ئیحسان دۆسكی بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی سێی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە دهۆك:   هەموو ئامانجی عێراق ئەوەیە كە دەستكەوتەكانی كوردستان لەبار بەرن، بەڵام پشتیوان بە خودا قەت ئەو ڕۆژە بە چاوی خۆیان نابینن

ئیحسان دۆسكی  بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی سێی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە دهۆك:     هەموو ئامانجی عێراق ئەوەیە  كە دەستكەوتەكانی كوردستان لەبار بەرن،  بەڵام پشتیوان بە خودا قەت ئەو ڕۆژە  بە چاوی خۆیان نابینن

 

 

ئیحسان دۆسكی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی سێی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانە لە پارێزگای دهۆك، لە ڕاپۆرتی مەیدانیی بازنەی گفتوگۆ (ململانێی حزبی و ئایندەی هەرێمی كوردستان) بەم جۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیار و بۆچوونەكانی خۆی پێ ڕاگەیاندین.

 

خەونی میللەتی كورد هەر لە دێرزەمانەوە هەتا ئێستا ئەوە بووە یەكبوون و یەكڕیزیی نێو ماڵی كورد ببینێت، لەم قۆناغەدا كە گەلی كوردستان توانیویەتی هەندێك دەستكەوت بەدەست بهێنێت و ئەوی دیكەشی ماوە لە داهاتوودا بەدەستی بێنێت، دیسان خەونی ئەوەی هەیە جارێكی دیكە هەموو حزبەكان یەكدەنگ و یەكڕەنگ و یەكڕیز بین.

ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لەژیر گوشار و هەڕەشەیەكی هەمەلایەندایە بەگشتی و بەتایبەتیش لەژێر هەڕەشە و گوشاری عێراقدایە، كە هەموو ئامانجی بووەتە ئەوەی كە دەستكەوتانەی كوردستان بەدەستی هێناون لەباریان بەرێت، بەڵام پشتیوان بەخوا قەت ئەو ڕۆژە بە چاوی خۆیان نابینن.

ئێستا دەبینین ڕۆژانە حەشدی شەعبی زیاتر خۆی لە سنوورەكانی كوردستان لای پارێزگای دهۆك نزیك دەكاتەوە، دەشزانین كە هێزەكانی حەشدی شەعبی نییەتی پاكیان لەم خۆنزیككردنەوەیە نییە و، ئامانجی ئەوەیە كورد هەرچی دەستكەوتی بەدەستهێناوە لێی بستێنێتەوە، بۆیە بەپەرۆشەوە دەڵێم: ئێمە لە ئێستا پێویستییەكی زۆرمان بەوە هەیە كە یەكڕەنگ و یەكدەنگ و یەكڕیز بین، لە ئێستا زۆر گرینگە حزبەكانی كوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیی كوردستان جارێكی دیكە پێكەوە كۆببنەوە و كۆبوونەوەكان بەردەوامیش بن و، دەبێت سەركردایەتیی سیاسیی حزبەكان بەخۆدا بچنەوە و نەهێڵن ئەو كەموكورتییانەی هەمانە، جارێكی دیكە دووبارە ببنەوە و دەبێت میكانیزمێكی گونجاو بدۆزنەوە بۆ ئەوەی چارەسەری هەڵە و كەموكورتییەكانی پێ بكەن. كێشەی سەرەكیی ئێمە ئەوەیە كە لە زۆر حاڵەتدا یەكتری قبووڵ ناكەین و ددان بە بەرانبەردا نانێین و برای خۆمان ڕەت دەكەینەوە، بۆیە كاتێك ئێمە برای خۆمانمان ڕەت كردەوە، ئەوا بێگومان لایەنی دەرەكی ئامادەیە هێرش بكاتە سەرمان و دەستكەوتەكانمان لێ بسەنێتەوە، بۆیە جارێكی دیكە ئەوە دووبارە دەكەمەوە، دەبێت چاو بە خۆماندا بخشێنینەوە، پێكەوە بە یەكڕیزی و یەكدەنگی و یەكڕەنگی حوكمڕانییەكی باش و ساغڵەمی ئەوتۆ پیادە بكەین، كە خزمەتی خەڵك و نیشتمانی خۆمان بكەین.

 

Top