ئــــازاد تــــۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە بۆ گوڵان:   یاداشتێكی نۆ خاڵیمان پێشكەشی سەرۆكی حكومەت كرد و بە خۆشحاڵییەوە لێی وەرگرتین و بۆی جێبەجێ كردین

ئــــازاد تــــۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە بۆ گوڵان:     یاداشتێكی نۆ خاڵیمان  پێشكەشی سەرۆكی حكومەت كرد و بە خۆشحاڵییەوە لێی وەرگرتین و بۆی جێبەجێ كردین

 

 

« هاتووم گوێ دەگرم و قسە ناكەم، چی بكەین و چۆن خزمەتی هەڵەبجە بكەین؟» ئەمە وتەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و یەكە ئیدارییەكانی، دوای ئەوەی لە 22ی مانگی ڕابردوو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی و وەزیری ناوخۆ بە سەردانێك گەیشتنە پارێزگای هەڵەبجە و، بەردی بناغەی پڕۆژەی پردی توەقوت و جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەیان ڕاگەیاند و، یاداشتە نۆ خاڵییەكەی داواكاریی هەڵەبجەییەكانی وەرگرت و بەڵێنی پێدان كە سەرجەم داواكارییەكانیان جێبەجێ بكات.

دوای ئەوەش بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و فەرمانگەكان، ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆدان لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی سەرۆك وەزیران گەیشتە پارێزگای هەڵەبجە و، بەكردار دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان كرا، وەكو سەرەتایەكیش دەست بە جێبەجێكردنی 200 هەزار مەتر دووجا قیری گەڕەكەكانی سەنتەری هەڵەبجە و ناحیەكانی كرا. هەروەها كار بۆ بە خێرا بەقەزابوونی خورماڵ و جێبەجێكردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە دەكرێت، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی تێچووی ماستەرپلانەكە لە ئەستۆ دەگرێت. لەم سەردانەدا چەند خاڵێكی گرنگی تایبەت بە تەرخانكردنی بەشێكی داهاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ پڕۆژەكان تەرخان دەكرێت، وەبەرهێنانیش پشكی گەورەی پێدراوە و گۆڕانكاری لە ڕسومات و پابەندییەكانی سەرشانی وەبەرهێنەكان كراوە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە ساز دا، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

* سەرەتا با لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەین، سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئێوەی هەڵەبجەییەكان چی دەگەیەنێت؟

- سەردانی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و شاندێكی باڵای یاوەریان بۆ هەڵەبجە، كە بەڕێزان وەزیری ئاوادانكردنەوە و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی دیكە یاوەریان بوون، ئەمە یەكەم سەفەری بەڕێزیان بوو، ئینشاڵا سەفەری دیكەشی بەدوادا دێت. لەم سەفەرەدا وێڕای دانانی بەردی بناغەی پڕۆژە و دەركردنی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل و سەردانیكردنی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، كۆبوونەوەیەكی فراوانیان لەگەڵ بەندە وەكو پارێزگاری هەڵەبجە و، جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەرانی ناحیەكانی پارێزگاكە ساز دا. لەو كۆبوونەوەیەدا یاداشتێكی نۆ خاڵیمان پێشكەش كردن، بە خۆشحاڵییەوە هەر نۆ خاڵەكەی ناو یاداشتەكەیان لێ وەرگرتین و بۆی جێبەجێ كردین. خۆ ئەگەر 19 خاڵیش بووایە هەر بۆی جێبەجێ دەكردین، بەڵام ئێمە ئەم داواكارییەی لە ناو یاداشتە نۆ خاڵییەكەدا هاتووە، بەلامانەوە زۆر بە گرنگ و لە ڕیزبەندی پێشەوەی داواكارییەكانی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان دێت و، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئابووری و ئاوەدانی و ژیان و بژێویی خەڵكەكەشەوە هەیە. بۆ نموونە كاتێك خورماڵ لە ناحییەوە شەش مانگ دەبێت فەرمانەكەی بۆ دەرچووە ببێتە قەزا، بەڵام دەبێت ڕێكاری بۆ بگیرێتەبەر، واتا كاتێك تۆ دێیتە خورماڵ نابێت بەڕێوەبەری ناحیە لەوێ بێت، دەبێت قایمقامی لێ بێت، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بەڕێز سەرۆكی حكومەت، بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ڕاسپارد، كە بەپەلە و بە خێرایی هەموو كارەكانی بەقەزابوونەكە جێبەجێ بكات. دیارە بوون بە قەزای خورماڵ وەكو ناوچەیەكی سەرسنووری، پێگەیەكی بازرگانی و گەشتیاری و كشتوكاڵیی زۆر گرنگی هەیە لە نێوان شارەزوور و هەوراماندا و كلیلی ناوچەكەیە. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆی جددیمان كرد لەسەر زۆر بواری دیكەی تایبەت بە داواكاری و پێداویستیی پارێزگاكە، كە بۆ بووژاندنەوەی كەرتی ئابووری و چەندین بواری دیكەی تایبەت بە وەبەرهێنان و داهات گرنگن.

