یروانت ئەمینیان سەرۆكی لێژنەی كارگێڕیی كەنیسەی ئەرمەنی لە دهۆك: ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی نایاساییە و بە كاری خۆیان هەڵنەستاون و لەبری دەزگای تەشریعی كاریان كردووە
ساڵی 1992 لە یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان كریستیانەكان بە كورسیی كۆتا بەشدار بوون، لەپاشان ئەو یاساییە هەموار كرایەوە پێنج كورسی بە پێكهاتەی توركمان و یەك كورسییش بۆ ئەرمەنی لە پەرلەمان زیاد كران. ئەو كارە یاساییە بۆ ئەوە بوو كە هەموو پێكهاتەكان لەو هەرێمەدا بەشدار و هاوبەش بن و بە كورسیی كۆتاكان ماف و بەرژەوەندییەكانیان دەستەبەر بكەن، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەم خولەی پێنجەمی پەرلەماندا سكاڵای لە پەرلەمانی كوردستان و كورسیی كۆتاكان لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار كرد، دەرئەنجام دادگایی فیدڕاڵی كورسیی كۆتاكانی لە پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشاندەوە. بۆ ئەو پرسە و چەندین پرسیاری دیكە، گۆڤاری گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ یروانت ئەمینیان، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان (وەكو كورسیی كۆتای ئەرمەنی) و سەرۆكی لێژنەی كارگێڕیی كەنیسەی ئەرمەنی لە دهۆك ئەنجامدا.
* بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە لابردنی كورسیی كۆتاكان، هەنگاوێكی ترسناكە بۆ تێكدانی پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ئایا ئێوە وەك نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان چۆن سەیری ئەم بڕیارەی دادگا دەكەن؟
- ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێكی سیاسی بووە و كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر پێكهاتەكان دەبێت، چونكە هەرێمی كوردستان بەو پێكهاتە هەمە ڕەنگییەی هەیەتی، زۆر جوانە، بەتایبەتی لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 كە توانرا پێكهاتەكان لە پەرلەمان بە كورسیی كۆتا تێیدا بەشدار بن، تاوەكو خۆمان بڕیار لەدەست و ئاگادار بین لەو یاسا و ماف و بەرژەوەندییانەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە كە دەردەچێت، بەڵام بەو بڕیارەی دەرچووە، وادەكات پێكهاتەكان لە پەرلەمان نوێنەریان نەمێنێت، ئەمەش زوڵمێكی زۆر گەورەیە كە دادگای فیدڕاڵی دەرهەق بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان دەیكات و، مەبەستی سەرەكییش لەو بڕیارە نایاساییە نانەوەی كێشە و گرفتە لە بەردەمی قەوارەی هەرێمی كوردستاندا. ئێمە وەكو ئەرمەنەكان لە خولی سێیەمەوە كورسییەكی كۆتامان هەبوو و بۆ ماوەی سێ خولە لە ڕێگای ئەو كورسییەوە توانیومانە بەشدار و ئاگادار بین لەو یاسایانەی لە هەرێمی كوردستان دەردەچن و هەر لەو رێگایەوە توانیومانە شانبەشانی پێكهاتەكانی دیكەی هەرێم بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییەكانمان بكەین وەك ئەرمەن.
* ئەم بڕیارە لەسەر تانەیەك، یان سكاڵایەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دژی پێكهاتەكان دراوە. ئایا نەمانی كورسیی پێكهاتەكان چ سوودێك بە یەكێتیی نیشتمانی و حزبەكانی دیكە دەگەیەنێت؟
- شكایەتەكە لەسەر پەرلەمانی كوردستان و بەتایبەتی لەسەر كورسیی كۆتاكان لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كەسێكی كریستیان كە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوو دراوە، بێگومان ئەو بڕیارەش زۆر مەترسیدارە لەسەر ڕەوشی ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە و، نەك یەكێتی سوودی لێ وەرناگرێت، بەڵكو بۆ ئەوانیش زیانێكی گەورەیە. چونكە بەو هۆیەوە پێكهاتەكانی كوردستان دیوارێك دەبینن كە یەكێتی دروستی كردووە لەنێوان خۆیان و ئێمە و دەبێتە هۆی ئەوەش پێكهاتەكان نەتوانن لە هیچ جێگایەك لەگەڵ لایەنێكی وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیوەندی و هاوكاری لەنێوانیان دروست بێت، ئەمەش كاریگەری لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەگشتی دروست دەكات، چونكە بە هۆی بڕیارەكە پێكهاتەكان بەگشتی و ئێمە وەكو ئەرمەنی هەست بە قبووڵنەكردن و سڕینەوەی خۆمان لە هەرێم دەكەین. لەلایەكی دیكەوە ئەوەی یەكێتی كردوویەتی كارێكی زۆر خراپە، لەبەر ئەوەی یەكێتی خۆی بە خاوەن بیروباوەڕی سۆشیاڵ دیموكرات دەزانێت و حزبێكی كۆنی كوردستانە و خاوەنی مام جەلال و ئەو كەسایەتییەیە كە ئیمزای لەسەر بوون و پەسندكردنی كورسیی كۆتا كردووە، كەچی ئێستا بە دەست و پیلانی ئەوان و دەست لە پشتدانی وڵاتانی هەرێمایەتی، یەكێتی ئەو بارودۆخە ناخۆش و خراپەی بۆ هەرێم دروست كردوە. هەر بۆیە بڕیارەكە زۆر بە گران لەسەر یەكێتی دەوەستێت.
