د.یاسین ئاشوور مامۆستای زانكۆی گەرمیان:   ململانێی حزبی گورزێكی گەورەی لە دۆزی نەتەوەیی ئێمە داوە و دەستێكی گەورەی دەرەكی لەپشت ئەو ململانێ حزبییەوە هەیە

د.یاسین ئاشوور مامۆستای زانكۆی گەرمیان:     ململانێی حزبی گورزێكی گەورەی لە دۆزی نەتەوەیی ئێمە داوە و دەستێكی گەورەی دەرەكی لەپشت ئەو ململانێ حزبییەوە هەیە

 

د.یاسین ئاشوور، مامۆستای زانكۆیە لە دەڤەری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە زانستە سیاسییەكان، بۆ ڕاپۆرتی مەیدانیی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆ (ململانێی حزبی و ئایندەی هەرێمی كوردستان) بەم جۆرە دید و تێڕوانیەكانی لەسەر سیستمی حزبی و فرەحزبی لە كوردستان خستە ڕوو، چەندین پشنیار و ڕاسپاردەشی پێ ڕاگەیاندین.

 

لە دوای دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە ساڵی 1993ـەوە یاسای حزبە سیاسییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە و، ئەم یاسایە وەك چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ كاری ڕێكخراوەیی حزبە سیاسییەكان دانراوە، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ململانێی حزبە سیاسییەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ یەكتری پیادەیان كردووە، كە سەرەنجام شەڕی شوومی ناوخۆی نێوان یەكێتی و پارتی لێ كەوتەوە، گورزێكی گەورەی لە سیستمی حزبی و پرۆسەی دیموكراتی و ژیانی خەڵكی كوردستاندا.

كەواتە ئەمە پێمان دەڵێت (سیستمی حزبی سیاسی و فرەیی حزبی) دەرهاویشتەی كۆمەڵێك دامەزاروەی شەرعیی دەوڵەت نین، بە پێچەوانەوە پەرلەمان و حكومەتەكەمان دەرهاویشتەی ئەو سیستمە حزبییەن كە لە كوردستاندا هەیە.

كاتێك ئێمە حزبی سیاسیمان هەبووە، پەرلەمان و حكومەت نەبووە، ئەم حزبانە لەبەر ڕۆشنایی یاسایەكی دیاریكراو، یان پێدراوی كۆمەڵایەتی و ئابووریدا دروست نەبوون، بەڵكو هەر لە سەرەتاوە كە حزب دروست بووە، كۆمەڵێك كێشە و ئەشكالییەتی هەبووە و نەیتوانیوە بە شێوەی مەدەنی ڕكەبارییەكی تەندروست لە پرۆسە سیاسییەكەدا بكات، هەر بۆیە دوای ڕاپەرینی ساڵی 1991 ئەم كێشە و ئیشكالییەت و دابەشبوونەیان گواستەوە ناو پەرلەمان و حكومەت و لەسەریشی بەردەوام بوون، نەیانهێشت سیستمێكی حزبیی وا دروست بكەن، كە حزب وەك ڕێكخراوێكی مەدەنی جیا بكرێتەوە لە پایەكانی حوكمڕانی و، بە شێوەیەك حزب لە ڕێگەی هەڵبژاردن و ناردنی نوێنەرەكانیەوە هاوكاریی حكومەت و كۆی پرۆسەی حوكمڕانی بكات.

ئەم ململانێ حزبییە گورزێكی گەورەی لە دۆزی نەتەوەیی ئێمە داوە، لەمەش خراپتر كاتێك وردی دەكەینەوە، دەبینین دەستێكی گەورەی دەرەكیی لە پشت ئەو ململانێ حزبیەوە هەیە، ئەم فورمە حزبییەی كە ئێستا لە كوردستاندا هەیە و، هەروەها لایەنێكی دیكەی ئەم ململانێیە پەیوەندیی بە ئاستی هۆشیاری و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی و سیاسیی هاووڵاتیانی كوردستانیشەوە هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەركردە و كادر و ئەندام و جەماوەری ئەم حزبانە سەرەنجام ئەندامی كۆمەڵگەكەی خۆمانن، هەر بۆیە ئەو فۆڕمە خراپەی ئێستای حزبی سیاسی بەرجەستەی واقیعی كۆمەڵایەتیی ئێمەیە.

