دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: هەوڵەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم بە ئاراستەی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداریكردنی هاووڵاتییانە لە كەشوهەوایەكی ئارامدا
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان دەكات پارێزگاری لە پێگە و قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان لە پێشینەیان بێت و لە هەموو بابەتێك گەورەتر سەیری بكەن
ئەگەر هەرێم و پێگەی دەستووری و دامەزراوەكانی پارێزراو بێت، بواری سەركەوتن و بەرەوپێشچوونی هەمووان هەیە، بەپێچەوانەشەوە هەر زیانێك بەر هەرێم بكەوێت، هیچ كەس و لایەن و حزبێك سوودی لێ نابینێت
جۆرێك پاشگەزبوونەوەی دامەزراوەكانی عێراق هەیە لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات و فیدڕاڵییەت و دیموكراتییەت و هاوبەشی و پێكەوەژیان، بە پێچەوانەی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە و بایەخێكی زۆر بەو چەمكانە دەدرێت. ڕۆژی 3ی ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومی فەرمانی هەرێمی بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان واژوو كرد كە ڕۆژی (10/6/2024)ـە، لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار بە پێگەی هەرێمی كوردستان و ئەو هێرش و بڕیارە نادەستووری و نایاساییانەی دەرهەق بە هەرێمەكە و فیدڕاڵییەت لە عێراقدا دەكرێت، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سازدا، لێرەدا دەقی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
* دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەكو ئەركێكی یاسایی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دیاری كرد، پرسیار لێرەدا ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق و حكومەتی هەرێم و دامودەزگاكانی پەیوەنددیدار هەماهەنگییان هەیە بۆ ئاسانكردنی ڕێكارەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن؟ ئایا ئەو ماوەیەی دیاری كراوە بۆ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق گونجاوە؟
- بەداخەوە ئەو بارودۆخەی كە وایكرد، سكاڵا و ناكۆكیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بگاتە دادگای فیدڕاڵیی عێراق و دەرئەنجام كۆمەڵێك بڕیاری نادەستووری و نایاسایی لێ دەربچێت، ئێمە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە نیگەرانییەوە سەیری ئەم بڕیارانە و هەنگاوانەی دادگای فیدڕاڵی دەكەین و، پێمان وایە دادگاكە لە سنووری دەستووری و ئەرك و تایبەتمەندییەكانی خۆی دەرچووە، لەگەڵ ئەمەشدا هەروەكو چۆن ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی نزیكبوونەوە و چارەسەری كێشەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانە بۆ ئەوەی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنەكان دیاری بكرێت، بۆیە بەپێی یاسا لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە فەرمانی هەرێمیی بۆ ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەربكات، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان ڕۆژی 10/6/2024 دیاری كرا بۆ هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی ئەم بەروارەش هەمووان لەسەری كۆكن و بۆ ئەوەشە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان فریای كارەكانی بكەوێت و ڕەچاوی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و تاقیكردنەوە وەزارییەكان و جەژنی قوربان و چەندین بابەتی دیكەی تەكنیكی و لۆجستی كراوە.
ئاشكرایە كە هەڵبژاردن پرۆسەیەكە تەنیا بە بڕیاری ئیداریی بەڕێوە ناچێت، نە لەلای كۆمیسیۆن نە لەلای دامەزراوە فەرمییەكانیشەوە، ئەم پرۆسەیە دوو كاراكتەری سەرەكیی تێدایە، كە ئەویش خەڵكە بە دەنگدەر بە هەموو توێژەكانەوە لەگەڵ بابەتی لایەنە سیاسییەكان، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پەیوەندیی باش و بەردەوامی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەیە، تاوەكو هەرچی لەتوانادا بێت، ڕێكارەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن ئاسان و سووكتر بكرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە ئاسانی و لە كەشوهەوایەكی سەقامگیر و ئارامدا بتوانن بەشداریی پرۆسەكە بكەن و دەنگ بدەن. هاوكات هەرچی ئەو گرفتانەی كە لەڕووی تەكنیكییەوە هەیە، چارەسەری خێرای بۆ بدۆزرێتەوە. لە ڕووی لۆجستیشەوە لە هەرێمی كوردستان لێژنەیەك دامەزراوە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی پەیوەست بە پرسی هەڵبژاردنەوە، تاوەكو هەموو ئەو پێداویستی و داواكارییانەی كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێویستیەتی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، ئاسانكاری بۆ كارەكانیان بكات و هاوكار و هەماهەنگ بین لەگەڵیاندا. سەبارەت بە لایەنە سیاسییەكانیش، داواكاریی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەسەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان ئەوەیە پارێزگاری لە پێگە و قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان لە پێشینەیان بێت و لە هەموو بابەتێك گەورەتر سەیری بكەن. هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، لە ئەنجامی هەڵبژاردن و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە یاساییەی كە لەدوای نەمانی پەرلەمان دروست بووە. بۆیە پێویستی متمانەدانەوە بە دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان كاری لە پێشینەی هەمووان بێت. ئەگەر هەرێم و پێگەی دەستووری و دامەزراوەكانی پارێزراو بێت، بواری سەركەوتن و بەرەوپێشچوونی هەمووان هەیە، بەپێچەوانەشەوە هەر زیانێك بەر هەرێم بكەوێت، هیچ كەس و لایەن و حزبێك سوودی لێ نابینێت.