* بۆچی ئەو حزبانە دژی كۆتای پێكهاتەكانن لە پەرلەمانی كوردستاندا؟
- ئێمە وەكو پێكهاتەكان بەتایبەتی توركمان و كریستیان و ئەرمەنی، زیاتر لە زۆنێكین پارتی تێیدا باڵادەستە، هاوكات بە پراكتێكی دەبینین لە ناو حكومەت و پەرلەمانی كوردستان زیاتر، یان با بڵێین، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵ و كارەكانی بەو شێوەیەیە كە بەرگری و داكۆكی لە پێكهاتە و مافەكانمان دەكات، هەر بۆیەش پێكهاتەكان هاوپەیمانیمان لەگەڵ پارتی هەیە. ئەو واقیعە وانیشانی داوە كە ئێمە و تەواوی پێكهاتەكان لەگەڵ پارتیین، بۆیە یەكێتی و لایەنی دیكەش هەن، ئەوەیان پێ قبووڵ ناكرێت و سەرئەنجام دەتوانم بڵێم چ یەكێتی چ هەر لایەنێكی دیكە بێت، لەو بارەوە بەهەڵە داچوون، چونكە ئێمە لە زۆر بابەت و پڕۆژە ڕاوبۆچوونی خۆمان هەبووە و زۆرجاریش لەگەڵ تێڕوانینی پارتی نەبووین، بەڵام هەقیقەتێكی زۆر دیار و شیرین هەیە، دەبێت بیخەینەڕوو، ئەویش ئەوەیە كە لە هەرێمی كوردستان بە درێژایی مێژوو ماڵباتی بارزانی و هزر و عەقیدەیی بارزانیی باوك و درێژەپێدەری ئەو بیر و ڕێبازە پیرۆزە و جەنابی سەرۆك بارزانی بوونە داكۆكیكار و بەرگریكاری سەرسەختی ماف و بەرژەوەندییەكانی ئێمە و هەموو پێكهاتەكان.
* چۆن سەیری هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، كە زۆر بە جددی دژی ئەم بڕیارە راوەستاوە و ڕەتی دەكاتەوە؟
- سەرەتا با ئاماژە بەوە بكەین كە جێگای مجامەلە نییە، جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو كاتێك لە هەموو بارودۆخ و پڕسێك خەمخۆری راستەقینەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان بووە، ئەمەش ڕەوشت و هەستی بەرزی مرۆڤایەتیی و نیشتمانییە لە بارزانیی باوك و عەقیدەكەوە هاتووەتەدی و لە ئێستاشدا لەسەر دەستی جەنابی سەرۆك بارزانی پشتیوانی و داكۆكیكردن لە پێهكاتەكان زۆر بەهێز و دیارە، لەو بڕیارەشدا دیتمان، تەنیا پارتی و جەنابی بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی كوردستان بەو پەڕی خەمخۆرییەوە تەماشای ئەو بڕیارەیان كرد و هەڵویستەكانیان لە دژی راشكاوانە خستەڕوو، هەر بۆیە ئێمە وەكو ئەرمنی و پێكهاتەكانی دیكەش ئەو هەڵویستەی پارتی و بارزانی زۆر بەرز دەنرخێنین و بۆمان ڕوون بووتەوە، كە لە هەرێمی كوردستان تەنیا پارتی و بارزانی پشت و پەنامانن و زۆر هەڵویستیان هەیە كە قەت ناتوانرێت لەبیریان بكەین، كە لە بەرژەوەندیی ئێمەی پێكهاتەكان و هەموو هەرێمی كوردستان بووە، بەڵام بەداخەوە بۆ یەكێتی كە خۆی بە حزبێكی كوردستانی دەزانێت، لەو بڕیار و كارانەیان بۆمان دەردەكەوێت، كە یەكێتی دژی ئێمە و پێكهاتەكانی دیكەن لە هەرێمدا و نایانەوێت پێكەوەژیانی سەركەوتووی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان هەبێت. لەلایەكی دیكەوە لە شۆڕشەكانی كورد و كوردستان ئێمە لەلای بارزانیی نەمر و سەرۆك مسعود بارزانی بەشێكی دانەبڕاو بووین، هەروەها ئێمە وەكو ئەرمنی و كورد لە زەمانی قسەكردن و گفتوگۆدا هاوبەشین كە هەردووكمان زمانی دایكمان هێندوئەوروپییە، بۆیە ناكرێت ئێمە بسڕنەوەو لە هەرێمی كوردستاندا و هاوبەش و بەشدار نەبین. هاوكات ئێمە جینۆسایدی ئەرمەنییەكان لەبیر ناكەین، كە هەر ماڵباتی بارزانی بوون، پشتگیریی ئێمەیان كرد و دژی ئەو جینۆسایدە وەستانەوە. هەر بۆیە ئێمە وەكو ئەرمەنی، دەمانەوێت لەژێر چەتری عەقیدە و ڕێبازی بارزانی و جەنابی سەرۆك بارزانیدا بین و هەڵویستی بارزانی و پارتییش بەڵگەو قسە هەر ناگرێت، وەكو ئاماژەم پێدا، مێژوو و شۆڕش و ئەو سەردەمەی تازەش شاهێدن كە چەند دڵسۆز و هاریكار و خەمخۆرن بۆ بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندییەكانمان لە هەرێمی كوردستاندا.
