ژینا خولقی بۆ گوڵان: دەف كاریگەرییەكی ڕۆحیی لەسەر من هەیە

ژینا خولقی بۆ گوڵان: دەف كاریگەرییەكی ڕۆحیی لەسەر من هەیە

ژینا خولقی یەكێكە لە دەفژەنە بەتواناكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ماوەیەكی زۆرە ڕووی لە باكووری كوردستان كردووە، جگە لەوەی بە عەشقەوە سەرقاڵی ژەنینی دەفە، لە هەمان كاتدا لە ڕووی ئەكادیمیشەوە شارەزای ژەنینی دەفە لە ڕووی زانستییەوە، گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

دیمانە/خەلیل بلەیی

*ئاشنایەتیت لەگەڵ دەف چۆن درووست بوو؟

-هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ دایكم دەچوومە ئەنجوومەنە عیرفانی و سۆفییەكان، لەوێ دەفیان لێدەدا، میلۆدییەكانیان خۆش و سەرنجڕاكێش بوون و كاریگەرییەكی ڕۆحییان لەسەرم هەبوو، ئەم كەشوهەوایە وای لێكردم زیاتر ئاشنای بم، چونكە هەستم دەكرد لەلایەنی ڕۆحییەوە لێم نزیكە.

*ئاستەنگ و سەختییەكانی بەردەمت چین وەك خانمە هونەرمەندێكی دەفژەن؟

-ئەگەر باسی سەختییەكانی ژیانی هونەرمەندان بكەین بەتایبەتی بۆ ئافرەتان، چ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان یان لە باشووری كوردستان سەختییەكان زۆرن، بەڵام جیاوازییەكی كەم هەیە، بۆ نموونە لە باشووری كوردستان ڕووبەرێكی فراوانی ئازادی هەیە، بۆ ئەوەی هونەرمەندێك كاری هونەری پێشكەش بكات دەتوانێت بە ئازادی كار بكات، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێشكەوتن لەڕووی هونەری هەیە، بەتایبەتی لەڕووی پێشكەوتنی مۆسیقای سوننەتی و دەفژەنین كە ئەو بوارەیە من كاری تێدا دەكەم.

ژینا خولقی بۆ گوڵان: دەف كاریگەرییەكی ڕۆحیی لەسەر من هەیە

*ئایا هونەر و مۆسیقای كوردی ئەو پێشكەوتنەی بەدەستهێناوە كە ئێوە ئاواتە خوازین؟

-پێشكەوتن لەو ئاستە پێویستەدا نەبوو كە ئێمە ئاواتەخوازین، بەڵام بەرنامەیەكمان هەیە بۆ ئەوەی چەند كارێكی هونەری پێشكەش بكەین ئەمەش بەشدارییەكە لە پێشكەوتن و گەشەپێدانی هونەر لە كوردستان، بە گشتی هیچ كارێكی هونەری بەبێ سەختی نابێت، بەڵكو لە زۆر ڕووەوە كێشەی هەیە.

*ماوەیەكی زۆرە لە هەولێر دەژیت، ئایا كەشێكی گونجاو هەیە بۆ ئەوەی كارەكانت ئەنجام بدەی؟

-پێشكەوتنی زۆرمان بەدەست هێناوە، بەتایبەتی لە بواری تێگەیشتن لە ئامێری دەف، ئێمە وەك دەفژەن ناچینە هەموو شوێنێك و كارەكانمان لە شوێنە گشتیەكان یان لە ئاهەنگە تایبەتەكاندا پێشكەش ناكەین، بەڵام شوێنی تایبەت هەیە بۆ پێشكەشكردنی بەرهەمی هونەری، و لەو كۆنسێرت و بۆنانەی كە تێیدا بەشدارین، چەند مەرجمان هەیە، لەوانە دەبێت لە ڕووی ئەدەبی و هونەری و كەلتوورییە گونجاو بێت، چونكە هونەری ئێمە جیاوازە.

