڕێگەی بەكارهێنانی سەرچاوە و توانای دامەزراوەكان و كاراكردنی ڕۆڵیان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و فەراهەمكردنی مافەكانیان و دژایەتیكردنی گەندەڵكاران لە میانی میكانیزمی یاسایی و شەفاف، كە پارێزگاری لە سامانی گشتیی وڵات بكات.
پرۆسەی چاكسازی چ سەرتاسەری یان بەشەكی بێت، وا پێویست دەكات كە حكومەتی ئاییندەی كوردستان دیدگایەكی ستراتیجیی هەبێت لەبارەی پەرەپێدانی چەمكی ڕۆڵی دامەزراوەكان، چونكە ئەو دامەزراوانە ڕووبەڕووی ئیفلیجی بوونەتەوە، كە دەبێت بگۆڕدرێن بۆ ئەو دامەزراوانەی كە لەلایەن كەسانی سەركردە و بەتوانا و لێهاتووەوە بەڕێوە ببرێن، كە دوا جار ببنە ئامرازگەلێكی كارا و بتوانن، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا و جێبەجێكردنی یەكسانی و دادپەروەری و دژایەتیكردنی گەندەڵیی دارایی و كارگێڕی و وشكردنی سەرچاوەكانیان خزمەتی كۆمەڵگە بكەن.
وەدیهێنانی چاكسازی پێویستی بەوە هەیە كە كۆمەڵێك توخمی پێویست بەردەست بن، وەك دابینكردنی ژینگەیەكی كارا كە دەستپێشخەری بكات بۆ ئەوەی پرۆسەی چاكسازی سەقامگیر و سەركەوتوو بێت، ئەویش بە چەند هەنگاوێك، وەك:
یەكەم/ پێویستە حوكمڕانان بزانن كە وەدیهێنانی پرۆسەی چاكسازی سەرناگرێت، مەگەر پەیوەندی و ڕایەڵی سیاسیی عەقڵانی بەردەست بن لە نێوان حوكمڕانان و تاكەكانی كۆمەڵگەدا، هەروەها دەسەڵاتەكانی سەرجەم دامەزراوەكانی حوكمڕانی و دەستەبژێری باوەڕهێنەر بە پرۆسەی چاكسازی بخرێنە خزمەت پرۆسەكە، بۆیە پێویستە لەسەر دەسەڵاتداران و حوكمڕانانی داهاتوو كە كلتوورێكی تازە بڵاو بكەنەوە، كە میراتە كلتوورییە دواكەوتووەكە تێپەڕێنێت، هەروەها دەست بكرێت بە هەڵمەتێكی ڕۆشنبیری و هۆشیاری، كە ئەركی گۆڕانكاریی ڕیشەیی بێت لە ڕۆڵی دەسەڵاتی سیاسیدا، دوا جار بخرێتە خزمەت بنیاتنانی كۆمەڵگە لەسەر بنەمای دابینكردنی ماف و ئازادیی تاكەكان و هێنانەكایەی كۆمەڵگەیەكی دادپەروەری و یەكسانی و هاوكاری.
دووەم/ كاراكردنی ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە بەشداریكردن لە دەركردنی بڕیارەكانی پەیوەست بە چارەنووس و ئایندەی كۆمەڵگە، ئەمەش پێویستی بە داڕشتنەوەی ڕۆڵی دامەرزاوەكانی حوكمڕانی هەیە كە بێلایەنیی ڕۆڵی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی ئەو دامەزراوانە دابین بكات، بە شێوەیەك كە گرنگیی ڕۆڵی ئەو ڕێكخراوانە لە دەستنیشانكردنی خاڵەكانی كەموكوڕی لە ئەدای ئەو دامەزراوانە و لە بەشداریكردنیان لە دۆزینەوەی چارەسەر بەپێی بەرژەوەندیی گشتیدا دەربكەوێت.
سێیەم/ پێویستە پرۆسەی چاكسازیی سەرتاسەری یان بەشەكی ئامانجگەلی ڕوون و پراكتیكیی هەبێت و، جەخت لەسەر بنیاتنانی پەیوەندیی ڕەسەن و شەفاف لەنێوان خودی دامەزراوەكانی حوكمڕانی ولەگەڵ هاووڵاتیاندا بكەنەوە، كە دەبێت بكرێنە هەوێنی پرۆسەی چاكسازی، پشتبەستن بە كەسانی شارەزا و پسپۆڕ كە بەشداریی پرۆسەكە بكەن، بە چاوپۆشی لە ئینتیمای سیاسی یان نەتەوەیی و ئایینی و تایفەگەری.
