بە کۆرتی وەڵامی سێ پرسیاری بەشێکی زۆڕتان دەدەمەوە
پارتی شەڕ بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکات؟
ئەگەر بڵێین پارتی سەرۆکی پەرلەمانی ناوێت بێگۆمان شتێکی واقیعی و دروست نییە، بەڵام لەوە دروستتر ئەوەیە کە بڵێین پارتی لەچاو پۆستەکانی دی کەمتر چاوی لەو پۆستەیە، زۆڕ بە ئاسانتر دەستبەرداری سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت و پێم وایە کەمترین تموحی بۆ ئەو پۆستە هەیە.
ئەی بۆچی پارتی کاندیدی هەیە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان؟
پارتی کاندیدی هەیە بۆ سەرۆکی پەرلەمان چونکە لە یەکەم دانیشتن دەرگای خۆپاڵاوتن دەکرێتەوە بۆ پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە لەو کاتە ناوی کاندیدان وەردەگیرێت بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخرێتەوە، واتە تەواو لەو ناوانەی لە یەکەم دانیشتن پێشنیاردەکرێن دەبێت یەکەک ببێتە سەرۆکی پەرلەمان و جارێکی دی دەرگای خۆپاڵاوتن ناکرێتەوە، ئەگەر پارتی کاندیدی نەبا کەواتە یەکێتی دەبوو بە براوە چونکە پارتی بە فەرمی لە کێبڕکێکە دەچووە دەرەوە و بە ڕێژەیەکی زۆڕ ئەو پۆستە بۆ یەکێتی یەکلایی دەبوویەوە، یەکێتی یەک بە سفر دەستی بە گفتوگۆ دەکرد لەگەڵ پارتی بۆ ڕێککەوتن و سەقفی داواکارییەکانیان بەرزتر دەبوویەوە، هەبوونی کاندید بە نسبەت پارتییەوە تەنیا حەزەرە.
پارتی چی دەوێت؟
پارتی تەنیا دەیەوێت پارێزگاری لەوە بکات کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە و ئەو لوتبەرزی و خۆبەزۆڕ زانینەی یەکێتی بشکێنێت، پارتی دەیەوێت هەمووان ناچار بکات بێ مەرج سەپێنی بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و هەموو پۆستەکان پێکەوە بە تەوافقی لایەنە بەژدارەکانی کابینەی نوێ پڕ بکرێنەوە.