یانەی زاخۆ ماڵی منە

یانەی زاخۆ ماڵی منە

سۆلین جیان زاخۆیی گۆڵپارێزی یانەی خەڵاتی پێنجوێن

یانەی زاخۆ ماڵی منە
ئیدارەی سەربەخۆیی زاخۆ یەكێك لەم شارانەی كوردستانە كە گرنگیی زۆر بە یاری تۆپی پێی دەدات لە هەردوو ئاستی كوڕان و كچان، هەموو كات كچە یاریزانانی ئەو دەڤەرە بەردەوام ڕكابەری سەرسەختی یانەكانی تری كوردستانن لە زۆربەی چاڵاكییە وەرزشییەكان ساڵانە تیپە جۆراوجۆرەكانیان بەشدارن لە خولەكانی عێراق و كوردستان، یانەی زاخۆ ئەم ساڵ گرنگیی زۆر بە بواری وەرزش دەدەن لە سەر ئاستی كچان ، تیپی فوتساڵی یانەكە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە كە ساڵانە لە هەریەك لە خولەكانی كوردستان و عێراق بەشدارن ، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی پێشووی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئاستی كوردستان ئەویش سۆلین جیان زاخۆییە-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1995ی زاخۆیە، سۆلین لە شاری زاخۆوە ئەمساڵ گرێبەستی لەگەڵ تیپی كچانی خەڵاتی پێنجوێن مۆركردوە بۆ بەرگری كردن لە گۆڵی تیپەكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، پێشووتر یاری بۆ یانەكانی زاخۆ و گارە و بدیر و چیا وخەڵاتی پێنجوێن كردوە ، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
* چۆن بوو یاری تۆپی پێت هەڵبژارد؟
- دەست پێكی ژیانی وەرزشیم من یاریزانی یاری گۆڕەپان و مەیدان بوون، دواتر خولێكی تۆپی پێی كرایەوە منیش وەكو یاریزان بەشداریم تێدات كرد و بەردەوام بووم لە یاری تۆپی پێی تا خۆم گەیاندە ریزی یانەكە و ئێستاش بەردەوامم.
*هەست ناكەی قورست هەڵبژاردوە كە زیاتر كێبڕكێیە؟
- لە دەستپێكدا بۆمن زەحمەت بوو و زۆر بە ترس بوو، بەڵام ئێستا بۆمن هیچ زەحمەت نییە.
* بۆچی یاری تۆپی پێی كچان لە ئاستی پێویستدا نییە؟
-بە دوای لێبوردنەوە لە ئێستادا پشتگیری ماددی گەڵەك كەمە بۆ تیپەكان، بۆیە وەكو پێویست نییە.
*هەست ناكەی لە شارەكانی كوردستان پێشوازی باش لەم یارییە نەكراوە ؟
-بەلێ هەست بە كەمی پێشوازی لێ دەكرێ و بە شێوەیەكی باش كاری بۆ نەكراوە و پێشوازی باشی لێ ناكرێت.
*ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- ئاستی یاری فوتساڵ لە كوردستانی زۆر باش نییە، چونكە زۆربەی یانەكان پشتیوانی و پشتگیری كچان ناكەن.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
-كردنەوەی فێرگەی زۆر و پشتگیری كردنی دارایی و پشتگیری خێزانی ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرز بێتەوە و وەرزشكاری زیاتر ڕوو لەم یارییە بكەن.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- ببورە من ئێستا نامەوێ هیچ شتێك ئاشكرا بكەم، بەڵام من پلانی باشم هەیە بۆ خۆم.
* لە دوو خول یاری دەكەی كوردستان و عێراق كامەی بەهێزترە لە گشت ڕوویەك؟
- هەردوو خول بەهێزن، بەڵام كێبڕكێ زیاتر لە خولی عێراقی دا هەیە.
* گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
-گواستنەوەی یاریزانان و كاتی خولەكە گونجاو نییە، چونكە زۆری یاریزانانی ئەم یارییە قوتابین، ئەوەش بۆیان دەبێتە گرفت.
*خەونی تۆ وەكو وەرزشكارێكی ئافرەت؟
- خەونی من بەردەوام بوونە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراقی.
*هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە لەلایەن یانەكانی عێراق؟
-بەلێ لە چەند یانەیەك گرێبەستم پێشكەش كراوە.
*یاری كردن لە ریزی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراقی چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
- خەونی هەموو یاریزانێكە بۆ هەڵبژاردەی عێراقی یاری بكات، بێگومان هەستێكی گەلەك خۆشە.
*چۆن بوو گرێبەستت لەگەڵ یانەی خەڵاتی پێنجوێن كردوە لە كاتێكدا تۆ لە زاخۆی بۆ تۆ قورس نییە؟
- یاری تۆپی پێی وایە مرۆڤ ناتوانی بەردەوام بێت و بمێنێتەوە لەگەڵ یانەیەك، یاریزانانی هەر یانەیەكیش باش بێت یاریزان ڕوو لەم یانانە دەكەن، بێگومان بۆمن زۆر زەحمەتە بە تایبەت كچیش لە شارێك بچێتە شارێكی دیكە زەحمەتە، بەڵام هەوڵدەدەم كام یانە بۆمن باش بێت بچمە ئەو یانەیە.
*بۆچی بۆ یانەی زاخۆ یاری ناكەی؟
- یانەی زاخۆ ماڵی منە، بەڵام ئێستا بۆمن زیاتر یانەی خەڵاتی پێنجوێن باشترە، بۆیە من ئەو یانەیەم هەڵبژاردوە بەبێ دوو دڵی، بەداخەوە لە یەكەم یارییم تووشی پێكان بوویمە بۆ ئەم وەرزە نەمتوانی بەردەوام بم.
* لە كۆتایدا دەتەوێ چی بلێ؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان كە ئەم دەرفەتەتان دا بەمن.

 

Top