بۆتان تەحسین بەڕێوەبەری كوردستان كرۆنیكڵ بۆ گوڵان:   ئامانج لە كوردستان كرۆنیكڵ ئاگاداركردنەوەی وڵاتانە لە ڕەوش و ناساندنی دۆزی ڕەوای كوردستان بە جیهان و دەرخستنی نموونە جوانەكانی كوردەوارییە بۆ جیهان

بۆتان تەحسین  بەڕێوەبەری كوردستان كرۆنیكڵ بۆ گوڵان:     ئامانج لە كوردستان كرۆنیكڵ ئاگاداركردنەوەی وڵاتانە لە ڕەوش و ناساندنی دۆزی ڕەوای كوردستان بە جیهان و دەرخستنی نموونە جوانەكانی كوردەوارییە بۆ جیهان

 

 

كوردستان كرۆنیكڵ، پڕۆژەیەكی میدیایی و نیشتمانیی كوردستانییە، كار دەكات بۆ ناساندنی زیاتری كەلتوور و هونەر و ڕووداوەكانی كوردستان بە خوێنەرانی بیانی لە كوردستان و جیهان. ئامانجی كوردستان كرۆنیكڵ نزیكبوونەوەیە لە كەلتورە جیهانییەكان و نزیكخستنەوەی كەلتووریی نێوان نەتەوە و وڵاتە جیاوازەكان، بە ئامانجی دۆستایەتی و پشتیوانیی هاوبەش و پەرەپێدانی كەلتووری بەیەكەوە ژیان و لە یەكتر تێگەیشتن و یەكتر قبووڵكردن. بۆ زیاتر ئاشنابوون بەم پڕۆژە میدیایییە گۆڤاری گوڵان چەند پرسیاری ئاراستەی بۆتان تەحسین بەڕێوەبەری كوردستان كرۆنیكڵ كرد.

 

 

سەرەتا بۆتان تەحسین بەڕێوەبەری كوردستان كرۆنیكڵ، سەبارەت بە پڕۆژەكەیان وتی: «كوردستان كرۆنیكڵ، یەكەمین ژمارەی لە شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ بڵاو كردەوە، وەك هەنگاوی یەكەم بۆ زیاتر گەورەبوون و بە جیهانی بوونی گوتارەكەی. مانگانە بە كۆمەڵێك بابەت و فیچەر و بەدواداچوونی جیاواز، كە ڕەهەندێكی جیهانییان هەبێت و ناسنامەكەشیان كوردستانی بێت. ئێستا ژمارە ١٤ی گۆڤارەكە لە چاپخانەیە، كە مانگانە لە ئیستەنبوڵ چاپ دەكرێت. لە ژمارەی مانگی شوباتی ٢٠٢٤ یەكەمین چاپی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای گۆڤارەكەش چاپ بوو. ئێستا گۆڤاری كوردستان كرۆنیكڵ لە ئیستەنبوڵ بۆ ناوخۆی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتانی ئەوروپا چاپ دەبێت. لەوێوە ڕەوەندی وڵاتان لە كوردستان و ناوەند و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە و تیك تانك و بەرپرسیارانی حكوومی و پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتانە، كۆپییەكی گۆڤارەكەیان بۆ دەنێردرێت.

لە ویلایەتی نیوهامشەهری ئەمریكاش، چاپی ئەمریكای گۆڤارەكە بڵاو دەبێتەوە، كە وێنەیەكی گۆڤارەكە بۆ سەرجەم، كۆنگرێسمان و سیناتۆرەكان و بەرپرسانی پەیوەندیداری حكومەتی ئەمریكا و كەنەدا و نوێنەرایەتیی وڵاتانی جیهان لە بارەگای سەرەكیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، كۆپییەكی گۆڤارەكەیان پێدەگات».