ئێمە باس لە زیاتر لە سێ دەیە دەكەین، لە ماوەی ئەم 30 ساڵەدا گۆڕانكاریی زۆر گەورە لەسەر ئاستی سیستمی سیاسیی عێراق و كوردستان هاتووەتە ئاراوە، ئێمە لە دوای ساڵی 1992 ـەوە خۆمان حوكمڕانیی خۆمان دەكەین، عێراق لە دوای ساڵی 2003ـەوە لە سیستمی دیكتاتۆری و سەنتراڵیی بەعس گۆڕاوە بۆ سیستمێكی فیدڕاڵی، لە هەرێمی كوردستاندا پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە لەسەر هەموو ئاستەكان گۆڕاوە، بۆیە ئەگەر لە چوارچێوەی ئەم گۆڕانكارییانەدا سیستمی حزبی بخوێنینەوە، ئەوا حەتمەن دەبێت سیستمی حزبیی ئێمەش گۆڕانكاریی بەسەردا هاتبێت، بۆیە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان جەخت لەسەر ئەوە بكەنەوە كە ئێمە پێویستمان بە هەمواركردنەوەی یاسای پارتە سیاسییەكانی كوردستان هەیە، دەبێت دووبارە یاسای حزبەكان بە شێوەیەك هەموار بكرێتەوە، كە توانای ئەوەی هەبێت جارێكی دیكە سەرلەنوێ حزبەكان ڕێك بخاتەوە، هەروەها دەبێت لە هەمواركردنەوەكەدا ڕەچاوی ئەوە بكرێت و سنووری بۆ هەڵەی حزبە سیاسییەكان دیاری كردبێت، ئەگەر حزبێكی سیاسی هەڵەی كرد، بتوانرێت لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا هەڵەكەی پێ ڕاست بكرێتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا پێشنیاری من ئەوەیە:

1- ئێمە ئێستا لە ناو بۆشایەكی یاساییداین، پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە و فەرز بووە كە دەبێت بە زووترین كات هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دووبارە كاراكردنەوەی پەرلەمان پرسێكە كە نابێت حزبە سیاسییەكان چیتر ململانێی لەسەر بكەن.

2- گرینگە پەرلەمانی داهاتوو ئەولەوییەت بە هەمواركردنەوەی یاسای پارتە سیاسییەكان بدات.

3- گرینگە لە دوای ئەم هەڵبژاردنە حزبە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر ئەوە ڕێك بكەون، كە لە ناو پەرلەماندا كێشە سیاسییەكان چارەسەر بكەن و پەرلەمان مەرجەعی هەمووان بێت.

4- دەبێت حزبەكان شێوازی كاری ڕێكخراوەیی حزبیی خۆیان بگۆڕن و لەكاتی خۆیدا كۆنگرە ببەستن، ئەگەر پێویست بوو مینی كۆنفڕانس گرێ بدەن، بە بەردەوامی كۆمەڵێك سەركردەی گەنج و تازە بێننە پێشەوە بۆ ئەوەی سوود لە توانای زۆرترین دەستەبژێر وەربگرین.

5- زۆر گرینگە حزبە سیاسییەكان بەگشتی و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی، كار لەسەر ئەوە بكەن، كە جوگرافیای كاری حزبییان فراوانتر بكەن، نابێت تاكێك لە گەرمیان هەست بكات پارتی لە گەرمیان ڕۆڵی لاوازە و تاكێكی دیكە هەست بكات یەكێتی لە دهۆك ڕۆڵی لاوازە.

6-    ئەوەی زۆر لێی خەمسارد بووین و خستوومانەتە پشتگوێ پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستانە، بەداخەوە نەمانتوانیوە ببینە خاوەنی دەستووری خۆمان، ئەگەر دەستوورمان هەبووایە دەمانتوانی بەپێی ئەو دەستوورە ململانێی حزبییش ڕێك بخەینەوە.

 

Top