سەبارەت بە تەوەری دووەمی پرسیارەكەشتان، ڕاستە ئەو ماوەیەی دیاری كراوە تا ڕاددەیەك فشاری لەسەرە، بەڵام خۆئامادەكردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئامادەكارییەكان لەلایەن هەمووانەوە بە حزبەكانیشەوە تا ڕاددەیەك ئامادەسازییان بۆ كراوەو، دەمێكە بڕیاریان لەسەر داوە و وا بۆ ساڵ و نیوێك دەچێت. بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە ئێمە جگە لەو بەروارە هیچ هەڵبژاردەیەكی دیكەمان لەبەردەستدا نییە، چونكە ئەمساڵ تەمەنی یاسایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەواو دەبێت، واتە لەو بەروارە دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و فریای پەسەندكردنی دەرئەنجامەكانیشی بكەوین. ئێمە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە لەسازكردنی ئەم پەیوەندییەداین لەنێوان كۆمیسیۆن و لایەنە سیاسییەكان تاوەكو هاوكاری و هەماهەنگی هەبێت و ئەو ڕۆڵە لە سەرۆكایەتی بگێڕین كە ئەو ئاسانكارییە بۆ ئەو بەیەكگەیشتنە بكات و تێبینی و بۆچوونەكانی لایەنەكانیش بخاتە بەردەم كۆمیسیۆن بۆ چارەسەركردنیان.
* سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و لایەنە نێودەوڵەتییەكان تاچەند پەیوەندی هەیە بۆ هاوكاریكردن و پشتیوانیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان؟ ئایا قۆناغەكانی سەرەتایی پرۆسەی هەڵبژاردن بە كرداریی دەستی پێكردووە؟
- بەڵێ، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێم پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و (یونامی) هەیە، هەر خۆی پێشتر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە فەرمی بە یاداشتنامەیەك داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردبوو پشتیوانیی هەڵبژاردنەكان و چاودێری و هاوكاریی ئاسانكارییەكانی بكەن، ئەم یاداشتنامەیە بە فەرمیش گەیشتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە دیدارێكیشدا شاندی نەتەوە یەكگرتووەكان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە. ماوەی كاری یونامی لە عێراق درێژ كراوەتەوە، لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش هاتووە، یەكێك لە ئەركەكانی پاڵپشتیكردن و سەرخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە و هەمووان یارمەتی و پشتیوانییەكانیان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن و هەر هەماهەنگییەكی پێویستی دیكە كرد كە سەرۆكایەتیی هەرێم و كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە پێویستیانە، هەموو هەوڵەكانی ئێمە بەو ئاراستەیەن كە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان سەربكەوێت و لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان سەرجەم لایەنەكان هەبێت، لەم پێناوەشدا لەگەڵ چەندین لایەن لەسەر هێڵین، لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و حزبە كوردستانییەكان و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لە ئێستاشدا قۆناغەكانی سەرەتایی خۆئامادەكردن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەستی پێكردووە، كە بریتییە لە تۆماركردنی حزب و لایەنە سیاسییەكان و هاوپەیمانییەكان .
