پیرۆزبێت نەورۆز و (29)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

پیرۆزبێت نەورۆز و (29)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی  یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

 

 

  - جەماوەری وڵاتپارێزو خۆڕاگری كوردستان ...

  - كەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...

 ئەمڕۆ 29 بیست و نۆ ساڵ بەسەر تەمەنی پڕ لە خەبات و بەرخۆدانی YNDK تێدەپەڕێت، لەم رۆژەدا YNDK وەكو رێکخستنێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و جەماوەری لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان لەدایكبوو و، بووە هیوابەخش بۆ هاوبیرانی نەتەوەیی و وڵاتپارێزان و تێکۆشەران، YNDK لەماوەیەكی كورتی تەمەنیدا توانی بوون و کاریگەرى خۆى بسەلمێنێت و، بەهۆی كاری بەردەوامی لەسەر خزمەتكردن و كاركردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان كاریگەری لە سەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و سیاسییەكان دروست بكات، YNDK توانیویەتی لەئاست بەرپرسیاریەتیدا بێت و بە شرۆڤە و خوێندنەوە و پێشبینییەكانی پیلانە نەگریسەكانی داگیركەران و دوژمنانی كورد و كوردستان ئاشكراو ریسوا بكات ‌و رووبەڕوویان ببێتەوە‌، YNDK هەر لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە پەروەردەى نەتەوەیی و ئاشناكردنی تاكى کورد بەناسنامەكەی و پەیوەستبوونی بە خاك و وڵات و کلتورى کوردى بە بنەما گرتووە، ئەوەش بۆئەوەی کەسایەتى تاکى کورد لەسەر بنەماى باوەڕبەخۆبوون بنیاتبنێتەوەو شێلگێڕانە رووبەڕووی دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان ببێتەوە، هزری نەتەوەیی و وڵاتپارێزی YNDK وایكردووە زۆر بەخێرایی بەدیاربكەوێ ‌و ببێتە خودان پێگەی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی مەزندا.

 ئێمە لەكاتێكدا كەوا یادی (29)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK دەكەینەوە بەهۆی ئاڵۆزى ناوچەکە و ئەو هەڕەشانەی لەسەر كوردستان هەن، وایانكردووە كوردستان بكەوێتە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیار، ئەوەتا لەلایەك حكومەتی عێراق لە رێگەى دادگاى فیدرالى عێراق هەوڵى سنوورداکردن و بەرتەسکردنەوەى دەسەڵاتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەدات، بڕیارەکانى دادگاى فیدارالى عێراق کە لەم دواییەدا لە دژى هەرێمى کوردستان وەرگیران بڕیارى نادەستوورى و یاسایین و دەچنە خانەى بڕیارى سیاسییەوە، بە تایبەت بڕیارى ئەم دواییەیان سەبارەت بە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لە تایبەتمەندى خۆیان لایانداوەو یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیان گۆڕیوە، ئەوەش دەچێتە خانەى هەموارکردن و کارى دەسەڵاتى یاسادانانە نەک دادگاى فیدرالى عێراق، ئەو بڕیارەى دادگاى فیدرالى کاریگەرى نێگەتیفى دەبێت بۆ سەر ئەنجامدانى پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان و، سەرەتا و هەوڵێکە بۆ رەتکردنەوەى یاساکانى کوردستان، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە دەسەڵاتدارانى بەغدا تا ئێستاش دەستبەردارى عەقڵییەتى خۆسەپاندن و پەراوێزخستنى کورد نەبوون، لەهەمان کاتدا حکومەتى عێراق لەژێر کاریگەرى بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان بەردەوامە لە سەر بڕینى شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان و جێبەجێکردنى سیاسەتى برسیکردنى خەڵکى کوردستان.

