د. مەحمود عوسمان سیاسەتمەدار: ئێمە باجی بوونی ئەمریكییەكان دەدەین لە كوردستان و ئەوانیش هیچ هەڵوێستێكیان نییە

د. مەحمود عوسمان سیاسەتمەدار:  ئێمە باجی بوونی ئەمریكییەكان دەدەین لە كوردستان و ئەوانیش هیچ هەڵوێستێكیان نییە

 

 

د. مەحمود عوسمان، كەسایەتیی دیار و سیاسەتمەداری دێرینی كوردستانە و، هەموو كات لەسەر ڕووداوەكان هەڵوێستی تایبەتی و قسەی جددیی خۆی هەیە، لە لێدوانیكدا بۆ ڕاپۆرتی مەیدانیی بازنەی گفتوگۆ (بەئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان و هۆكارەكانی) بەم جۆرە بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، ئاشكرایە لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە دەكرێت، كە داگیركاری كوردستانن و خۆیان چەندین ملیۆن كوردیان هەیە و هیچ مافێكیان نییە، لە هەمان كاتیشدا هەرێمی كوردستان بەراورد بەو دەوڵەتانە لاوازە، هەروەها هێزەكانی هاوپەیمانانیش بەگشتی و ئەمریكاش بەتایبەتی كە بە حیساب لێرەن بۆ ئەوەی ئێمە بپارێزن، بەڵام بواریان داوە بەو دەوڵەتانە لە ئێمە بدەن و هیچ بەرگرییەكیش لە ئێمە ناكەن.

ئەمە یەكەم جار نییە ئێران بە مووشەكی بالیستیكی (كە ئەم چەكە لە شەڕی زۆر گەورە نەبێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قەدەغە كراوە) لە هەولێر دەدات، پار بە بیانووی ئەوەی بنكەی مۆساد هەیە، ماڵی سەرمایەدار و بارزگانێكی گەورەی كوردستانی مووشەكباران كرد، ئەمساڵیش بە هەمان بیانوو، ماڵی سەرمایەدارێكی دیكەی گەورەی كوردستانی دیسان بە هەمان مووشەكی بالیستیكی بۆردومان كردووە، هەروەها ڕۆژانە بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرش دەكرێتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە بیانووی بوونی بنكەی هێزەكانی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە، ئەمەش وای كردووە، فڕۆكەخانەی هەولێریش بكەوێتە مەترسییەوە، چەندین هێڵی ئاسمانیی بەناوبانگ گەشتەكانی خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە و گەشت بۆ هەولێر ئەنجام نادەن. بۆیە من بە ڕاشكاوی قسە دەكەم، ئێمە باجی ئەمریكییەكان دەدەین، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، باشە كە ئەمریكا و هاوپەیمانان لێرە لە كوردستانن، بۆ سیستمێكی بەرگریی پێشكەوتوو دانانێن تا بەرگری لە خۆشیان و لە ئێمەش بكەن؟ بە ڕاستی وەڵامی ئەم پرسیارە دەگاتە ئەوەی بڵێین: نەبوونیان لە بوونیان چاكترە.