* لە سەرەتای قسەكانت باسی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراقت كرد. لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانییەكانتان سەبارەت بە پاشگەزبوونەوەی دامەزراوەكانی عێراق لە فیدڕاڵییەت و هاوبەشی و پێكەوەژیان لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- ئێمە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆرە هەست دەكەین، جۆرێك پاشگەزبوونەوەی دامەزراوەكانی عێراقدا هەیە، لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات و فیدڕاڵییەت و ئەو بناغە و ئەزموونانەی دیموكراتییەت و هاوبەشی و پێكەوەژیان كە لە دوای ئازادكردنی عێراق ئەم وڵاتەی لەسەر بونیاد نراوە، لە دەستووری عێراقیشدا لە 2005 دەنگی لەسەر دراوە و جێگیر كراوە. بەداخەوە دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ئەرك و تایبەتمەندێتی خۆی لایداوە و دەستی بردووە بۆ بابەتی دەستووری و یاسایی كە ئەركی ئەو نییە، تەنانەت پێش ئازادكردنی عێراق، هەرێمی كوردستان خاوەنی تایبەتمەندێتی خۆی بووە، هەر لە ئازادی و دیموكراتی و كۆمەڵێك یاسا و بڕیار كە پێش دامەزراندنی دادگای فیدڕاڵی و بونیادنانی عێراقی نوێ هەرێمی كوردستان هەیبووە. ئەم بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی ناهەقی و مافخورانێكی زۆر گەورەیە دەرهەق بە خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكان و سەرپێچیكردنە لەسەر تایبەتمەندییەكانی هەرێم كە بەپێی دەستوور جەسپێنراوە. هەرچی ئەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی هەیە كە ئێستا لەسەر هەرێمی كوردستان دەرچووە، بۆ هەرێمێكی فیدڕاڵی نابێت، ئەمە پێشێلكاریی ڕوون و ئاشكرایە لەسەر هەرێمی كوردستان، تەنانەت دادگای فیدڕاڵیی عێراق بڕیارەكانی بە شێوەیەكە بەدیلی هەموو دەسەڵاتەكانی تەشریعی و یاسایی و جێبەجێكردنە. ئەوەی بەلای ئێمەوە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و لە ڕیزبەندی پێشەوەی كارەكانمان دێت، پارێزگاریكردنە لە قەوارەی دەستووری و یاسایی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەلی كوردستانە، بۆیە لەگەڵ هەموو ئەو تێبینییانەی كە هەیە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام ڕۆڵی لە كەمكردنەوەی گرفتەكان بووە و ڕێگا خۆش دەكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێك كە پێش هەموو شتێك جێگای قبووڵی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت.
* ئایا هەڕەشەكان ئەوەندە مەترسیدارن كە زیان بە پێگەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت؟ لەم حاڵەتەدا چارەنووسی ڕێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراق چی بەسەر دێت؟ ئێوە چۆن ڕووبەڕووی ئەم دژایەتی و هێرشانە دەبنەوە؟
- كوردستان تەنیا هەرێمێكی فیدڕاڵی نییە بە دەستوور و یاسا دەسەڵات و مافەكانی دیاری كرابێت، یان لایەنێك بیەوێت ڕۆژێك لە ڕۆژان خەیمەیەك بەسەریدا بدات و دەنگی كپ بكات. هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە دەرچووە و بەرهەمی خوێن و قوربانییەكی زۆر و مێژوویەكی پڕ لەئازاری گەلی كوردستانە بەهەموو پێكهاتەكانیەوە. ئێمە هەرێمێكی فیدڕاڵین لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی ئیتحادی، دەبێت دەسەڵاتەكانی ئیتحادی ڕۆڵی خۆیان لە پارێزگاریكردنی هەرێمەكە بگێڕن. بەداخەوە ئەو مامەڵە نادەستوورییەی لەگەڵ هەرێمدا دەكرێت، بە پێچەوانەی هەموو ئەو ڕێككەوتنانەیە كە حكومەتی عێراقی لەسەر بونیاد نراوە، پێشێلكردنی ماف و دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستانە، هەر لە بودجە و مووچە و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری و...هتد. مامەڵەكردنێكی ناتەندروست و نادەستووری لەگەڵ كۆی پرسەكاندا دۆخەكە بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەبات و وڵات بەم شێوەیە بەڕێوە ناچێت. كۆمەڵێك لەو بڕیارانەی لە دادگای فیدڕاڵی دەردەچێت و بەكۆی ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات، ئێمە نەك تەنیا بە هەڕەشەی دەبینین لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، بەڵكو بە هەڕەشەی دەبینین لەسەر ئەو ڕێككەوتنانەی كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی پێكهێنانی بەڕێوەبردنی ئیدارەی دەوڵەت كراوە، كە بریتییە لە دەستوور و پەسەندكردنی فیدڕاڵییەت، لە ئێستادا هەندێك لایەنی سیاسی جۆرێك لە بیركردنەوەی توندی مەركەزیی وایان هەیە، پاشگەزبوونەوەیە لە دەستوور و بنەماكانی كە عێراقی نوێی لەسەر بونیاد نراوە. