لــە پـێــشـــوازیـــی مـــانـــگـــی ڕەمـــەزانـــدا خـــانـــمـــان بــــاس لــــە بـــەرنـــامـــەی كـــاریــــان دەكـــــەن

لــە پـێــشـــوازیـــی مـــانـــگـــی ڕەمـــەزانـــدا  خـــانـــمـــان بــــاس لــــە بـــەرنـــامـــەی كـــاریــــان دەكـــــەن

لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، ئەركی ئافرەتان لە ڕایی كردنی كاری ڕۆژانە و بەڕێوەبردنی ماڵ قورستر دەبێت، لە كاتێكدا ئافرەتانیش وەكو پیاوان بەڕۆژوو دەبن و كاری ناوماڵ و خێزانداری و تەنانەت كاری دەرەوەی ماڵیشیان لەئەستۆیە. بێگومان خانمان بۆ پێشوازی لە هەر بۆنە و جەژنێك ئامادەكاری و بەرنامەی پێشوەختەیان هەیە، لە مانگی ڕەمەزانیش جگە لە دروستكردنی خوانی جۆراوجۆر و ئامادەكردنی بەربانگ و پارشێو و میوانداریی شەوان ئەركیان قورستر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە گەرمی پێشوازی لە پیرۆزییەكانی مانگی ڕەمەزان و بەجێهێنانی ئەركی ئایینیی خۆیان دەكەن و خوازیاریشین ئەندامانی خێزان ڕەچاوی ماندووبوونیان بكەن. بەشداربوونی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان خوێندنەوەی زیاتریان بۆ ئەو بابەتە هەیە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«سەرەتا بەخێر هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە دەكەم، من بەشبەحاڵی خۆم وەكو سەرۆكی خێزانەكەم ڕۆژانە كۆمەڵێك ئەركم لەسەر شانە، وێڕای ئەركی ماڵ و منداڵ لە دەرەوەش دەوامی فەرمیم هەیە.» ئەوە قسەی بنار قەرەنی بوو، ئەو وەكو كۆمەڵناس و ڕاگەیاندنكارێك هێما بۆ ئەوە دەكات: «هەوڵدەدەم لە نێوان كاری دەرەوە و ماڵەوە هاوسەنگی دروست بكەم، بۆ ئەوەی كەشێكی خۆش و ئارام بۆ ئەندامانی خێزانەكەم دروست بكەم، ئامادەكارییەكانم بۆ ئەم مانگە پڕ خێر و خۆشییە بریتین لە سازدان و دانانی خشتەو پلان بۆ كارەكانی ڕۆژانەم، بۆ ئەوەی كاتەكانم بەرهەمدار بن و زۆر بەجوانی لەم مانگەدا هەموو ئەركە ئایینییەكانم جێ بەجێ بكەم».

هاوكات گوتی: «ئامادەكاریی خۆراك و پێداویستییەكانی ڕۆژانە بۆ كاتی بەربانگ پاشان نوێژەی عیشا و تەڕاویح لە مزگەوت ئەنجام دەدەم، عیبادەت و یادی خودا و قوڕئان خوێندن لە مانگی ڕەمەزاندا خێر و بەرەكەتەكەی نەبڕاوەیە و پڕە لە بەرەكەتی خودا، مانگی ڕەمەزان جگە لە عیبادەت و بەرۆژووبوون، هەڵگری پەیامی ڕێزگرتن لە یەكتر و هاوكاریكردنی خەڵكی هەژار و كاری خێرخوازییە».

سەبارەت بە هەمان پرس ئاواز شێرزاد چالاكی مەدەنی باس لەوە دەكات: «مانگی ڕەمەزان مانگی ڕەحمەت و بەرەكەتە، جیاوازتر لە   11مانگەكەی تری ساڵ، بەجۆرێك كە تێیدا موسوڵمانان عیبادەتەكانیان قوڵتر دەكەنەوە، ئەمە نەك هەر موسوڵمانان بەڵكو پەیڕەوانی ئایینەكانی تریش ڕێزی لێدەگرن، ئەویش بەهۆی گەورەیی و پیرۆزیی ئەم مانگە موبارەكەیە. ئەرك و ڕۆڵی ئافرەتان لەم مانگەدا زۆر پیرۆزە، چونكە جیا لە كاروباری ماڵەوە بەشێكی زۆری خانمان خاوەن وەزیفەن، سەرباری ئەوەش ئەوان ئەركی دروستكردنی خواردن و شیرینی و ئامادەكردنی سفرە و میوانداریش لەئەستۆ دەگرن، ئەوەش بێ گومان كارێكی ئاسان نییە».

