ڕێككه‌وتنی 11 ئازار به‌ڵگه‌یه‌كی مێژووی ‌و بنەمایەكی یاسایی

ڕێككه‌وتنی 11 ئازار به‌ڵگه‌یه‌كی مێژووی ‌و بنەمایەكی یاسایی

احمد گلی

‏ڕێككه‌وتنی 11ی ئازاری ساڵی 1970 له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌مر مه‌لا مسته‌فا بارزانی ده‌رئەنجامی خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدانی ده‌یان ساڵەی بزووتنەوەی سیاسی و چەكداری گەلی كوردبوو لە چوارچێوەی گەورەترین شۆڕش كە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو و بووه‌‌ گرنگترین ده‌سكه‌وتى مێژووى نوێى تێكۆشانى ئازادیخوازیى گه‌لى كوردستان‌ و بۆ یه‌كه‌مین جار به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ى یاسایى دان به‌ مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لی كوردستان له ‌باشوور بنرێت.

بارزانی نه‌مر كە هه‌میشه‌ باوەری بە چارەسەری ئاشتیانە و دانوستان بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد ھەبوو، ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی له‌ناوچوو دوای چەندین شكست لە ساڵانی 1968 ـ 1969 پەنای بۆ دانوستان ھێنا و چەندین دانوستانی نێوان حكومەتی عێراق و سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوولی لێكەوتەوە و سه‌دام حوسێن-ی گۆربه‌گۆر، جێگرى سه‌رۆككۆمارى ئه‌وكاتى عێراق, چه‌ند جارێك سه‌ردانى سه‌ركردایه‌تى شۆڕشى كرد و دواتر رێككەوتننامەی 11 ئازاری لێكەوتەوە و بەیاننامەی ھاوبەش له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى له‌لایه‌ن ئەحمەد حەسەن بەكر، سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاته‌ی عێراق راگەیەندرا.
‏‎
‏‎ئەم ڕێکكه‌وتنه‌ مێژووییه‌, بووە مایەی دڵخۆشی و ئومێد بۆ گەلی كوردستان به ‌گشتی له‌ ناوچه‌كه‌ و جیھان, تاكی كورد بۆی روونبووه‌وه‌ كە خاوه‌نی دۆزێكی ڕه‌وایە و پێویسته‌ پاڵپشتی سه‌ركردایه‌تی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بكه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانەوەی ماف و خاكەكەیان، كه ‌له‌لایه‌ن ڕژێمه‌ فاشیستەكانی عێراقه‌وه‌ داگیركرابوو.

له‌م ڕێككه‌وتنه‌ مێژووییه‌دا له‌به‌ندی (یه‌كه‌م و چواره‌م و شه‌شه‌م و حه‌وته‌م و هه‌شته‌م) بریاردراوە كۆتایی بە پرۆسەی تەعریبكردنی كه‌ركووك و خانه‌قین و شنگال و ناوچه‌ كوردستانییە داگیركراوەكانی دیكە بهێنرێت و كاربه‌ده‌ستانی‌ پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كانی زۆرینەیان كوردبن، یان كوردی‌ بزانن, قوتابیانی كورد به ‌زمانی كوردی بخوێنن و گوندنشینه‌ كورده‌كان بگه‌رێندرێته‌وه ‌زێدی خۆیان و فه‌رمانبه‌ره‌ كورده‌كانیش بگه‌رێندرێته‌وه‌ سه‌ر كاری خۆیان, به‌ڵام چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر واژۆكردنی‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا تێنه‌په‌ڕی‌ بوو، حكومه‌تی به‌عسی فاشیست پێچه‌وانه‌ی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ پرۆسەی تەعریبكردنی لە كەركووك و ئەو ناوچانە درێژەپێدا و ‌ناوی خوتابخانه ‌كوردییەكانی گۆڕی بۆ عه‌ره‌بی و فه‌رمانبه‌ری عه‌ره‌بی‌ له ‌ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقەوە هاوردە كرد و نیشتەجێیكردن له‌سه‌ر خاك و گوندی كوردانی ناوچه‌كه‌.

ئێستاش دەبینن به‌ هه‌مانشێوه‌ پرۆسه‌كە، له‌لایه‌ن نه‌وه‌كانی هه‌مان عه‌قڵیه‌تی سه‌رده‌می به‌عسی فاشیستەوە له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییە ‌كێشه ‌له‌سه‌ره‌كان بەردەوامیی پێدەدرێت و ئه‌نجامده‌درێت, كه‌ ئه‌مه‌ش فاكتەرێك بوو بارزانی نه‌مر و سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد, نه‌ڕۆنه‌ ژێرباری و سەرلەنوێ شۆرش ده‌سپێبكه‌نه‌وه‌ و دژی سیاسه‌تی به‌عسی فاشیست بوەستنه‌وه‌ و ڕێككه‌وتنی 11 ئازاری 1970یش وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی مێژوویی به‌هێز بمێنێتەوە و ببێتە بنەمایەكی یاسایی بەهێز بۆ ره‌وایه‌تی دۆزی كورد و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانمان و چەسپاندنیان لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.

Top