"سەلمە" گەڕایەوە بۆ شاری كەركووك

دوای نمایشەكانی لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەكە لە شاری سلێمانی و دواتر لە شاری هەڵەبجە, گروپی شانۆیی هەوار مۆنۆدرامای سەلمە گەڕاندەوە شاری كەركووك و بە هاوبەشی كچە ئەكتەری فەرەنسی ئۆرێلی ئیمبێرت نمایشەكانی دەستپێكردەوە .

ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 18/2/2024 لەقەڵای كەركووك بە ئامادەبوونی ژمارەیەك هونەرمەند و كەسایەتی دیاری ئەو شارە مۆنۆدرامای (سەلمە) نمایشكرا كە خانمە هونەرمەند و شانۆكار (هەوار فارس) لە كوردستان و كچە ئەكتەری فەرەنسی (ئۆرێلی ئیمبێرت) ئەكتەری سەرەكی شانۆگەرییەكە بوون .

دەرهێنەری سەلمە (نەژاد نەجم) توانی ڕێچكەیەكی نوێ تاقی بكاتەوەو فۆرمێكی نوێی شانۆ نیشان بدات,ئەویش بە هەڵبژاردنی ئەكتەرێكی دیكە و زیادكردنی بۆ دوو ئەكتەر لە مۆنۆدرامادا بەڵام بەبێ ئەوەی ڕێسای ئەم جۆرە شانۆییە بشكێت كە هەوار فارس دەقەكەی بە زمانی كوردی و ئۆرێلی ئیمبێرت دەقەكەی بە زمانی ئینگلیزی نمایش دەكەن.

شانۆگەری سەلمە كە بەرهەمی گروپی شانۆیی هەوارە,هونەرمەند و شانۆكار (نەژاد نەجم) كاری دەرهێنانی ئەنجامداوەو دكتۆر (دڵشاد مستەفا) دەقی شانۆگەرییەكەی نووسیوە, سەلمە زمانحاڵ و كاراكتەری سەرەكی نێو شانۆگەرییەكەیەو هەر جوڵەو دەقێكی پەیامێكەو كۆمەڵێك چیرۆكی تراژیدیا دەگێڕێتەوە هەرجارەو ڕۆڵێك دەبینێت سەلمە منداڵە دایكە باوكە پارێزەرە پۆلیسە,هاوارێكە بەگوێی جیهاندا, ناوەڕۆكی ئەم مۆنۆدرامایە باس لە نەهامەتی و رووداوە یەك بەدوا یەكەكانی گەلی كورد دەكات لە ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە و ڕاگواستنی خێزانی كورد لە خاك و زێدی خۆیان.

گوڵان-ئاسۆ كاكەیی

Top