بۆیە گرنگە ئەم واقیعە وەك خۆی بخوێنینەوە. دەبێ ئەوە لەبەر چاو بگرین كە جوگرافیا دوژمنی ئێمەیە، ئێمە كەوتووینەتە ناوچەیەك كە دەوڵەتانی چوار دەورمان هەموویان دوژمنی ئێمەن. ڕاستە ئەو دەوڵەتانە لەناو خۆشیاندا كێشەیان هەیە، بەڵام كە هەتە سەر پرسی كورد و سەربەخۆیی، ئەوان كێشەكانی خۆیان وەلا دەنێن و گەلەكۆمەكێ لە ئێمە دەكەن، لە بەرانبەریشدا كە پێویستە زۆر بە ڕاشكاوی ئەم ڕاستییە دووبارە بكەینەوە، ئەمریكا تەنیا تەماشا دەكات و هیچ هەڵوێستێكی نییە، كونسووڵخانەی ئەمریكا بەیاننامەیەكی دەركردووە و دەڵێت: ئەو هێرشانە هیچ بۆ سەر ئێمە نەبووە و هیچ زیانێكمان نەبووە، ئەمە ئەو پەڕی هەڵوێستی نامرۆڤانەیە، باشە ئەگەر زیانی بۆ ئەمریكا نەبوو، ئیدی ئەوەی شەهید دەبێت و دەبێت بە قوربانی گرنگ نییە؟ لە كاتێكدا هەموو ئەو هێرش و دەستدرێژییانە كە دەكرێن بە هۆی بوونی بنكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانە لە كوردستان، بۆیە ئەمە وامان لێدەكات، ئێمە وەك كورد وەك كۆی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە خۆماندا بچینەوە و خۆمان بیر لە چارەسەرێك بكەینەوە.

كێشە و ئاستەنگی سەرەكی كە وای كردووە نەتوانین بیر لە چارەسەری كێشەكان بكەینەوە، بە پلەی یەكەم ئەوەیە كە هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یەك نین و تەبا نین، كارەستێكی وا گەورە ڕووی داوە، دەبوو حزبەكان واز لە هەموو شتێك بهێنن و پێكەوە كۆببنەوە و بەیانێكی هاوبەش و یەكگرتوو بۆ سەركۆنەكردنی ئەو هێرش و دەستدرێژییانە دەربكەن، نەك هەر حزبێك بە جیا و بە پێوەری بەرژوەندییەكانی خۆی بەیان دەربكات، ئەوجا نەك هەر بەرانبەر ئەم كارەساتە، حزبەكانی كوردستان هەڵوێستیان بەرانبەر بەغداش یەكگرتوو نییە، بۆیە زۆر گرنگە هەموو حزبەكان پێكەوە وەك سەردەمی بەرەی كوردستانی كۆببنەوە و پێكەوە یەك هەڵوێست و یەك پەیاممان هەبێت، بەلای منەوە پێویستە لەم قۆناغەدا حزبەكان بیر لە بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان بكەنەوە و هەوڵ بدەن جۆرە بەرەیەك دروست بكەن، وەك بەرەی كوردستانی بۆ ئەوەی یەك هەڵوێستمان هەبێت. ئەگەر توانییان ئەمە بكەن، وەزعمان باشتر دەبێت، بەڵام بەداخەوە حزبە سیاسییەكان حزبایەتیی تەسك دەكەن، كارێكیان كردووە كە بێجگە لە ئەندامەكانی خۆیان، هاووڵاتیانی غەیرە حزبی هیچ نەبن و فەرامۆش كراون، من لە خۆمەوە سەیر دەكەم كە كەسێكی سەربەخۆم و سەر بە هێچ حزبێك نیم، كەس نەهاتووە لێم بپرسێت: ڕای تۆ لەسەر ئەم بارودۆخە چییە، هەتا هەست بكەم، منیش وەك هاووڵاتییەكی ئەم كوردستانە ڕەئیم هەیە و دەتوانم بەشدارییەك لە ڕووداوەكاندا بكەم، ئەمە بۆ دەستەبژێری نیشتمانپەروەر و ئەكادیمیست و خاوەن بیروبۆچوونە نیشتمانییەكانیش هەر بەو جۆرەیە، ڕاستە هەندێكیان لە میدیا ڕای خۆیان دەردەبڕن، بەڵام من لەو بڕوایەدام كەس گوێیان لێ ناگرێت و كار بە بۆچوونەكانیان ناكەن، بە كورت و كرمانجی، هەڵەی گەورەی ئێمە ئەوەیە یەكگرتوو نین و حزبایەتیی تەسك دەكەین، زۆر بە ئاشكرا لە ئێستادا بەرژەوەندیی حزب خراوەتە سەرووی بەرژوەندیی كوردایەتی و بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستانەوە.

 

Top