ئایا زیاد خواردنی شیرینی هۆكارە بۆ نەخۆشیی شەكرە؟

ئایا زیاد خواردنی  شیرینی هۆكارە بۆ نەخۆشیی شەكرە؟

 بە گشتی خواردنی شیرینی جار بە جار هەتا بە بڕی زۆریش بێت، هەرگیز ڕاستەوخۆ نابێتە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە لەو كەسانەی كە كێشی لەشیان زیاد نییە و تەندروستن، بەڵام زیاد خواردنی شیرینی بە شێوەیەكی بەردەوام زیانی تەندروستیی زۆری دەبێت، بەتایبەتی زیادبوونی كێشی لەش و تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی دیكە. ئەمەش سەلمێندراوە كە شەكر و خۆراكی شیرین هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، بەردەوامبوونی ئەم حاڵەتە هۆكارە بۆ تووشبوون بە حاڵەتی پێش شەكرە Prediabetes یان تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، بۆنموونە لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ڕۆژانە خواردنەوەی چەند شلەمەنییەكی شیرینكراو ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم تا ڕێژەی 25% بەرز دەكاتەوە، هەروەها ڕۆژانە خواردنەوەی تەنیا یەك شلەمەنیی شیرینكراو ئەگەری تووشبوون تا ڕێژەی 13% بەرز دەكاتەوە. زیاد خواردنی شەكر یان شیرینی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكات. كاریگەریی ڕاستەوخۆ بریتییە لە زیادبوونی ڕێژەی چەوریی جگەر، بەرزبوونەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، لەگەڵ پەیدابوونی بەرگریی خۆجێیی دژ بە هۆرمۆنی ئینسولین، ئەمەش هاندەر دەبێت بۆ زیاد دەردانی ئینسولین لە گڵاندی پەنكریاس و زیادبوونی ئەگەری نەخۆشیی شەكرەدا. كاریگەریی ناڕاستەوخۆ بریتییە لە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش و ڕێژەی چەوریی لەشدا كە هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەوم.

 

Top