بە یارییەكی زۆر جیاوازم زانی بۆ كچان

بە یارییەكی زۆر جیاوازم زانی بۆ كچان

میدیا بێخود یاریزانی كاراتێ‌ یانەی ئاڵا

بە یارییەكی زۆر جیاوازم زانی بۆ كچان
یانەی ئاڵای سەر بە ڕێكخراوی یەكێتی قوتابیانی كورستان یەكێك لەم یانانەی كە گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی دەدەن لە سەر هەردوو ئاستی كچان و كوڕان، تیپی كاراتێ‌ كچانی یانەكەكەش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خولە جۆراوجۆرەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق دەرەوەی عێراقیش، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكە میدیا بێخود-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2006 و ئێستاش بەردەوامە لە تیپی كاراتێ‌ یانەكە جگە لە یانەی ئاڵا یاری بۆ هیچ یانەیەكی دیكەی كوردستان نەكردوە، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو هاتیتە نێو جیهانی وەرزشی؟
-حەزو خولیاییەكی زۆرم هەبوو بۆ وەرزش و بە تایبەتی وەرزشی كاراتی.
*لە نێو ئەم هەموو وەرزشە چۆن بوو یاری كاراتێت هەڵبژارد؟
- بە یارییەكی زۆر جیاوازم زانی بۆ كچان، ویستم وەرزشێكی جیاواز هەڵبژێرم بۆیە یاری كاراتیم هەڵبژارد.
*هەست ناكەی یارییەكی قورس و شەڕانگێزیت هەڵبژاردوە؟
-نەخێر هەموو كات ویسوومە سەركێشەكان ئەنجام بدەم.
*ئاستی یارییەكانی كاراتێ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- بەداخەوە هیچ پەڕەیەك بە وەرزش كاراتێ نەدراوە بە تایبەتی بۆ كچان، جگە لەوەش هیچ پاڵەوانێتیەك بۆ كچان ئەنجام نادرێت.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
- گرینگیدان بە هۆڵە وەرزشییەكانی كاراتێ و بۆ بەرەوپێشچوونی یاریزان پاڵەوانێتی ئەنجام بدرێت.

*ڕاستە دەلێن یانەكانی كوردستان تیپی كاراتێ‌ كچانیان لە یانەكانیان پشتگوێ خستووە؟
- تەنها هەندێك یانە گرنگی بە تیپی كاراتێ كچان دەدرێت.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە پاڵەوانێك؟
- بوون بە پاڵەوان و گەیشتن بە ئامانج.
*سەركەوتن چ هەستێكت پێ دەبەخشێ‌؟
- كاتێك سەركەوتوو دەبم ئەنجامێكی باشم دەبێت ماندوو بوون و هیلاكیم بیر دەچێتەوە.
*كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی؟
-هیچ كەسێك بە ڕكابەری خۆم نازانم.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- تەندروستیەكی باش و مێژوویەكی جوان جێ بهێلم لە دوایی خۆم.
*بۆچی كچان بە كەمی ڕوو لەم وەرزشە دەكەن؟
- لە بەر رێگری خێزانەكانیان، یاخود دەلێن یاری كاراتێ بۆ كچان گونجاو نییە.
*داواكاری و پێش نیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-هیوادارم یاری كاراتێ زیاتر بەرەوپێش بچێت لە كوردستان، زیاتر گرنگی بە یاریزانی كچ بدەن و پاڵەوانێتی بۆ یاریزانان بكرێتەوە.
*هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش نەكردووی؟
-نەخێر جگە لە یانەی ئاڵا.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتن بۆ وەرزش كردن؟
- تاڕادەیەكی زۆر پاڵپشتمن لە هەموو كاتێ یارمەتیدەرم بوون بە تایبەتی دایكم.
*ئەگەرلە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو هەمووە پاڵپشتییەی یاریزانانی كوردستان دەكات.

 

Top