* خاڵێكی گرنگی گفتوگۆكان تایبەت بوو بە تەرخانكردنی بەشێك لە داهاتی دەروازە سنوورییەكانی هەڵەبجە بۆ پڕۆژەكانی پارێزگاكە، لەسەر ئەم خاڵە چی كرا؟

- یەكێك لە گرفتەكانی بەردەم كاركردنمان نەبوونی داهاتە بۆ كار و خزمەتگوزاری و پڕۆژەكان، ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئێمە خاوەنی دوو دەروازەی سنووریی گرنگین. بۆیە بە خۆشحاڵییەوە هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا، بەشێك لە داهاتی هەردوو گومرگی دەروازە سنوورییەكەی هەڵەبجە كە (تەوێڵە و بەمۆ)یە، وەكو داهات ڕاستەوخۆ بۆ پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكە تەرخان بكرێت، ئەم بڕیارەش تەنیا بۆ پارێزگای هەڵەبجەیە، بەو پێیەی هەڵەبجە تایبەتمەندێتی خۆی هەیە.

* كردنەوەی كۆلێژی پزیشكی و دامەزراندنی ژمارەیەك گەنج بە گرێبەست، دوو بابەتی گرنگی دیكەیە بۆ گەنجەكان و پارێزگای هەڵەبجە، ئایا تا چەند جێبەجێكردنی ئەم دوو بابەتە بۆ هەڵەبجە گرنگن؟

- كردنەوەی كۆلێژی پزیشكیی هەڵەبجە زۆر دەمێكە داواكاری و كاری بۆ دەكەین، چونكە بۆ پەرەپێدانی كەرتی پزیشكی و دامەزراندنی گەنجەكان لەم كۆلێژەدا بایەخێكی زۆری هەیەو، پێشكەوتنێكە لە كەرتی زانكۆ و خوێندنی باڵا لە پارێزگاكەماندا، هاوكات دامەزراندنی ژمارەیەكیش بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی میلاكاتی هەڵەبجە گرنگیی زۆری هەیە، سەبارەت بە دامەزراندنی گرێبەستەكان كە زۆر گرنگە بۆ هەڵەبجە كە بووەتە پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتیی نوێی بۆ دامەزراوە و میلاكی نوێی دەوێت، بۆ نموونە من بەڕێوەبەرایەتیم هەیە بەڕێوەبەرەكە هەر خۆیەتی، بەیانیان دێت دەرگاكە دەكاتەوە و بەڕێوەبەرایەتییەكە خاوێن دەكاتەوە، هەر خۆیشی ژمێریاری دەكات و هەموو كارەكانی دیكەی پاسەوان و خزمەتگوزاری و كارگێڕی دەكات، بە خۆشحاڵییەوە سەرۆكی حكومەت ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ دامەزراندنی 500 فەرمانبەری گرێبەست، ڕەنگە بۆ ئەم كارە 3000 كەس داوا بكات، بۆ ئەمەش شێوازێك بە ئۆنلاین دادەنێین و خاڵبەندی بۆ كەسوكاری شەهید و خێزاندار كە دەرچووی چ ساڵێكە و شارەزایی و پسپۆڕایەتی هەمووی دادەنێین، تاوەكو دادپەروەرییەكی باشی تێدا بێت.

* بابەتی شارەوانی و ماستەرپلان و قیرتاوكردنی شەقامەكان و چەند بوارێكی دیكەی خزمەتگوزاری چەند دەستكەوتێكی دیكەی ئەو سەردانەی سەرۆكی حكومەت بوون، بەتایبەتی دوای ئەو سەردانە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی پارێزگاكەی كرد و لەگەڵتان كۆبوونەوە. ئایا لەم ڕووەوە دەكرێت بڵێین بە كردار دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژە و كارەكانی شارەوانی كراوە؟

- لە سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتدا تەوەرێكی سەرەكیی داواكاری و گفتوگۆكانمان تایبەت بوو بەو پڕۆژانەی شارەوانی كە لە ڕیزبەندی پێشەوەی داواكاری و خواستی هاووڵاتیانی هەڵەبجە و ناحیەكانی دێت، لە سەردانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریشدا بڕیاری جێبەجێكردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە لە ماوەی پێوانەیی لە ساڵی 2024 درا و، ڕاستەوخۆ وەزیری شارەوانی و گەشتوزار داوای كرد، لیستی ڕیزبەندی پڕۆژەكانی قیرتاوكردن لە ناو سەنتەری شارەكە و ناحیەكانی سیروان و بەمۆ و خورماڵ و بیارە و تەوێڵە ئامادە بكەین و، خێرا كاری لەسەر بكرێت، كە چەند پڕۆژەیەكی باخچەشی لەگەڵدایە، هەروەها گرفتی ئەو زەوییانەش چارەسەر دەكرێت كە كێشەیان تێدایە .

