هەندێك ئامۆژگاری بۆ وەرزشكردن لە مانگی ڕەمەزاندا

هەندێك ئامۆژگاری بۆ وەرزشكردن لە مانگی ڕەمەزاندا

مانگی ڕەمەزان بە دەرفەتێكی گونجاو دادەنرێت بۆ دابەزاندنی كێش، بە مەرجێك مرۆڤ ڕۆژانە وەرزش بكات و ڕێجیمێكی كەمكالۆری پەیڕەو بكات، هەندێك كەس لە مانگی ڕەمەزاندا واز لە وەرزشكردن دەهێنن و لەگەڵ زیادەڕۆیی لە خواردنی شیرینی و خواردنە چەورەكان و خواردنەوە شیرینكراوەكان، تەندروستییان ڕووبەڕووی چەندین زیان دەبێتەوە، دیارترینیان زیادبوونی كێشە، بۆیە وا باشترە ئەم خاڵانە پەیڕەو بكەیت:

- لە كاتی بەڕۆژووبووندا وەرزش مەكە، چونكە چالاكیی جەستەیی دەبێتە هۆی هاندانی جەستە بۆ دەردانی ئارەقەی زیاتر، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستكردن بە تینوێتی و ماندوێتی.

- ڕۆژانە بە ماوەیەك دوای بەربانگ، بۆ ماوەی 30 خولەك وەرزش بكە.

- پێش ئەنجامدانی ڕاهێنانەكان ڕاهێنانی خۆڕاكێشان بكە، بۆ ئامادەكردنی ماسوولكە و جومگەكان.

 - لە كاتی وەرزشكردندا بڕێكی زۆر ئاو بخۆرەوە.

- ئەگەر هەستت كرد سەرگێژە، دڵتێکهەڵاتن، كێشەی هەناسەدان، یان ئازاری سنگت هەبوو، واز لە وەرزشكردن بهێنە.

- دوای وەرزشكردن بۆ پڕكردنەوەی وزە و زیندووهێشتنەوەی لەش بە شەكری تەندروست، خواردنی هەندێك میوە پێویستە.

ئامادەکردنی: شیلان عەلی

Top