پێویستە گرنگی زیاتری پێ بدرێت
شیلان عەبدوللا یاریزانی تۆپی پێی گازی باكور
پێویستە گرنگی زیاتری پێ بدرێت
تیپی تیپی پێی گازی باكوری شاری كەركووك یەكێك لە تیپە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، یانەكە یەكێكە لەم یانانەی كە گرنگیی زۆر بە یارییە وەرزشیەكانی ئافرەتان دەدەن، هەموو كات كچە یاریزانانی ئەو یانەیە بەردەوام ڕكابەری سەرسەختی یانەكانی تری كوردستانن، لە زۆربەی چاڵاكییە وەرزشییەكان ساڵانە تیپە جیاوازییەكان بەشدارن لە خولەكانی عێراق و كوردستان، یانەی گازی باكور یەكێكە لەو یانانەی كە گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی دەدەن لە سەر ئاستی كچان بەتایبەتی یاری فوتساڵ، تیپەكەش خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە كە ساڵانە لە هەریەك لە خولەكانی كوردستان و عێراق بەشدارن ، كچانی هەولێر بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئاستی كوردستان شیلان عەبدوللا-یە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2000ی پارێزگای هەولێرە و قوتابی قۆناغی پێنجەمی پەیمانگای پەروەردەی وەرزشیە ، پێشووتر بۆ هەریەك لە یانەكانی چۆمان ونەفتی باكور و بیلادی و زەورا و هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراقی یاری كردوە، ئەمساڵیش لە یاری فوتساڵ یاری بۆ یانەی ڕواندز و لە خولی عێراقیش بۆ گازی باكور یاری دەكات ، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
* چۆن بوو بڕیارت دا یاری تۆپی پێی هەڵبژێریت؟
-هەر لە منداڵیەوە حەزم لە وەرزش بوو بە تایبەتی یاری تۆپی پێی.
*هەست ناكەی وەرزشێكی ئەستەمت هەڵبژاردییە كە زیاتر ڕكابەرییە؟
-بۆمن قورس نییە، چونكە هەڵبژاردەی خۆمە و ئەگەر هەڵبژاردەی خۆت بێت نابێتە قورس بۆت، بەڵام رێگای سەخت دەگریە بەر تاكە بگەیتە ئامانجەكەت.
* بۆچی یاری تۆپی پێی لە ئاستی پێویستدا نییە؟
-لە بەر ئەوەی گرنگی پێ نادرێ بە تایبەتی بۆ ئافرەتان.
* هەست ناكەی ئەم یارییە پێشوازی باشی لێ نەكراوە لە شارەكانی كوردستان؟
-بەڵێ ڕاستە زۆر زۆریش بۆ ئافرەتان پێشوازی لێ نەكراوە، لە كاتێكدا ئافرەتیش مافی هەموو شتێكی هەیە وەكو پیاوان.
* ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- سوپاس بۆ خوای گەورە ئەمساڵ باشترە لە چاو ساڵانی ڕابردوو، پێویستە گرنگی زیاتری پێ بدرێت لە گشت ڕوویەكەوە.
* چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم وەرزشە؟
- لە هەموو لایەكەوە گرنگی بدەن بە ئافرەتان، چونكە ئافرەتەكانیش پێویستیان بە گرنگی پێدانە بە شێوەیەكی گشتی و مافەكانیان بۆ دەستەبەر بكرێت.
* بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە وەرزشوانێك؟
-حەز دەكەم یەكێك بم لە یاریزانەكان لە دەرەوەی ووڵات یاری بكەم زۆریش هەوڵ دەدەم بۆ ئەوەی بەو ئامانجەم بگەم.
* لە دوو خول یاری دەكەی خولی كوردستان و عێراق كامەی بەهێزترە؟
- خولی عێراقی بەهێزترە.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
-نەبوونی شتە پێویستەكان كە لە كاتی خۆیدا گرنگی پێ نادرێ، ئەوەش هەمووی گرفتە بۆ ئەم وەرزشە.
*خەونی وەرزشیت چیە بۆ داهاتووت؟
-هیوادارم ئەو كچانەی خەونی وەرزشكردنیان هەیە بە خێزانەكانیان هاوكاریان بن، خێزان هۆكارێكی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەت.
*هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە لەلایەن یانەكانی تر؟
-بەلێ بۆم هاتووە.
*یاری كردن لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقی چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
-هەستێكی زۆر خۆشە و دڵخۆش بوویمە، چونكە هەموو یاریزانێك ناتوانێ پێ بگات سوپاس بۆ خوا بۆمن هەستێكی تایبەت بووە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤارەكەتان كەوا پشتگیری یایزانەكانی كوردستان دەكات، هیوادارم لایەنی بەرپرس گرنگی بە وەرزشی ئافرەتان بدەن.