*ئایا گەلی كورد وەك پێویست شارەزای دەفە؟

-بەدڵنیاییەوە گرنگییەكی زۆر بە دەف دەدرێت، پێشكەوتن و گەشەسەندن لەم ئامێرەدا هەیە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان زۆر كەس هەن لەو بوارەدا كار دەكەن و بە سەدان كەس سەرقاڵن، بەرهەمەكانیان بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ پێشكەش دەكەن، هەندێكیان ئاستیان زۆر پێشكەوتووە و گەیشتوونەتە ئاستی نێودەوڵەتی و بەرهەمەكانیان لە تیپە هونەرییە نێودەوڵەتییەكاندا پێشكەش دەكەن، ناوبانگیان لەسەر ئاستی جیهان دەركردووە.

ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی لە كوردستان هەبوون و بەردەوام بەربەست بوون بۆ ئەوەی هونەرمەند نەتوانێت قووڵتر بچێتەوە نێو مێژووی دەف و لێكۆڵینەوە لە مێژووی ئەم ئامێرە مۆسیقییە، لێرەدا كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسانی سۆشیال میدیا و توێژەران دەبێت ئەو بۆشاییە پڕ بكەونەوە، پێویستە ڕێنمایی بدەنە هونەرمەندان بۆ ئەوەی هەمووان زانیارییان هەبێت لەسەر مێژووی هونەری ڕەسەنی كوردی، و ئەمەش ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەییە، بەداخەوە هەلومەرجی سیاسی و ئابووری وای كردووە هونەرمەندی كورد نەتوانێت لێكۆڵینەوە بكات یان قووڵبێتەوە لە مێژووی هونەری كوردی.

*چ هەستێكت هەیە لە كاتی دەفژەنیندا؟

جوانیی ژەنینی دەف لەوەدایە كە بەكۆمەڵ ئەنجام دەدرێت، واتە كۆمەڵێك مۆسیقاژەنی پیشەگەر و خاوەن ئەزمون لەم بوارەدا هاوكارن و ئەم ئامێرە دەژەنن، هەر ئەمەشە كە جوانی و زیندوویی و ڕۆحی پێ دەبەخشێت و وای لێ دەكات لەلای خەڵك قبوڵ بكرێت، بەتایبەتی ئەگەر دەفژەنەكان بە ئەزموون و لێهاتوو بن و مێژوویەكی دوور و درێژیان لەم بوارەدا هەبێت.

وەك باسم كرد هەڵبژاردنی من بۆ دەف لە هەستێكی ڕۆحییەوە سەرچاوە دەگرێت كە خۆم تێیدا دەبینمەوە، یەكێك لە ئاسوودەییەكان لە ڕوانگەی عیرفانی و سۆفیگەرییەوە، كاتێك دەف دەژەنم لە لایەنی ڕۆحییەوە هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی دەكەم، جگە لەوەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر مۆسیقا و گۆرانییە ڕەسەنەكانی كوردی هەیە.

*لەڕووی ئەكادیمییەوە شارەزاییت دەربارەی دەف هەیە؟

-مۆسیقاژەن چۆن دەتوانێت ئامێرێك بژەنێت ئەگەر خۆشی نەوێت و سەرنجی ڕانەكێشیت، بێگومان ناتوانێت تێیدا سەركەوتوو بێت، من عاشقی دەفم، بۆیە حەز دەكەم داهێنان بكەم و جیاواز بم لەم لایەنەدا، سەرەڕای ئەوەش من لە ڕوانگەی ئەكادیمی و زانستییەوە دەفم خوێندەوە، كاتێك وانە بە قوتابییەكان دەڵێمەوە، لە ڕوانگەی ئەكادیمیەوە وانەیان پێ دەڵێمەوە، ئەمەش وا دەكات هەست بەوە بكەم كە باشترین پەیام بەو شێوە بگەینم.

Top