بڕیارێک بۆ مێژوو

بڕیارێک بۆ مێژوو

بڕیاری بایکۆتکردنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بڕیارێکی جەریئانە و نیشتمانیانە بوو، دەمێکە دادگەی فیدرالی بووەتە دادگەیەکی دەستەمۆ و تەسلیم بوو بە نەیارانی یاسا و دادپەروەری لە عێراقدا، هەر لە چوارچێوەی حەقد و ڕک ئەستووری بەرانبەر پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و لێدان لە ئەزموونی سیاسی و حکومڕانییەکەی چەندین بڕیاری سەپێنراو و ناڕەوا و دوور لە پرەنسیپ و یاساکان تەنانەت دەستووریشی پێشێل کرد.

بە گەڕانەوە بۆ بڕیارە سیاسییەکانی دادگەی فیدرالی لەبەرگی یاسادا، ئیدی پارتی تەواو لەو ڕاستییە گەیشتووە کە شتێک نەماوە بەناوی شەراکەت و تەوافق و ڕێککەوتنی درێژخایەن، چیدیکە بەڵێنە کاتییەکان نابنە هۆی ڕاگرتنی پارتی، لەگەڵ ئەوەشدا بە مێژووی هەڵبژاردنەکان لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسیۆنەکەیاندا، زۆر ناڕوون و ناشەفاف و پڕ کەموکوڕی بووە، پارتی حیزبێکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕە بە شۆڕش و جووڵانەوەی سەربازی و سیاسی خەباتی خۆی بڕیوە، بە دڵنیاییەوە ناچێتە ژێر موئامەرەی ناوچەیی و لاوازکردنی پێگەی مێژوویی گەلی کوردستان بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان.

ئێستا، بەرپرسیارێتی پارت و لایەنە سیاسییەکانە، خەڵکی کوردستان دەبێت لە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پارتی باشتر بڕوانن، چونکە پارتی خاوەندارێتی پرسی کورد دەکات، بێگومان هیچ جۆرە فشارێکی ناوخۆیی و ناوچەیی، نابنە تەگەرەی مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان چونکە خاوەنی ڕێباز و ستراتیژ و ئامانجی نیشتمانی و نەتەوەییە و مساوەمە لە تاکە مافێک لە مافی هاووڵاتیان ناکات.

Top