وەك بەڕێوەبەری كوردستان كرۆنیكڵ ئاماژەی پێدا «ئامانج لەو هەنگاوە لە نزیكەوە ئاگاداركردنەوەی وڵاتانە لە ڕەوش و پێشكەوتنەكانی كوردستان، ناساندنی دۆزی ڕەوای كوردستانە بە جیهان، دەرخستنی نموونە جوانەكانی كوردەوارییە بۆ جیهان، ئەو نموونانەی كە هەرگیز بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی و ڕووماڵی میدیا جیهانییەكان تەنیا بۆ شەڕ و چیرۆكەكانی نەخراونەتەڕوو، لە كوردستان كرۆنیكڵ كەڤەر دەكرێن».

سەبارەت بە سۆشیال میدیای پڕۆژەكەش وتی: «زۆرن ئەوانەی دەپرسن كوردستان كرۆنیكڵ لە سەردەمی بەهێزبوونی دیجیتاڵ میدیا و پلاتفۆڕمەكانی ناو جیهانی ئینتەرنێت، چۆنە بە بەكارهێنانی ڕێگایەكی ئاسایی دەیەوێت ڕووبەڕووی ئەو ئالنگارییانە ببێتەوە؟ ئێمە دەڵێین: ئەو جەماوەر و وەرگرانەی ئێمە بە ئامانجیان دەگرین، بژاردەی وڵاتانن، هەمیشەش بژاردە گۆڤار و ڕۆژنامە بە سەرچاوەی زانیاری بەكاردەهێنن، سەرەڕای ئەوەی كوردستان كرۆنیكڵیش هەموو پلاتفۆرمەكان بۆ گەیاندنی پەیامەكەی بەكاردەهێنێت، لە سۆشیال میدیاكانیش كەناڵی تایبەتیی خۆی هەیە، جگە لە بڵاوكردنەوەی بابەتەكانی گۆڤارەكە، هەواڵی ڕۆژانەی جیاواز بۆ خوێنەرانی ئینگلیزی زان ئامادە دەكات، بەپێی خواست و ویستی ئەوان هەواڵەكان ئامادە دەكات، بە ستایل و ستاندەردی جیهانی دایدەڕێژێت و پێشكەشی وەرگرانی دەكات».

یەكێكی دیكە لە بەشەكانی كوردستان كرۆنیكڵ، بەرهەمهێنانی فیچەری ڤیدیۆییە بە ستاندەردی جیهانی، هەر لەو بارەیەوە بۆتان تەحسین وتی: «هەمووان دەزانن ئێستا بەكارهێنانی وێنە و ڤیدیۆ، كاریگەرترین ڕێگایە بۆ گەیاندنی پەیام بە نەوەی نوێ، لەو سۆنگەیەوە كوردستان كرۆنیكڵ ڕۆژانە لە پلاتفۆرمە جیاوازەكان فیچەری ڤیدیۆی كەمتر لە دوو خولەكی بەرهەم دەهێنێت، كە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و ناوچە گەشتیارییەكان و دیمەنە سرووشتییەكان دەردەخەن، سەرەڕای ڕووماڵكردنی چالاكیی كۆمەڵگەی بیانی لە كوردستان و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە كوردستان و ڕووداوەكانی ڕۆژ، كە ڕەهەندی جیهانییان هەیە». وتیشی: «ئۆفیسی ئیستەنبوڵی كوردستان كرۆنیكڵ، لە گەرمترین و قەرەباڵغترین ناوچەی ئیتستەنبوڵە، لەوێ سەرەڕای سەرپەرشتیكردنی چاپ و بڵاوكردنەوەی گۆڤار لە سەرتاسەری جیهان، بووەتە ناوەندێك بۆ كۆكردنەوەی ڕۆشنبیر و كەسایەتییە كورد و توركەكان، بە ئامانجی نزیككردنەوەی زیاتر و لێكتێگەیشتننی زیاتر. ئامانجی كردنەوەی ئۆفیسەكە هەنگاوی كردەیی زیاترە و ڕۆژ بە ڕۆژیش كار دەكرێت بۆ فراوانكردنی كارەكانی و زیاتر بە ناوەندبوونی كوردستان كرۆنیكڵ. بۆ ئەوەش هاوبەشەكانی كوردستان كرۆنیكڵ، لە وەقفی ئیسماعیل بێشكچی و وەشانگەری ئاڤێستا هاوئاهەنگ و هاوكارین، نۆبەرەی كارە كەلتوورییەكانی ئیستەنبوڵیش بە كردنەوەی پیشانگایەكی شێوەكاری بۆ ڕۆستەم ئاغالە و كۆڕی شیعری بۆ هەر سێ شاعیر (موئەیەد تەیب، كەژاڵ ئەحمەد و تەڵعەت تاهیر) بوو، كە بووە جێگەی دڵخۆشیی كوردان و دۆستانی ئەدەب و كەلتووری شارەكە».