* زۆر باس لە گرنگیی پردی توەقوت دەكرێت، كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی بۆ دانا، ئایا تاچەند ئەم پردە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و بووژانەوەی كەرتی گەشتیاری و گواستنەوە گرنگە؟

- پردی توەقوت، هەڵەبجە بە دەربەندیخان و گەرمیان و پارێزگاكانی خوارووی عێراقەوە دەبەستێتەوە و گرنگیی لە ڕاددەبەدەری بۆ گواستنەوە هەیە، بە دانانی بەردی بناغەی ئەم پردە، ماوە و تێچووی هاتووچۆ لەنێوان هەڵەبجە و گەرمیان و پارێزگاكانی خوارووی عێراقدا كەم دەبێتەوە، هاوكات بۆ ناوچە گەشتیارییەكان و گواستنەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و هاتووچۆش زۆر گرنگە. پانیی پردەكە 60 مەترە و بە ڕێگەیەكی 27 كیلۆمەتریدا تێپەڕ دەبێت و، هەر لە بازگەی هەڵەبجەوە بۆ سەر ڕێگەی دەربەندیخانەوە بەلای گوندی میرەدێ ڕێگەكە قیر دەكرێت، واتە دوای تەواوبوونی پردی توەقوت كە لە بازگەی هەڵەبجەوە بۆ سەر شەقامی دەربەندیخان تەنیا بە 10 بۆ 12 خولەك دەگەیت، دواتریش بە 20 خولەك دەگەیتە دەربەندیخان، واتا لە هەڵەبجەوە بە 30 خولەك دەگەیتە دەربەندیجان.

* هەر لەو سەردانەدا سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی یەكەم تابلۆی ئۆتۆمبێلیان دابەش كرد، ئایا ئەم ژمارەی تابلۆیە تاچەند گرنگ بوو بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە؟

- هەڵەبجە پارێزگایەكی سەربەخۆیە وەكو هەموو پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و عێراق، ڕاستە لە دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا فەرمانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بە تەواوەتی دەرنەچووە، بەڵام فەرمانی پێدانی تابلۆی تایبەت بە هەڵەبجە بە فەرمی هەیە و ئامێری پێشكەوتووی بۆ هێنراوە، لە میانەی سەردانەكەشدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجەی كرد و، یەكەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە(23A10000)ی هەڵەبجەی چاپ كرد و پێشكەشی هاووڵاتییەكی هەڵەبجە كرد، كە خاوەنی چەندین شەهیدە.

* یەكێك لە بڕگە گرنگەكان كەرتی وەبەرهێنانە، كە بە هۆی بارودۆخی هەڵەبجەوە بەراورد بە پارێزگاكانی دیكە كەمترین وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام دراوە، ئایا لەم ڕووەوە تاچەند بڕیارەكانی سەرۆكی حكومەت بۆ لابردنی ڕسومات و هەڵگرتنی پابەندییەكان بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەران گرنگ بوو؟

- لەپێناو ڕاكێشانی وەبەرهێنەران و دابینكردنی هەلی كار بۆ گەنجەكانمان، داوامان كرد، كۆمەڵێك یاسا و ڕێسا و مەرج و ئیلتزامات كە لەسەر وەبەرهێنەران هەیە، پارێزگای هەڵەبجە نەگرێتەوە و ئەم پارێزگایە 2014 بووەتە پارێزگا، بۆ ئەمەش بڕیار درا لێژنەیەكی تایبەت كار لەسەر كەمكردنەوە و هەڵگرتنی ئەو ڕسومات و ئیلتیزاماتانە بكات. بۆ نموونە ئەگەر لە سلێمانی زەوییەك بە موساتەحە بۆ 20 ساڵ بێت، با لە هەڵەبجە بۆ 30 ساڵ بێت، یان بۆ نموونە لە سلێمانی مەتری بە 1000 دۆلار لە هەڵەبجە بە 100 دۆلار بێت. لە هەڵەبجە هەوڵەكانی بەپیشەسازیكردنی خۆراك دەستی پێ كردووە، ئەوەتا پڕۆژەی سایلۆكەش كاری تێدا دەكرێت و بە ساڵێك و هەشت مانگ تەواو دەبێت، لە لایەكی دیكەوە پڕۆژەی كارگەی هێلكەمان هەیە، كە توانایەكی بەرزی هەیە و نیوەی هێلكەی كوردستان دابین دەكات، هاوكات چەندین كارگەی دیكەی زەیتی زەیتوون و ڕوبە هەنار و شیرەمەنیمان هەیە .

* ئایا دواخستنی دەنگدان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و دانانی مەرج لەلایەن بەشێكی فراكسیۆنە شیعە و سوننەكان، تەنیا بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاساكە لە پەرلەمانی عێراق، غەدرێكی دیكە نییە لە خانەوادەی قوربانیانی ئەم پارێزگایە دەكرێت؟

- بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەدەست دەوڵەتی عێراقە، لە دوو دانیشتنی پەرلەماندا دەنگ بە پارێزگابوونەكە دراوە، بەڵام دانیشتنی سێیەم دەنگدانی دەوێت، ئەم بابەتە ماوەتەوە، ئومێدەوارم لە دانیشتنی سێیەمی پەرلەمانی عێراقدا پەرلەمانتاران بە زۆرینە دەنگ بۆ بەپارێزگابوونەكەی هەڵەبجە بدەن.

Top