بەها و تایبەمەندییەکانی سەردانی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا
سەرەتا
وڵات لە باشترین بارودۆخی خۆیدا پێویستی بە پەیوەندی هەمەلایەنە و فراوان هەیە، فراوانکردن و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ وڵاتانی تر، سەرەکیترین بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکانن، لەو سۆنگەیەوە کە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی چارەنوسساز و هەستیاردا تێدەپەڕێت و چەندین ئارێشەی جیاجیا دەوری جیهان و ناوچەکەیان داوە،
سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەمریکا بایەخ و تایبەتمەندی زۆری هەیە، لە قۆناغێک کە ڕاددەی بەهێزی و خۆڕاگری لە بەرانبەر سەتان پیلان و بەرنامە بۆ بچووکردنەوە یاخود لێدان لە قەوارە دەستوورییەکەی لە ئارادایە.
ئەمریکا و هەرێمی کوردستان
ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندی مێژوویی و درێژخایەنی هەیە، لەلایەن زۆرینەی سیاسەتمەدارانی ئەمریکاوە، هەرێمی کوردستان بە (دۆستی)ی درێژ مەودا وێنا دەکرێت، ئەم پێشوازییەش لەسەر ئاستی باڵا لەلایەن بەرپرسانی پلە بەرزی ئەمریکاوە، دەیسەلمێنێت كە ھەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی کاریگەری ناوچەکەیە، پێگەی كوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە پێودانگی خوێندنەوەی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانییەتی لە پێشهات و گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیھانییەکاندا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەهێزترین و کاریگەرترین وەزارەتی ئەمریکایە، چونکە نمایندە و نوێنەرایەتی پرسی ئەمریکا لە سەرتاسەری جیهان دەکات، بەهێزیی ئەمریکا و پێگە و هەژموونی فراوانی بەندە بە ڕاددەی کارامەییەکانی ئەم وەزارەتە.
(ئەنتۆنی بلینکن) کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە، لەسەر ئاستێکی باڵا لە بریکار و کارمەندانی دەستڕۆیشتووی وەزارەتەکەی پێشوازیی لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندەکەی کرد.
یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کە مایەی خۆشحاڵی بوو و وەبیرهێنانەوەی ڕاستییەکی لۆژیکی بوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە ئەوان لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن و لە ئاڵنگاریەکانی ناوچەکە هاوشانی هەرێمی کوردستان دەوەستنەوە، ئەمە گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە، لە قۆناغێکی وەها کە ئاڵنگاری زۆری سیاسیی و ئابوری بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق و دادگەی فیدراڵی لەلایەکی دیکە دروستدەکرێن.
ڕەنگدانەوەی سەردانەکە لە میدیا جیهانییەکانەوە
ڕاستەوخۆ دوای سەردانە فەرمییەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری گۆڤاری (فۆرن پۆلسی) بڵاویکردەوە کە بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر پێگەی قەوارەی هەرێم.
بەگوێرەی گۆڤاری فۆرن پۆلسی ئەمریکا لەڕێگەی دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەم قەوارە دەستوورییە بە بەهێزی و کارایی بمێنێتەوە و وەکو هەمیشە ببێتە نموونەی سەقامگیری و پێکەوەژیان و ئاشتی و تەناهی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.
کۆبەند
بە گوێرەوی خوێندنەوەکان، هاوپەیمان و هاوبەش لە دیدگای تازەی ئەمریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، نیشانەیەکی زۆر گرنگە و دەتوانرێت بناغە پتەوتر و بەهێزتری لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لەسەر هەڵچنرێت، چونکە هاوبەشیکردن لەگەڵ دەوڵەتێکی بەهێزی وەک ئەمریکا کە تا ئێستاش بە هەموو پێوەرەکان بەهێزترین دەوڵەتی جیهانە لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازییەوە، گرەنتی دەدات کە ئاڵنگارییەکان هەرچەندە زیاتر بن کورد دۆستەکانی لەدەست نادات.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەش، بەرژەوەندیی نیشتمانی، سیاسەتی ڕوون و گشتگیر و تێگەیشتن لە دۆخە ھەستیار و گرنگەکان، وریایی لە مامەڵەکردن، پەیوەندییەکی دیبلۆماسیی ھاوسەنگ و یەکگرەوە پێکدەھێنێت، کە دەرەنجامەکانی مانەوە و پێشکەوتنی بەردەوامی هەرێمی کوردستان بەدی دەهێنێت.