سەبارەت بە ئەركێكی دیكەی كوردستان كرۆنیكڵ كە كاركردنە لە ئەرشیفخانەكانی جیهان و گەڕان بە دوای ئەو دۆكیۆمێنتانەی باس لە كوردستان و مافەكانی دەكەن، بەڕێوەبەری پڕۆژەكە وتی: «گەڕان بە دوای ئەو دۆكیۆمێنتارانەی كە باسی كوردستان دەكەن، بە ئەركێكی دیكەی كوردستان كرۆنیكڵ ئەژمار دەكرێت، لەو بوارەش چەندین هەنگاوی گرنگ هاوێژراون، بە ئامانجی كۆكردنەوەی بەڵگەنامە جیهانییەكان لە مێژوودا. سەرەتای كاركردنیش لە ئەرشیفخانەی دەوڵەتی عوسمانی بووە، كە زیاتر لە پێنج سەدە فەرمانڕەوای تەواوی ڕۆژهەڵات بووە، بەشێكی گرنگی كوردستانیش لەژێر قەڵەمڕەوی ئەو ئیمپراتۆریەتەدا بووە. تیمێكی شارەزا و زمانزان، كە هەم شارەزاییان هەیە لە زمانی كوردی و توركیی عوسمانی و عارەبی، هەروەها شارەزا لە بوارەكانی كەلتوور و مێژوو و جوگرافیای كوردستان، بەڵگەنامەكان ساخ دەكەنەوە، هەموو بەڵگەنامە بەردەستەكانی پەیوەندیدار بە كوردستان پۆلینبەندی كراون، نۆبەرەی كاركردن لە ئەرشیفخانەی عوسمانی لە ئایندەیەكی نزیك ڕۆشنایی دەبینێت و هەولێر و مێژووەكەی دەبێتە چەقی ئەو بەرهەمە. جیا لەوەش كوردستان كرۆنیكڵ كاردەكات و هەنگاو دەهاوێژێت بۆ ئەوەی تیمە شارەزاكانی دەستیان بگاتە هەموو ئەرشیفخانەكانی جیهان و جارێكی دیكە بە ڕۆحێكی كوردستانییانە، مێژوو و پێگەی وڵات دابڕێژرێتەوە و هەمووان ئاگاداری و زانیارییان لەو بوارانە دەست بكەوێت، بۆ ئەوەی هەنگاوی مەزنتر لە ئایندەدا بهاوێژرێن». وتیشی: «كوردستان كرۆنیكڵ، هەڵگری پەیامێكی كوردستانییانەیە، دەیەوێت بە سوودوەرگرتن لە هەموو ئامرازەكانی گەیاندن، كوردستان و كەلتوورەكەی بە جیهان بناسێنێت، چەقی كاركردن و گرنگیپێدان و ڕووماڵكردنی هەر ڕووداوێك، ڕەهەندێكی كوردستانییانەیە، هەر ڕووداو و بۆنەیەكی كوردستان، جێگەی كاركردنی دەبێت. بە بەكارهێنانی ستاندەردە جیهانییەكان، ڕوو لە وەرگرانی جیهان دەكات، بە ڕێگا پڕۆفێشناڵەكانی كاركردنی میدیای كەلتووری وڵات دەناسێنێت».

Top