گوتیشی: «من وەك هەر تاكێك و وەك ئافرەتێك بۆ ئەم مانگە پیرۆزە خۆم ئامادەكردووە. بەڕای من ناكرێت ئەم مانگە تەنیا لە خۆگرتنەوە لە خواردن و خۆراك بچووك بكرێتەوە بەڵكو دەبێت لە ڕوانگەی بەهێزكردنی بیرو باوەڕ و دڵفراوانی لەخۆبوردەیی و ڕێزگرتن و مرۆڤدۆستی و چەندین كردەوەی چاك ڕەنگبداتەوە، بەجۆرێك بتوانرێت ئەم كردەوانە لە دوای مانگی ڕەمەزانیش بەردەوامیان هەبێت، بەدەر لەوە دەبێتە خۆ دەرخستن و دووڕوویی چونكە مرۆڤی موسوڵمان لە ڕوانگەی  ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ ئەنجامدانی كار و كردەوەی چاك دەبێت سات لە دوای سات باشتر و كاریگەرتر بێت و بەردوام بێت لەسەر ڕێگەی ڕاست و دووربكەوێتەوە لەو شتانەی بەهایان بۆ مرۆڤایەتی نەهێشتۆتەوە، نەك لەم مانگە خۆی بكاتە فریشتە و دوای ڕەمەزانیش ببێتە كەسێكی خراپ و بێ سوود، كە بەداخەوە لەم ساڵانەی دوایی ئەم دیاردەیە زۆر بەربڵاوە».

شەوبات عەبدوڵڵا وەك ئافرەتێكی ماڵەوە بەمجۆرە باس لە ئامادەكارییەكانی بۆ ئەم مانگە دەكات: «مانگی ڕەمەزان مانگی خێر و بەرەكەتە، ئەوەی زیاتر جیای دەكاتەوە لە مانگەكانی دیكە، ئامادەكردنی چەندین جۆر خواردنە لەسەر سفرە كە هەموو ئەندامانی خێزان و تەنانەت خزمان و دۆستان كۆدەكاتەوە، لەو مانگەشدا ئەركەكان لەسەر ئافرەت قورستر دەبێت، لەبەر ئەوە پێویستە پیاوان ڕێز لە ماندوو بوونی ئافرەت بگرن و وا نەزانن تەنیا ئەوان بەڕۆژوون، بۆیە داوا لە هاوسەر و باوك و برا و كوڕە بەڕێزەكان دەكەم، ئەوانیش هەوڵ بدەن هاوكارییان بكەن و ماندووبوونی جەستەیی و فشاری دەروونییان لە بەرچاو بگرن».

شەوبات عەبدوڵڵا لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «من بە حوكمی ئەوەی ئیشی دەرەوەم نییە تا ئاستێكی باش كاتەكانم لەگەڵ ئامادەكارییەكان گونجاندووە، لە مانگی ڕەمەزاندا زیاتر گرنگی بە تاعەت و عیبادەتەكان دەدەم چونكە ئەو مانگە فرسەتە بۆ خواپەرستی، سەرەتا بەچەند ڕۆژێك پێش هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بە ماڵ پاككردنەوە دەستم پێكرد، سەبارەت بە خواردنیش لە ئێستادا هیچ ئامادەكارییەك ناكەم، بەڵكو ڕۆژانە خواردنەكان بە فرێشی ئامادە دەكەم و پێشكەشی ئەندامانی خێزانەكەمی دەكەم، ساڵانی ڕابردوو لە ماڵەوە كاری هەویركاری و شیرینی زۆری وەك زرۆبی و لوقمەقازی لەو مانگەدا دروست دەكرد، بەڵام بۆ ئەم ساڵ لە پێناو پاراستنی تەندروستیی خۆم و خێزانەكەم بڕیارمداوە لە جیاتی شیرینیی دەستكرد زیاتر خورما بخۆین».

 

Top