پـــەیــامـــی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی(٥٤)یەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەی (١١ی ئاداری ١٩٧٠)

پـــەیــامـــی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی(٥٤)یەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەی (١١ی ئاداری ١٩٧٠)

ئەمڕۆ (٥٤)ەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەی(١١ی ئادار)ە، ئەو ڕێککەوتننامەیەی لە نێوان سەرکردایەتی سیاسیی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و حکومەتی ئەوسای عێراق مۆرکرا، ئەو دەستکەوتەش بەرهەم و ئه‌نجامی خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی کوردستان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو.
ڕێککەوتننامەی ١١ـی ئادار, وەک بەڵگەنامەیەکی سیاسی و یاسایی کاریگەری زۆری هەبوو بەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازیی گه‌له‌كه‌مان، یەکەمجار بوو حکومەتی عێراق ناچار بکرێت دان بنێت بە مافە سیاسی و نەتەوەیی و ئیدارییەکانی گەلەکەمان، هەروەها ڕێگای گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە عێراقدا، بگرێتەبەر.
تایبەتمەندی ئەو دەسکەوتە مەزنە لەوەدایە وێڕای ڕەخساندنی زه‌مینەی بارودۆخێکی نوێی دانوستان و ئاشتەوایی، تا ماوەیەکیش کۆتایی بە شەڕوکوشتار و ماڵوێرانی هێنا، هەروەها چەند بڕیارێکی مەبدەئی و راستیش درا سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی لە عێراق و، هەنگاوی بەرچاو نرا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانمان لەوانە: بڕیاردان لەسەر حوکمی زاتی لە کوردستانی عێراق و زمانی کوردی کرا بە دووەم زمانی فەرمی و چەندین دەستکەوتی تر.
ڕێککەوتننامەی(١١ی ئادار)لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەنگدانەوەیەکی سیاسی هەبوو, بۆیە دەرفەتێکی تری ڕەخساند بۆ ناساندنی شوناسی نەتەوەییمان و ڕەوایی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان و پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان، هەر بۆیەش ئەو ڕێککەوتننامەیە هەنگاوێکی بەسوود بوو بۆ سەرجەم گەلان و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە.
لەلایەکی دیکەوە ئەو رووداوە گرنگە ڕۆڵ و سەنگ و قورسایی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی بۆ قۆناغێکی سیاسی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێك لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیهانیدا وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێ.
ڕۆڵ و پلان و حیکمەتی بارزانی نەمر لە مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی(١١ی ئادار) ئەو ئاواتەی هێنایە دی و ئەو بەڵێنەی بردەسەر بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی نوێی ئازادی و سەرفرازی و ملکەچپێکردنی حکومەتی عیراق بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتننامەکە.
ڕێککەوتننامەی(١١ی ئادار)کە پاش زنجیرەیەک شۆڕش و بەرخۆدان و دەردەسەریی هاتەئاراوە و لەو قۆناغەیدا بناغەیەکی راست و دروستیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و پتەوکردنەوەی یەکڕیزی و رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد داڕشت، هەروەها باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان و بژێوی ژیانیان و ئاوەدانی و بونیاتنانەوە.
ئامانجی سەرەکی و ستراتیژی سەرکردایەتی پارتیمان ئەوسا جێبەجێکردنی یەک بە یەکی بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە بوو وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێ و ئایندەیەکی گەش و بەرهەمدار بۆ گەلەکەمان، بەڵام حکومەتی ناوەندی ئەوسای عێراق بە پێچەوانەوە تا دەهات لە جێبەجێکردنی بەندەکانی پاشگەز دەبۆوە، بە هەموو شێوەیەک نەیدەویست رێککەوتننامەکە بە ئاکام بگات، بۆیە بەردەوام بوو لە نکوڵیکردن لە شوناسی نەتەوەیی کوردستانی بوونی کەرکووک و ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان لەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردبوون، هەروەها گۆڕینی دیموگرافی خاک و شێواندنی واقیعی جیۆگرافی و نەتەوەیی و دابڕینیان لە خاکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو رێککەوتننامەیە بوو بە بناغەیەکی راست و دروستی پرۆسەکانی دیالۆگ و گفتوگۆ، کە شۆڕشی کورد لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عیراق ئەنجامی داوە.
هاووڵاتیانی ئازیز و خۆڕاگر
کوردستانیانی بەڕێز
لەو دەرفەتەدا جێی خۆیەتی جارێکی دیکە ئاماژە بە هەلومەرجی هەستیار و مەترسیداری سیاسیی عیراق بدەین، ئاماژە بدەین بەو بەربەست و کۆسپانەی دێنە بەردەم جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە سیاسییانەی هێزە سیاسییەکان لەسەریان رێککەوتوون بۆ بەڕێوەبردنی عێراقێکی فیدراڵ، هەروەها پاشگەزبوونەوە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەکانی فیدڕاڵیەت و (هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی)، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی عێراق و پرۆسەی دیموکراسی و پێکەوەژیاندا نییە و، مێژوو سەلماندویەتی پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکان و یاسا و دەستوور لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوەبێ، ئایندەی گەش نابێت.
لەم یادە شکۆمەندە مێژووییەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی کوردستان دەکەینەوە بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیژییەكانی كوردستان، لە داكۆكیكردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەكانمان و لە خاكەكەمان و لە دەستكەوت و قەوارە نیشتیمانییەكەمان، هاوئاراستە و یەکگوتار بین و هەموو هەوڵێكی ڕژد و دڵسۆزانە بدەین لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و هەموولایەكمان بەرپرسانە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان ڕەچاو بکەین و ئەرکی لەپێشینەمان پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان و ئەم قەوارەیە و دەستکەوتەکانمان بێت.
هەر لە بیرەوەری ڕێککەوتننامەی(١١ی ئادار)دا کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژژمێری ئازادکردنی شاری هەولێری ئازیز لە(١١ی ئاداری ١٩٩١) بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم و تایبەت لە ڕۆڵە خۆڕاگرەکانی شاری دێرین و پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەین، هیوادارین هەمیشە ئاسوودە و ئارام و لە پێشکەوتندا بن.
لە بیرەوەری ڕێککەوتننامەی(١١ی ئادار) پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان دەکەین، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و رێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان..
سڵاو لە بیرەوەری(٥٤) ساڵەی رێککەوتننامەی (١١ی ئاداری ١٩٧٠)
سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو..
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان..
هەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش هەر ئاوەدان..
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١١ـی ئاداری ٢٠٢٤

Top