چوارەم/ پێویستە دەسەڵاتی سیاسی بە تەواوی پابەند بێت بە پرەنسیپی جیاكردنەوەی نێوان دەسەڵاتەكان، دامەزراوەی حوكمڕانییش دەست وەرنەداتە كاروباریان و بە شێوەیەكی شەفاف مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
پێنجەم/ پێویستە ئامانجی پرۆسەی چاكسازی بریتی بێت لە بەهێزكردنی ڕەوایەتیی سیستمی سیاسی، ئەمەش پێویستی بە بنیاتنانی پەیكەربەندیی گشتگیری كارگێڕی و بەتوانا هەیە بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری حوكمڕانی لە میانی حكومەتگەلی خۆجێیی و ئەنجومەنەكانی شارەوانیدا، كە ڕەنگدانەوەی هاوسەنگیی هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییە كاراكانی نێو كۆمەڵگە بێت.
شەشەم/ چاكسازیی دادوەری و قایمكردنی پێگەكانی تەنیا بەوە دێتە كایەوە و وەدی دێت، كە دامەزراوەكانی دادوەریی سەربەخۆی ڕاستەقینە بن لە مامەڵەكردن لەگەڵ سەرجەم كێشە و كەیسە یاساییەكاندا، لەگەڵ پابەندبوون بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە جێبەجێكردنی هەموو بڕیارە دادوەرییەكان، هاوكات پاراستنی دادوەران لە هەر دەستدرێژییەك كە بكرێتە سەریان، بۆیە نابێت ڕۆڵی دامەزراوە دادوەرییەكان تەنیا پاراستنی تاكەكان بێت لە نێو خۆیاندا، بەڵكو تەنانەت پارێزگاری لێكردنیان لە دەستدرێژیی دەسەڵاتدارانی حوكمڕانیش بێت.
حەوتەم/ گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانیەوە مەترسیدارترین نەخۆشییە كە پێویستە لە جەستەی دامەزراوەكانی حوكمڕانیدا ڕیشەكێش بكرێت، بە تایبەتی گەندەڵیی دارایی كە هەندێ بەرپرسی دەسەڵاتدار تێوەی دەگلێن، كە بەشێوەی نەرێنی كاریگەریی هەیە بۆ هەیبەتی دامەزراوەكانی حوكمڕانی، دوا جار ئەو دامەزراوانە دەبنە دامەزراوگەلێك كە تەنیا خزمەتی بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەكەن، تەنانەت دەبنە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانگەلێكی سیاسی و دارایی و ئابووری و، سەرەنجام ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەكەوێتە مەترسییەوە و، جووڵانەوەی ناڕەزایی و یاخیبوون سەرهەڵدەدات و قەوارەی سیاسییش ڕووبەڕووی شكست دەبێتەوە.
ئەگەر باسی ئەزموونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین لە ساڵانی ڕابردوودا، لە كاتێكدا كە بۆ پرۆسەی چاكسازی لە ڕووی كارگێڕی و دارایی، بەرەوڕووبوونەوەی گەندەڵی و فراوانكردنی چوارچێوەی خزمەتگوزارییە مەدەنییەكان، پەیڕەوكردنی سیستمی لامەركەزیی ئیداری و دابینكردنی ئاسایشەوە هەوڵەكانی بەرز دەنرخێنین، بەڵام پێویستە حكومەتی داهاتوو زیاتر شان بداتە بەر ئەو ئەركە و دامەزراوەكانی ڕابهێنێت لەسەر پابەندبوون بە گرنگیدان بە كێشە و گرفتی هاووڵاتیانەوە، ئەمەش بە گرتنەبەری هەنگاوی شەفافییەت و یەكسانی و دادپەروەری لە مامەڵەكردن لەگەڵ تاكەكانی كۆمەڵگە، هەروەها ڕێكارە كارگێڕییەكان لە بەردەم هاووڵاتیاندا ئاسان بكات و، فراوانكردنی سیستمی بنیاتنانی حكومەتی ئەلەكترۆنی پەیڕەو بكات، بەتایبەتی لە بواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و كاركردن لە پاككردنەوەی ئابووری لە تاكە داهات (نەوت و داهاتی سنوور)، بەڵكو هاندان و پاڵپشتیكردنی كەرتەكانی بەرهەمی تایبەت، جێبەجێكردنی بەرنامەگەلی پەرەپێدانی بەردەوام، لەگەڵ دەستەبەركردنی ژینگەی گونجاو بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنانی نیشتمانی و بیانی لە بەرهەمهێناندا بكاتە بەرنامەی كاری خۆی، ئەمەش بە هاوكاریی پسپۆران و ڕاوێژكاران كە پاشخان و ناوبانگێكی پاكیان هەبێت، بنەماكانی سەركەوتنی پرۆسەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستاندا پێویستی بە نەهێشتنی نەخوێندەواری، كەمكردنەوەی جیاوازیی چینایەتی و خراپ دابەشكردنی سامان، دەستپێكردنی هەڵمەتێكی كارا بۆ نەهێشتنی گەندەڵیی دارایی هەیە، كە توخمێكی كوشندەی ئابووریی نیشتمانییە، پێویستە حكومەت دەرفەت بداتە گەنجانی بەتوانا، هاوكات لە دابەشكردنی پۆست و وەزارەتەكاندا پشت بە لایەنی حزبی و عەشایری و ناوچەگەری نەبەستێت، دەبێت سەركردە كارگێڕییەكان لەسەر بنەمای لێهاتوویی و كارامەیی و شارەزایی پراكتیكی و پیشەیی و دڵسۆزی هەڵبژێردرێن.