 لەلایەكی دیكەوە داگیركەرانى کوردستان لەهەموو لایەكەوە بۆ دژایەتیکردنمان لە پیلانداناندان، رژێمی داگیركەری توركیا سەرەڕاى تۆپبارانکردن و هێرشەکانى بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانى باشوورى کوردستان، لەهەمان کاتدا بەردەوامە لە هەڕەشەو پیلانگێڕان لە دژى رۆژئاوای كوردستان و ژێرخان و خاكەكەی وێران و سوتماك كردووەو خەڵكەكەشی جینۆساید و ئاوارە كردووە، ئێستاش هەوڵدەدات دیمۆگرافیاى رۆژئاواى کوردستان بگۆڕێت، لە باکوورى کوردستان ؛ ئەوا دەبینین رژێمى تورکیا چۆن کەوتۆتە دژایەتیکردنى نەتەوەکەمان و هیچ شتێکى پێ رەوا نابینێت و ئازادیخوازان زیندانى دەکات و دژى بوونى کوردە بە هەموو شێوەیەک، لە رۆژهەڵاتى کوردستان ؛ رژێمى داگیرکەرى ئێران بەردەوامە لەسەر گرتن و لە سێدارەدانى گەنج و ئازادیخوازانى کورد، رژێمى سوریاش سەرەڕاى رەوشى نالەبارى خۆى ئامادە نییە چارەسەرى پرسى کورد لە رۆژئاواى کوردستاندا بکات، بەڵێ ئەوە رەوشى ئێمەى کوردستانییانە، لێرەوە جارێكی دیكە ئەو هەڕەشە و پیلانانەى داگیرکەران ئیدانەو شەرمەزار دەكەین و وەک هەمیشە رەتیاندەکەینەوەو دژیان دەوەستینەوە، ئەم واقیعە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین و کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەین، بێگومان سەرەڕای پیلان و ئاستەنگەكان خەباتى گەلى کوردستان بەردەوامە و پێشڤەدەچێت، پێشڤەچوونی خەبات و تێكۆشانی نەتەوەكەمان لە باكوورو باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان مایەی خۆشحاڵین و وەك هەمیشە پشتیوانی و هاوكاری تەواوی خۆمانیان پێڕادەگەیەنین, لەم رەوشەدا بۆ یەكدەنگی و یەكڕیزی گەلی كوردستان؛ لەسەر ئاستی نەتەوەیی جارێکى دیکە جەختدەكەینەوە سەر بەستنی (كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان) بە بەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و، داڕشتنی بەرنامەی كارو خەبات بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان بەرەچاوكردنی بارودۆخیان بەكارێكی نەتەوەیی و نیشتمانی گرنگ دەزانین، لەم پێناوەدا ئێمە وەكو YNDK وەك هەمیشە ئەوەی لە تواناماندابێت دەیكەین، لەهەمان کاتدا بانگ لە هەموو لایەك دەكەین كەوا بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان كاربكەین و زۆر بەوردی و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم رەوشەدا بكەین و، بە هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ پاراستن و بەهێزکردنى قەوارەى هەرێمى کوردستان، بێگومان ئەمەیش تەنیا بە یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان دەبێت.

  - جەماوەرى دڵسۆزو وڵاتپارێزى کوردستان ...

 سەبارەت بە رەوشى ئێستاى باشوورى کوردستان؛ ئێمە واى دەبینینەوە کەوا ناوەندى سیاسى لێکترازاو و پەرش و بڵاوەو پێویستى بە رێکخستنەوەو یەکخستەوەیە، لەسەر ئاستى جەماوەریش گلەیى و گازاندەى زۆر هەن لەو ناعەدالەتییەى کەوا لە باشوورى کوردستاندا هەیە، ناعەدالەتى سیاسى و جەماوەرى و ئابوورى، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵات و جەماوەری كوردستان زیاتر لەیەكدی نزیكببنەوەو هاوكاری یەكتربن بۆ ئەوەى دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان لە خەمى خەڵکدا بن و کار بکەن بۆ باشترکردنى ژیان و گوزەرانى خەڵک، بۆ ئەم مەبەستە جارێكی دیكە داوای پێكهێنانی (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) وەک چەترێکى هاوبەش دەكەین، كە چەترێك بێت هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانى باشوورى کوردستان بگرێتەخۆ، ئەمەش باشترین هەنگاوە بۆ رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسیی كوردستان و پاراستن و پێشڤەبردنى دەزگا و دامەزراوەکانى کوردستان.

 لە کۆتاییدا؛ لەم یادە بەرزو شكۆدارەدا جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی و (29)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK لە هەموو هەڤاڵان و تەواوی گەلی كوردستان پیرۆز دەكەین و، وێڕاى سڵاوو رێزمان ؛ هاوسۆزی خۆمان بۆ بنەماڵە و كەس و كاری سەربەرزی تەواوی شەهیدانی كوردستان دەردەبڕین و، بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و بەرخودانی نەتەوەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان بەرز رادەگرین و پشتیوانى خۆمانیان بۆ رادەگەیەنین و، پەیمان دەدەین وەك هەمیشە لەسەر رێبازی شەهیدان، رێبازی پیرۆزی كوردایەتی درێژە بە خەبات و تێكۆشانی خۆمان بدەین لەپێناو هێنانەدی كوردستانێكی سەربەخۆ و ئازاد و یەكگرتوو دیموكرات.

 - نەمری ‌و سەربەرزی بۆ شەهید (سەربەست مەحموود) ‌و تەواوی شەهیدانی رێی سەرخۆبوون ‌و ئازادی كوردستان.

 - مردن‌ و رووڕەشی بۆ داگیركەران و دوژمنانی كوردستان.

 - بێتەدى کوردستانێکى سەربەخۆو ئازادو یەکگرتوو و دیموکرات.

 

 

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

1 ى نەورۆزی 2724 ی كوردی

21 / 3 / 2024 ی زایینی

هەولێر - باشوورى کوردستان

Top