سەرۆك كۆمار و بڕیارەکەی دادگای عێڕاقی

سەرۆك كۆمار و بڕیارەکەی دادگای عێڕاقی

باسی بریارەكەی دادگای فیدراڵی ناکەم، کە چەند نا دەستوورییە، ساڵانێكە باسی ئەو دادگایەمان کردیە، کە تەنها ئامرازێکە بۆ جێبەجێكردنی مەرامەكانی ئێران و هاوپەیمانەكانی لەعێراقدا. بریارەكە تەواو پێچەوانەی یاسایە و پێشێلكردنێكی رەهای دەستوورە. پرسیارەکە ئەوەیە، سەرۆك كۆمار بۆ چی هیچ هەڵوێستێكی نیە و دەستەڵاتەكانی بەكارناهێنیت!
لە ماددەی (67)ی دەستووری عێراق ئاماژەی پێکراوە، لە پەیكەربەندی حكومی سەرۆک کۆمار بەرزترین پۆستی ئیدارییە. هەروەها دەستەڵاتەکانی بەسەرۆك كۆماری دیاری کردوە، کە لە زۆر بواری و پرسدا دەتوانێت بەکاریان بهێنێت، بە تایبەتی لە پارێزگاری کردن لە دەستوور و جێبەجێکردنی ماددەکانی، کە ئەرکی سەرەکی سەرۆک کۆمارە،کە بە سیمبولی یەكپارچەیی نیشتمان داندراوە و نوێنەرایەتی سەروەری وڵات دەكات.
سەرۆک کۆمار کە لە پشکی گەلی کوردستانە و پێویستە نوێنەرایەتی خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی بکات، ئێستا لە بەردەم دەرفەتێكە بۆ ئەوەی نیازپاكی بەرامبەر بەمیللەتەكەی بسەلمێنێت، ڕێگری لەیاسایەك بكات كە ئەگەرێكی زۆرە ببێتە هۆی ئەوەی بەشێكی بەرچاوی كۆمەڵگە لەمافەكانیان بێبەش بكات، واتا ئەم دەقە یاساییە دەرفەت و دەستەڵاتەكانی سەرۆك كۆماری دیاریكردیە، رێگەی ئەوەشی پێدایە رێگری لە پێشیلكردنی دەستوور .

پرسی کۆتا

بریارەكە یاسایی نیە، سیاسیە چونكە ئەگەر تەرخانكردنی كورسی كۆتا بۆ پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان نادەستوورییە، ئەی بۆچی تەرخانكردنی كورسی كۆتا بۆ پێكهاتەکان لە پەرلەمانی عێراق دەستوورییە، لەكاتێكدا دەستوور بۆ عێراق و کوردستان هەمان دەستوورە .
سەرۆك كۆماری ئێستا هەمان هەڵەكانی سەرۆك كۆماری رابردوو دووبارە دەكاتەوە، ئەمەش ئەو پرسیارەمان لەلا دروست دەكات دووبارەكردنەوەی هەڵەكان سەرۆك كۆمار بەرەو كوێ دەبات، چارەنووسی عێڕاق وەک وڵاتێکی فیدڕالی بەرەوە کوێ دەبات!

سەرنجەكان
سەرۆك كۆمار دەتوانێت بەچەند هەنگاوێكی یاسایی و نیشتمانی بەرامبەر بەم بریارە نادروستەدا بوەستێتەوە چونكە خودی بریارێكی لەم شێوەیە ئەگەرێكی زۆرە رێژەی بایكۆت بەرفراوان بكات، لەلایەكی ترەوە بەشێكی زۆری كوردستانیان لەهاوڵاتیانی كریستیان و توركمان لەمافەكانیان بێبەش دەكات، ئەمەش راستەوخۆ پێچەوانەی ئەو برگەیە كەباس لە چەسپاندنی ئاسایشی كۆمەلایەتی دەكات، ئەو بڕیارە ڕەهەندێکی ڕەگەزپەرستی و شۆڤینی تێدایە بەرامبەر پێکهاتەکان کە هێشتا لە عێڕاق پێیان دەگوترێت کەمینەکان.

Top