كــاریــگــەریــیــەكـــانـــی گـــۆڕانی كـــەشـــوهـــەوا لـــەســـەر ســێــكــتــــەری ســــەربـــــازی
گۆڕانی كەشوهەوا لە ساكارترین پێناسەیدا بریتییە لەو گۆڕانە درێژخانەیەی كە لە پلەكانی گەرمی و شێوازەكانی كەشدا ڕوودەدات، جا چ سرووشتی بێت، یان بە هۆی چالاكییە مرۆییەكانەوە بێت لە ڕێگەی بەكارهێنانی وزەی بەردینی وەك نەوت و غاز و خەڵووز، كە لەئەنجامی سووتاندنیان گازە گەرمكارەكان پەیدا دەبن و، وەك پەرژینێك دەورەی گۆی زەوی دەدەن و گەرما گل دەدەنەوە و پلەی گەرمییش بەرز دەكەنەوە.
دیارترین دەركەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بریتین لە:
گەرمیی توند: كە دەبێتە هۆی ماندووكردنی مرۆڤ و لەهۆشخۆچوونی و هەندێك جاریش گیان لەدەستدانی، هەروەها كار دەكاتە سەر پەكخستنی زۆرێك لە ئامراز و ئامێرەكان.
خۆڵبارین: زیانی تەندروستیی هەیە، زیان بە چەك و ئامێرە میكانییەكان دەگەیەنێت و لەكاریان دەخات، مەودای بینین كەم دەكاتەوە، چالاكییە ئاسمانییەكان ڕادەگرێت.
بارانی بەخوڕ و لافاو: هەڕەشەن لەسەر ئامادەكارییەكان بۆ جەنگ و گۆڕینی پلانە سەربازییەكان، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، زیانگەیاندن بە خانووبەرە و ماڵەكان، ئاوارەبوونی دانیشتووان، پەنابردنە بەر هێزی سەربازی بۆ هاوكاریكردن و ڕێگرتن لە دەرهاویشتە نەخوازراوەكان.
وشكەساڵی و بەبیابانبوون: زیانگەیاندن بە بەروبوومی كشتوكاڵی و ئاسایشی خۆراك، دابەزینی ئاستی ئاو، پەیدابوونی هەژاری، دروستبوونی ئاژاوە و ململانێ، ناچاربوونی هێزی سەربازیی بۆ بەشداربوون لە كۆنتڕۆڵكردن و كۆتاییهێنان بە بارگرژییەكان.
هەموو ئەم دەرهاویشتانەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، وا لە حكومەتەكان دەكات، كە ئەركی زیادە و ماندووبوون و بارگرانییەكی دیكە و كاری نوێ بخەنە ئەستۆی سوپا و هێزە سەربازیییەكان، بە مەبەستی دانانی سنوورێك بۆ ئەو شەڕ و ململانێ و ئاژاوە و بارگرژییانەی دێنە ئاراوە.
ئاسایشی نیشتمانی كە بریتییە لە توانای دەوڵەت بۆ پاراستنی خاك و دەرامەت و بەرژەوەندییەكانی لە هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی و ناوخۆیی.
ئاسایشی كەشوهەوا كە بریتییە لە كۆی ئەو هەوڵانەی كە دەدرێن لە نێوان لایەنە ژینگەییەكان و لایەنە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكاندا بۆ زاڵبوون بەسەر كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی سەر ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی بایەخدان بە چەمكی ئاسایشی كەشوهەوا.
كاتێك كە ئەو مەترسی و هەڕەشە جۆراوجۆرانەی بە هۆی گۆڕانی كەشوهەواوە ڕووبەڕووی وڵاتانی جیهان بوونەتەوە، لە دواجاردا كاریگەرییان لەسەر سوپا و هێزە سەربازییەكان و ئاسایشی نیشتمانی هەیە، بۆیە ئەمڕۆ ئاسایشی كەشوهەوا بووەتە بەشێك لە ئاسایشی نیشتمانی لە هەر وڵاتێك.
بە مەبەستی نەهێشتن، یان كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر سوپا و هێزە سەربازییەكان ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوە و هاوشێوەكانی پێویستن:
1- جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی كە لەنێو ڕێككەوتننامەی پاریسدا هاتوون و، بوونەتە بەشێك لە بەڵگەنامەی پشكداریی نیشتمانیی تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا، وەك پابەندبوونێكی ئارەزوومەندانەی هەر وڵاتێك بەو هەنگاوانەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ بۆ خۆی دیاری كردوون.
2- بایەخدان بە دیپلۆماسییەتی كەشوهەوا بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئاشتییانە.
3- بەدەستهێنانی هاوكاریی دارایی و تەكنۆلۆژیای دۆستی ژینگە و پێداویستییە زانستییەكان.
4- بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی لە ڕێگەی ڕێكخراوەكان و میدیا و ناوەندەكانی خوێندنەوە.
5- سیستمی وریاكردنەوەی پێشوەخت، وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەرە جیاجیاكان.