پڕۆفیسۆر جۆن تۆیفۆڵ درەیەر بۆ گوڵان:   چین لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا سوودمەندی سەرەكی بووە  

پڕۆفیسۆر جۆن تۆیفۆڵ درەیەر بۆ گوڵان:     چین لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا سوودمەندی سەرەكی بووە   

 

 

جۆن تۆیفۆڵ درەیەر، پڕۆفیسۆرە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی میامی لە ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی بەرگریی ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا، كاروباری چین و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها شرۆڤەكاری بواری ئاسایشی نەتەوەییە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە هەڵكشانی هێزی چین و برەودان بە دەستڕۆیشتوویی ئەم وڵاتە لە جیهان بەگشتی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، هەروەها شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

 

* ئەگەر لە ڕوانگەی وڵاتی چینەوە لە ساڵی ڕابڕدوو بڕوانین، ئەوا دەكرێت بڵێین ساڵێكی سەركەوتوو بووە بۆ ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمە سەرباری ئەو كارەسات و تراژیدیانەی بەسەر ئەم ناوچەیەدا هاتن، هەروەها چین سەركەوتنی ستراتیژیشی بەدەست هێناوە، نەك تەنیا پەرەی بە ئابوورییەكەی داوە، بەڵكو هەوڵی داوە ناوبژیوانی بكات لە پرۆسەكانی ئاشتی و تەنانەت مانۆڕی سەربازیشی لەگەڵ یەكێك لە هاوپەیمانەكانی ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا ئەنجام دا. ئێوە چۆن لەم پەرەسەندنانە و لە هەوڵەكانی چین بۆ برەودان بە دەستڕۆیشتوویی خۆی دەڕوانن؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژەی پێ بكەین، ئەوەیە كە ڕاستە وڵاتی چین لە ساڵی 2023دا چەندین سەركەوتنی بەدەست هێنا، هەروەك ئێوەش لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ كردووە، هەروەها لە ئێستادا ئەوە بەدی دەكەین كە چین سەرقاڵی توندكردنی گوشارەكانیەتی لەسەر وڵاتی فیلیپین بۆ دەستبەرداربوون و دەستهەڵگرتن لە هەندێ لە بەشەكانی ئەوەی پێی دەگوترێت زۆنی حەسری ئابووری و، ڕادەستكردنی بە دەسەڵات و كۆنتڕۆڵی چین، هەروەها هەمان هەڵوێست و هەڵسوكەوتی هەیە لە ئاست وڵاتی یاباندا لە پەیوەندی بە دەریای ڕۆژهەڵاتی چینەوە، هەروەها بوار و پانتایی بەرگریی ئاسمانیی تایوانیشی كەم كردووەتەوە و بەرتەسكی كرووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت بڵێین كە ئەم تاكتیك و هەنگاوە فراوانخوازییانەی چین بووەتە هۆی ئەوەی بێزاری و ناڕەزایەتی لە ئاستی ئەو وڵاتەدا دروست بێت. بە دڵنیاییەوە چین نەیتوانی ئامانج و خواستی خۆی لە هەڵبژاردنەكانی تایواندا بەدی بهێنێت، ئەوە بوو كە پاڵێوراوی پارتی دیموكراسیی پێشكەوتنخواز (ویلیام لای چینگ تی) بە ڕێژەیەكی زۆر توانی شكست بە ڕكابەرەكەی لە حزبی كۆمینتانگ بهێنێت و هەڵبژاردنەكان بباتەوە، هەروەها فڕینی فڕۆكەكانی كۆماری گەلی چین بەسەر ئاسمانی تایواندا هۆشداریی لای ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا و وڵاتی یابان هێناوەتە ئاراوە. لەلایەكی دیكەوە دەكرێت ئاماژە بەوە بكەین، ئابووریی چین بەردەوامە لە داكشان، ئەوەتا لە ئێستادا بێكاری لە نێو گەنجانی ئەو وڵاتەدا لە هەر كاتێكی دیكە بەرزترە، هەروەها چوونە دەرەوەیەكی جێی نیگەرانیی سەرمایە هەیە لە چیندا، هەم لەلایەن چینییەكان خۆیان و هەم لەلایەن بیانییەكانەوە، ئەمە سەرباری هەوڵەكانی حكومەتی ئەو وڵاتە بۆ سنوورداركردنی و بۆ دەستەبەركردنی دڵنیایی بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەكان.

