نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن

نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سێیەمین رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبووەوە و دۆخى عێراق و ره‌وشى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدایان تاوتوێ کرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رۆژی یەکشەممە، 18-02-2024، رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی مايكڵ تێرنه‌ر، ئەندامی کۆنگرێس کۆبوونەوە. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، "په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و ره‌وشى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و دوايين پێشهاته‌كانى گفتوگۆى نێوانيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان تاوتوێ کران."
 
لە کۆبوونەوەکەدا شاندەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا "پشتیوانی" خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "شاندەکە دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئەمریکا به‌ بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ وه‌ك هاوپه‌يمان و هاوبه‌شێكى گرنگى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت."
 
لە بەرامبەر هەڵوێستەکانی کۆنگرێس بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و گوتەی شاندەکە، بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچيرڤان بارزانى "سوپاسى پشتگيريى به‌رده‌وامى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكاى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد."
 
کۆنفرانسی میونشن بە بەشداری چەندین سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیهان لە رۆژی هەیینی، 16ـی شوبات دەستیپێکرد، تاوتوێی گرژییەکانی جیهان بە گشتی، جەنگی ئۆکراینا و رووسیا و شەڕی غەززە و ئاڵنگارییەکان و رێگریکردن لە پەرەسەندنی شەڕ و بەرقەرارکردنی ئاشتی.
 
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی شوباتی 2024، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گەیشتە ئەڵمانیا و لە هەمان رۆژدا کۆبوونەوە و دیدارەکانی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان دەستیپێکرد. 
 
هەروەها رۆژی هەینی، 16-02-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم رۆژی 60ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، ''کۆنفرانسەکە بۆ گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستان بە سەرکردەکان و ئەوانەی لەسەر ئاستی جیهان بەشداریی بڕیاردان دەکەن، زۆر گرنگە.''
 

 

نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن
Top