پڕەنسیپی پێشانگای هونەری لە قوتابخانەكان

پڕەنسیپی پێشانگای هونەری لە قوتابخانەكان

(ئیدوارد جۆرج بلویر) نوسەر و سیاسەتمەداری بەریتانی دەڵێ " بەهرەمەند ئەنجامی ئەوە دەدات كە ئەنجام دەدرێ، بەڵام بلیمەت ئەنجامی ئەوە دەدات كە پێویستە ئەنجام بدرێ".
شكی تێدانییە چالاكی هونەری قوتابیان كە لە قوتابخانە ئەنجام دەدرێ لە پێویستییە گرنگەكانی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دادەنرێ، و بەشێكی دانەبڕاوە لە كۆی پرۆسە و بەرنامە و پڕۆگرامی پەروەردە و فێركردن، كە یارمەتیدەری سەرەكییە بۆ قوتابی لە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن لە باخچەوە تادەگاتە ئامادەیی لە دۆزینەوەی تواناكانیان ،جگە لەمەش بەهۆكاری گرنگ دەزانرێ لە بنیاتنان و دروست كردنی كەسایەتی قوتابی لە قوتابخانە و دۆزینەوەی بەهرە و توانا و كارامەییەكانی قوتابی. چونكە لە ئەنجامی هەر بەشداری كردنێكی قوتابی لە هەر چالاكییەكی هونەری دەتوانێ‌ كۆمەڵێ شارەزایی و فێربوونی نوێ بەدەست بهێنێ، جگە لەمەش پەیوەندی و كارلێكی كۆمەڵایەتی دروست دەكات لە نێوان قوتابییەكانی تر كە بەیەكەوە بەشداری ئەو جۆرە چالاكی و پێشانگا هونەرییانە دەكەن. لە ئەنجامدا قوتابی هەست بە دڵخۆشی و ئاسودەیی و ڕازی بوون و متمانە بەخۆبوون دەكات، چونكە توانیویەتی بەشداری بكات و بەرهەمی هەبێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت و هەست بە گیانی سەركردەیی دەكات و خاوەن بەرهەم دەبێت.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە پێویستە ببیستین و ببینین كاتێ قوتابخانەیەك چالاكی و پێشانگایەكی هونەری ئەنجام دەدات كە بەرهەمی قوتابخانەكەیەتی ڕۆڵی سەرەكی قوتابی و خێزان و كەسوكاری قوتابی و پەڕاوێز نەخرێ و گرنگی پێ بدرێت. ئەوانەی كە پێویستە بانگهێشتی(داوەت) ومیوانداری چالاكی و پێشانگای قوتابخانە بكرێت، قوتابیەكان و خانەوادە و كەسوكاری قوتابیەكان خۆیان بن لەگەڵ دەستەی كارگێڕیی و سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانەكە، ئەوكاتە دەتوانرێ بەرهەم و بلیمەتی و بەهرە و توانای قوتابیەكان ببینرێ و قوتابیەكانیش هەست بە خۆشی و ئاسودەیی و توانای خۆیان دەكەن، بە ئامادەبوونی كەسوكاریان لە هەمان كاتدا كەسوكاری قوتابی زیاتر پاڵپشتی و یارمەتی منداڵەكان و قوتابخانەكە دەكات، وەخالێكی تر كە پێویستە نەكرێتە بارگرانی و خەرجی زۆر لە سەر قوتابی و كەسوكاری قوتابی(چێشت ئامادەكردن) و هێنانی بۆ قوتابخانەكان لەم جۆرە چالاكییانە، كە هیچ بەهرەمەندی و بلیمەتی و داهێنانی تێدا نابینم پەیوەندیدار بێ بە چالاكی و پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، بەڵكو بە پێچەوانەوە گرفت و ئاستەنگ و خەرجی زۆر دەخاتە سەر قوتابی و خێزانەكانیان.
بەگرنگییەكی پەروەردەیی دەزانم ئەو جۆرە چالاكی و پێشانگایانە كە لە قوتابخانەكان ئەنجام دەدرێ تەنها خێزانی قوتابخانە و كەسوكاری قوتابیان ئامادە بن و ببێتە ڕۆژی قوتابخانە. دواتر كە لە سەر ئاستی پەروەردەی قەزا چاڵاكی ئەنجام دەدرێ قوتابخانەكان دەتوانن بەشداری بكەن بە چەند بڕگەیەك لە هۆڵێكی دیاری كراو بە ئامادەبوونی پەروەردەی پەیوەندیدار و میوانانی تری پەیوەندیدار و لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕی پەیوەندیدار هەڵسەنگاندن بۆ چاڵاكییەكە بكرێ، بۆ بەشداری كردن لە پێشانگای سەر ئاستی پارێزگا و بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان. گرنگە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاكان و بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان جەخت و دووپات بكرێتەوە لە سەر چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو جۆرە چاڵاكییانە بە پێی پڕەنسیپە پەروەردەییەكان و دۆزینەوە و دەرخستنی زیاتری بەهرەی قوتابیان.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top