* ئەوەی پەیوەست بێت بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە، ئەوا دەكرێت بڵێین چین دەیەوێت خۆی وەك ناوبژیوان بخاتە ڕوو، هەروەها سوودمەند بێت لە پشێوییەكانی بازاڕە جیهانییەكان، بە كڕینی وزەی هەرزان و هاوكاریكردنی ئابووریی ڕووسیا و قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی لێی كەوتووە لە تێكڕای داهاتە نیشتمانییەكەی لە ئەنجامی سزاكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، كەواتە ئایا دەكرێت بڵێین چین لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا سوودمەندی سەرەكی بووە؟

 - سەرەتا دەبێت ئەو پرسیارە بكەین كە ئایا بە ڕاستی چین دەیەوێت خۆی وەك ناوبژیوان بخاتە ڕوو و ناوبانگی خۆی لەم ڕووەوە بۆ ئاشتی برەو پێ بدات؟ چونكە من پێم وایە چین زیاتر وەك هێزێكی خۆسەپێنی نێودەوڵەتی هەڵسوكەوت دەكات و هێزە سەربازییەكەی و دەستڕۆیشتووییە ئابوورییەكەی بۆ ملكەچكردنی ئیرادەی وڵاتانی دیكە بۆ خواستەكانی بەكار دەهێنێت، هەروەها هەوڵەكانی وەك میانگیرێكی باوەڕپێكراو بۆ شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و حەماس و ئیسرائیل ڕەت كراوەتەوە و، پاساوی باشیش هەبوو بۆ ئەم ڕەتكردنەوەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە چین لە ڕووی داراییەوە سوودمەند بووە لە ناكۆكیی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا، ڕووسیای ناچار كردووە بە نرخێكی هەرزانتر نەوت و غازەكەی بفرۆشێت، كە گومانی تێدا نییە، ڤلادمیر پوتین بەم دۆخە خۆشحاڵ نییە. من پێم وانییە هیچ وڵاتێك بە ڕاستی سوودمەند بێت لەم شەڕە، ئەگەرچی ڕەنگە بتوانین بڵێین كە چین زیاتر لە هەر وڵاتێكی دیكە سوودمەند بووە.

* ڕاستە لە ئێستادا هەوڵ دەدرێت لە نێوان چین و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ڕێچكەی «كێبڕكێ بە بێ ناكۆكی» پیادە بكرێت، كە ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی ئەم دوو وڵاتە بچنە باری هاوكارییەوە، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین كە ئەم دوو وڵاتە توانیویانە ئەگەری هەڵكشانی زیاتری مەترسییەكان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری و لێكدابڕانی تەواو كەم بكەنەوە، بە دید و تێڕوانینی ئێوە تا چ ڕاددەیەك دەكرێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت؟

- من پێم وایە دەكرێت بەردەوام بێت، بەلای كەمەوە لە ئایندەی نزیكدا، ئێمە دەزانین كە سەرۆكی ئەمریكا (جۆ بایدن) خوازیاری ئەوە نییە پێش هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی وڵاتەكەی هیچ كێشە و پشێوییەك بخولقێنێت، خۆ ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەركەوتن بەدەست بهێنێت لە هەڵبژاردنەكاندا و ببێتەوە سەرۆكی ئەمریكا، ئەوا دەبێت خۆی لابدات لە لێدوانی ورووژێنەر و ڕاگەیاندنی سەرسامبوونی خۆی بە سەرۆكی چین (شی جینگ پینگ)، هەروەك پێشتر بینیمان دۆناڵد ترەمپ بە زەحمەت دەتوانێت خۆی لە لێدوانی ورووژێنەر بە دوور بگرێت. من خۆم كۆماریم، بەڵام خواستی ترەمپ بۆ ئەوەی تویت بكات و دواتر بیر بكاتەوە، مایەی ترس و نیگەرانییە لای من.