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەدیداری ڕۆژی شەهیدی عێراقدا كە پێش مانگێك لەمەوبەر سازدرا، بە ڕوونی هەموو ئەم مەترسی و نیگەرانییەی لە بەردەم ڕای گشتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان و سەركردەكان خستەڕوو. ئێمە لەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەی هەمانە لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكانی جیهان و هاوپەیمانەكان و دۆستەكانمان هەموو ئەم نیگەرانییانەمان باس كردووە، بەوەی جۆرێك لە بیركردنەوەی هەڵە هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەم و قۆناغە مەركەزییە توندە و یەكترقبووڵنەكردنەی كە هەمووان پێكەوە تێیدا زیانمەند بووین. هەرێمی كوردستان پەیوەندیی بەهێزی لە نێوخۆی عێراق و وڵاتانی دەرەوە هەیە و لەوە دەرچووین كە ئێمە سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشە بین لەسەر دراوسێ و وڵاتانی ناوچەكە. ڕۆڵمان لە بونیادنانی عێراقێكی نوێ هەبووە و لە پرۆسەی سیاسی و بەرگریكردن لە عێراق بەشدار بووین. سەنگەرە بەهێزەكانی پاراستنی عێراق لە شەڕی داعش پێشمەرگە بوون، بۆیە ئەو پەیوەندییەی هەیە پەیوەندیی باوەڕپێكراون، لەگەڵ هەموو ئەم هێرش و هەڕەشانەش، لای هەمووان ڕوون و ئاشكرایە كە هەرێمی كوردستان لەو قۆناغە دەرچووە كە هەوڵی لاوازكردن و سڕینەوەی بدرێت. ئەمە لێسەندنەوە و پاشگەزبوونەوەیە لەو ماددە دەستووری و ڕێككەوتنانەی كە حكومەتی لەسەر بونیاد نراوە. لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان وەكو نموونەیەكی دیموكراتی و پێكەوەژیان لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر دەكرێت و هاوپەیمانەكانمان سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت بپارێزرێت و ئەزموونەكەشمان پەرەی پێبدرێت. دڵنیاشم بوونی هەرێمێكی سەقامگیر و خۆشگوزەرانی لای بەشێكی زۆری گەلی عێراق و شەقامی نێوخۆیی ئەم وڵاتە پەسەندە كە هیچ كێشەیەكی بۆ عێراق نییە و بگرە هاوكارو پاڵپشتییەكی بەهێزە بۆ تەكامولی ئابووری و سەقامگیریی وڵات. سەبارەت بەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە دەكات، سەرەتا گەڕانەوە بۆ دەستوور و جێبەجێكردنی ماددە و بڕگەكانی دەستوور زۆربەی لایەنەكان لەسەری ڕێكن، لەلایەكی دیكەوە ڕێككەوتنێك هەیە كە حكومەتی فیدڕاڵی لەسەری بونیاد نراوە و بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی تا ئێستا ئێمە ئەوەی لێ بەرجەستە دەكەین، كە هەوڵی بێوچانی خۆی دەدات، بەڵام ڕێگری و ئاستەنگ لەبەردەمیدا زۆرە و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بارودۆخەكە لە بەغدا زەحمەتە. بۆ نموونە لە ئەنجومەنی وەزیران ڕێككەوتن لەسەر بودجە كراوە، كەچی لە پەرلەمان مامەڵەیەكی دیكەی ناتەندروست و نازانستی دەكرێت. ئێمە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تاكو ئێستا لە بڕیارەكانی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق نائومێد نین، تاكە ئومێدێكیش لەناو ئەم بەردەوامییە پەرەی پێ بدرێت و بووبێتە هۆكارێكیش بۆ ئەوەی ئەو بەردەوامییە بەهێز بێت، ئەو ڕێككەوتنەیە كە حكومەتی عێراقی لەسەر بونیادنراوە. هەرێمی كوردستان هەر كاراكتەر و گەمەكارێكی كاریگەرە لە ناوچەكەدا و هەموو ئەو دیدارانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامی دەدات، بەڵگەی ڕوون و حاشاهەڵنەگرە بەوەی پێگەی بەهێزی هەرێمی كوردستان هەروا بە ئاسانی زیانی بەر ناكەوێت. هەر لەم ماوانەدا حزووری بەهێز و كاریگەری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەردوو لوتكەی كۆنگرەی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا و میواندارێتی بەڕێزیان لە ئەنتاڵیا لە توركیا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن كە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و كەلتورییەكانی گەلی كوردستان چەند كاریگەرن لە ئاستی عێراق و ناوچەكە و جیهان.