نابێت پرۆسەی چاكسازی لە كوردستان بەو شێوەیە بێت كە تەنیا هەندێ دامەزراوەی كارگێڕی و دارایی بگرێتەوە، بەڵكو دەبێت چاكسازی گشتگیر بێت لە هەموو دامەزراوەكانی حوكمڕانی و سیاسی و كارگێڕی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و ئەمنیدا. هێزی سیستمی سیاسی لە كوردستان بریتییە لە هێزی پەیكەربەندی و تواناكانیان لە بەڕێوەبردنی كاروباری هەرێم و خزمەتكردنی هاووڵاتیدا بێ جیاوازی، ئەم چاكسازییە بەو شێوەیە بێت كە ژیانێكی خۆش و بەختەوەر بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، ئەمەش بە بنیاتنانی ئابوورییەكی نیشتمانی كە ئاسایشی خۆراك و بەرهەم و دەرمان بۆ كۆمەڵگە دەستەبەر بكات.
تا گەندەڵیی دارایی و كارگێڕی بنەبڕ نەكرێت و خزمەتگوزاریی ڕۆژانە بۆ هاووڵاتیان دابین نەكرێت، پرۆسەی چاكسازی ئامانجەكانی خۆی ناپێكێت، بۆیە بەهێزیی سیستمی حومڕانی دەوەستێتە سەر پتەویی متمانەی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی.
ئاساییە كە هەوڵەكانی كابینەی داهاتووی حكومەت لە ڕووی بەردەوامبوون لە وەدیهێنانی چاكسازییەوە ڕووبەڕووی چەندین بەربەست و ئاستەگ ببێتەوە، جا چ ناوخۆیی بن یان ئیقلیمی، گرنگ ئەوەیە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە ئیرادەیەكی ڕاستەقینە و ورەیەكی بەرزەوە بەسەر ئەو بەربەست و لەمپەر و ئاستەنگانەدا زاڵ بێت، هەر لە كاراكردنی یاساكانی نەهێشتنی پەتای گەندەڵیی داراییدا و وەدیهێانی یەكسانی و دادپەروەریدا پێویستە دیدگایەكی ڕوونی هەبێت، لەگەڵ بەرنامەی پراكتیكیی پەرەپێدانی پرۆژەكانی كشتوكاڵ و ئاودێری و بنیاتنانی بەنداو و پاڵپشتیكردنی جووتیاران لە كۆمەڵگەی بەكاربەرەوە بۆ كۆمەڵگەی بەرهەمهێن، كە هاووڵاتیان تیایدا هەموو خزمەتگوزاری و پێداویستییەكی ژیانیان هەبێت و سەربەرزانە بژیێن، بۆیە بێ ئەم خاڵانە، پرۆسەی چاكسازی تەنیا وەك درووشم دەمێنێتەوە وە ئەو كاتیش دەسەڵات بە دڵ و حەز و ویستی هاووڵاتیی دڵسۆزی كوردستان نابێت، چونكە هەموو هاووڵاتییەكی دڵسۆز شانازی بە پرۆسەی چاكسازییەوە دەكات كە حكومەتی ئێستا و داهاتوو جێبەجێی دەكات.