* ئەوەی پەیوەست بێت بە تایوانەوە، ئەوا ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا و چین بە وریاییەوە هەنگاو هەڵدەگرن و دەیانەوێت خۆیان لە پشێوی لابدەن، بەڵام سەركردەكانی هەردوو وڵات لەژێر گوشاری ناوخۆییدان بۆ ئەوەی بە لاوازی دەرنەكەون، ئەوەتا چین پێداگری دەكات لەسەر درێژكردنەوەی دەستڕۆیشتوویی خۆی بۆ گەرووی تایوان و بەزاندنی لە ڕێی فڕۆكەكانی و كەشتییە سەربازییەكانەوە، ئایا پێشبینی ئەوە دەكەیت كە دۆخی تایوان بەرەو هەڵكشان بچێت، بە چەشنێك كە چین دەست ببات بۆ داگیركردن و دەستەبەسەرداگرتنی ئەو وڵاتە؟

- لە ڕاستیدا من پێشبینیی ئەوە دەكەم كە چین بەردەوام بێت لە درێژەپێدانی گوشارەكان لە دژی تایوان، ئەویش لە ڕێی هەڵمەتی چەواشەكاری و هاككردن و هەڕەشە و گوڕەشە و لە ڕێی فڕۆكە جەنگییەكان و كەشتییەكانییەوە، بەڵام پێم وانییە دەست ببات بۆ داگیركاری و دەستبەسەرداگرتنی ئەو وڵاتە.

* ئەگەر پرسیار لە دەستپێشخەرییە مەزنەكەی چین بكەین بە ناوی «پشتێنە و ڕێگە»، ئەوا ئاشكرایە كە كاریگەریی ئەم دەستپشخەرییە بەو شێوەیە نەبوو كە چین ئومێدی لەسەر هەڵچنیبوو، ئایا پێت وایە كە چیتر ناتوانێت ئامانجەكانی بەدی بهێنێت؟

- من پێم وانییە سەرۆكی چین (شی جینگ پین) بتوانێت دەست لە دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگە هەڵبگرێت، لەبەر ئەوەی ئەمە بووەتە پڕۆژەیەك كە مۆركی خۆی لەسەرە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم دەستپێشخەرییە ڕووبەڕووی كێشە و گرفت بووەتەوە، سەرباری ئەوەی چەند سەركەوتنێكی كەمی بەدەست هێناوە. لەم ڕوانگەوە من پێم وایە دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگە بەردەوام دەبێت، بەڵام داراییەكی كەمتری بۆ دەستەبەر دەكرێت، هەروەها لەمەودوا حزبی حوكمڕانی چین بە حەزەرێكی زیاترەوە لەوە دەڕوانێت كە وەبەرهێنان لە چ پڕۆژەیەكدا بكات.

* لە پەیوەندی بە سیستمی جیهانییەوە، هەندێك دەڵێن، وڵاتی چین نایەوێت پێداچوونەوە بەم سیستمەدا بكرێت، بەڵام خوازیاری ئەوەیە سەرلەنوێ و لەسەر بنەما و بەهای نوێ دابڕێژرێتەوە، بۆچوون و تێڕوانینی ئەوە لەم ڕووەوە چییە؟

- بە دڵنیاییەوە ئەمە ڕاستە و من تەواو هاوڕام لەگەڵ ئەم لێكدانەوە و بۆچوونەدا.

 

Top