ســـەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەكات

ســـەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 6ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ڤیكتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد.
لە دیدارەكەدا كە مارك سترۆ كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باس لە سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ واشینگتۆن كرا و بە سەردانێكی جددی و سەركەوتوو وەسفكرا. هەروەها باس لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و گرفتەكانی بەردەم ئەو پەیوەندییانە كرا و جەخت لە پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ڕۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانان لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە كرایەوە.
بابەتی هەڵبژاردنەكان تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو و سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دووپات كردەوە و هەروەها نیگەرانیی خۆیشی لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵ لەمەڕ نەهێشتنی كۆتای پێكهاتەكان خستەڕوو و ئەو بڕیارەی بە هەوڵدان بۆ بنكۆڵكردنی مافی پێكهاتەكان و زیانگەیاندن بە پڕۆسەی دیموكراسی لەقەڵەم دا.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.

Top