سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و گه‌وره ڕاوێژكارێكى سه‌رۆك بايدن كۆده‌بنه‌وه
پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2024/2/17، له كۆنفرانسى ئاساييشى ميونشن له ئه‌ڵمانيا، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئامۆس هۆکستا‌ين، گه‌وره ڕاوێژكارى به‌ڕێز جۆ بايدن سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى وزه و وه‌به‌رهێنان، كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له بوارى ئابوورى و هاريكاريى وزه و وه‌به‌رهێناندا، دوايين ڕێكار و هه‌نگاوه‌كان بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و گفتوگۆى لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق له‌مباره‌يه‌وه، باس كران.
به‌ڕێز هۆكستاين باسى له‌وه كرد كه ئه‌مه‌ريكا به بايه‌خ و گرنگييه‌وه ده‌ڕوانێته ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ده‌خوازێت له كه‌رته‌كانى ئابوورى و وه‌به‌رهێنان و وزه‌دا، بره‌و به ده‌رفه‌ته‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شيان بدات، هه‌روه‌ها پابه‌نديى ئه‌مه‌ريكاى به به‌رده‌واميى پشتگيرى و يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپات كرده‌وه.
تاوتوێكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ر هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و ديپلۆماتكاران له عێراق و كاريگه‌ريى ئاڵۆزييه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.