* زۆر لە یاساناسان تەفسیریان بۆ ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بەو شێوەیە كە بڕیاری لەو شێوەیە لە دەسەڵاتی ئەو دادگایە نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دادگای فیدڕاڵی خۆی خستووەتە جیگەی دەستوور، نەك تەفسیركردنی ماددەكانی دەستوور؟
- ئەو بڕیارە كاری دەزگایەكی تەشریعییە وەكو پەرلەمان، نەك دادگا، بەڵام دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەو بڕیارەی لە دەرەوەی دەسەڵاتەكانی خۆی دەركردووە و دژایەتیی دەستوور و یاسایی پێوە دیارە، چونكە دادگا جێگای لێكۆڵینەوە و گفتوگۆكردنە لەسەر پڕسەكان، نەك هەستێت پڕۆژەیەك بە یاسا دەركرابێت، ئەو بێت بە دادگا هەڵیبوەشێنێتەوە. دەكرا لە ڕێگایی پەرلەمانی كوردستان كە یاساكەی داناوە، ئەو یاساییە هەموار بكاتە و بڕیاری لەسەر بدات. بۆیە كار و بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی جگە لەوەی دژی پێكهاتەكانە و دژی قەوارەی هەرێمی كوردستانە و بڕیارێكی سیاسیی شۆڤێنییە و زۆر جوان دەستی وڵاتی هەرێمایەتی پێوە دیارە، چونكە ئەو بڕیارە كاریگەرییەكی زۆر لەسەر پێكەوەژیانی سەركەوتوو و جوانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، بەڵام ئەو پێكەوەژیانەی هەیە، لە سایەی جەنابی سەرۆك بارزانی و عەقیدە و ڕێبازەكەوە، لە شوێنی خۆی ڕاناوەستێت و گەشە دەكات و زیاتر بەرجەستە دەبێت و لە ناوچەكە و لە دنیاشدا دەدرەوەشێتەوە.
* ئەگەر لەڕەهەندە سیاسییەكەوە سەیری بكەین، ئایا دادگای فیدڕاڵی مەبەستی سیاسیی لەم بڕیارە چییە؟
- وەكو ئاماژەمان پێدا، مەبەستی سەرەكیی بڕیارەكەی دادگا لەدژی قەوارەی هەرێمی كوردستانە و دەیەوێت لە ڕێگای ئەو بڕیارەوە كێشە لە نێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی كوردستان دروست بكات. بەڵام من لێرەدا پێیان ڕادەگەیەنم، ئەو پیلان و مەبەستە شۆڤێنییانەیی ئەو دادگایە لە هەرێمی كوردستان، لە سایەی بیر و عەقڵی پێشكەوتوو و مرۆڤدۆستیی جەنابی سەرۆك بارزانی، بە هیچ شێوەیەك نایەتەدی و لەو هەرێمە دیموكرات و هاوبەشەدا هیچ پێكهاتەیەك لە ماف و بڕیارداندا بێبەش نابێت و خەونی دوژمنانمان لە گۆڕ دەنێن. هەر هەرێمی كوردستان لەسەر قاچی خۆی دەمێنێت و گەشەكردوو و بەهێزتر دەبێت.
* ئایا بەنیازن ڕێوشوێنێك بگرنە بەر كە كاریگەرییەكی هەبێت و دادگا بە بڕیارەكەی خۆیدا بچێتەوە؟
- ئێمە لەو كاتەی ئەو بڕیارە دەرچووە تا ئێستا، كە گفتوگۆ لەگەڵ ئێوە دەكەم، لە هەولێرین بۆ بەشداریكردن لە كۆنفڕانسێك لەگەڵ تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان و كونسووڵییە و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لەدژی ئەو بڕیارە و هەوڵ هەیە بۆ ڕاگرتنی، ئەگەرچی بڕیاری ئەو دادگایە بەپێی دەستوور یەكجارەكییە و تانە قبووڵ ناكات و وەكو خۆی دەڕوات، بەڵام من داواكارم لەو خولەی پەرلەمانی كوردستان كە دێت، یاسایەك دەربچێت بۆ بەشداریكردنی پێكهاتەكان لە پەرلەماندا، ئەمە چارەسەری باشی دەكات. بەڵام ئەگەر هەرێمی كوردستان خاوەنی دەستووری خۆی بووایە، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی نەیدەتوانی بەو جۆرە كاریگەری هەبێت.