مەحموود ڕەش ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: چەكدارانی پەكەكە هاوشێوەی دوژمنەكانی كورد چاویان بە هەرێمی كوردستان و ئاشتی هەڵنایەت

مەحموود ڕەش  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:  چەكدارانی پەكەكە هاوشێوەی دوژمنەكانی كورد چاویان بە هەرێمی كوردستان و ئاشتی هەڵنایەت

 

چەكدارانی پەكەكە لە هەموو بازگەكانیاندا لە باشووری كوردستان سەرانە وەردەگرن

 

پەكەكە بە پاڵپشتیی ڕژێمی سووریا ئەوەی خوا و مرۆڤ پێی ناخۆشە دژی كوردی ڕۆژئاوا كردوویانە

 

پەكەكە لەو كاتەوە دامەزراوە، نەیتوانیوە یەك بست لە خاكی كوردستان بەتایبەت لە باكوور ڕزگار بكات، لەو كاتەوەش پەلاماری هەرێمی كوردستانی داوە و چەند شوێنێكی وەك قەندیلی داگیر كردووە، بووەتە هۆی سەرئێشە و زەحمەتییەكی گەورە و، باوەڕیشی بە بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی كوردستان نییە. هەر سەبارەت بەو پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ مەحموود ڕەش ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* ئایا باكووری كوردستان چیا و شاخ و دۆڵی سەختی نییە، كە پەكەكە بتوانن تێیدا بمێننەوە و شەڕی سوپای توركیا بكەن، كە هاتوونەتە ناو سنووری هەرێمی كوردستان و چەند شوێنێكی وەك چیای قەندیل و دەڤەری دیكەیان داگیر كردووە و بوونەتە هۆكاری ئەوەی كە سوپای توركیا پەلكێش بكەن بۆ چەندین شوێن و ناوچە لە سنووری باشووری هەرێمی كوردستان؟ بۆچی پەكەكە كاری چەكدارانە لە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان ناكەن؟

- سەرەتا هاوخەمی و ناڕەزایی خۆم بۆ مووشەكبارانی سەر پایتەختی هەرێمی كوردستان دەردەبڕم كە بۆ سەر ماڵ و خانەوادەیەكی دیار و سڤیلی گەلی كوردستان لەلایەن ئێرانەوە كرا. سەبارەت بە چەكدارانی پەكەكەش، نەك چەند ساڵە بەڵكو لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بۆمان دەركەوت كە لە بەرنامە و پەیڕەو پڕۆگرامەكانی هەڵگری بیری نەتەوەیی و نیشتمانی و كوردستانی و سەربەخۆیی نییە، چونكە هەر پارت و لایەنێكی كوردستانی خاوەن بیری نەتەوەیی و كوردستانی بێت، دەبێت لە چوارچێوەی ڕێباز و بیر و عەقیدەی بارزانیی كۆببێتەوە، لەبەر ئەوەی بە درێژای مێژوو بۆ كورد و تەواوی گەلی كوردستان دەركەوتووە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو بیر و عەقیدەیەی هەیە و خەمخۆری بووە و شۆڕشی لەپێناو ڕزگاریی كورد و گەلی كوردستان كردووە، بەڵام پەكەكە بەپێچەوانەوە جووڵاونەتەوە، ئەگینا باكووری كوردستان چەندین ناوچە و چیا و شاخ و ئەشكەوت و دۆڵی سەختی لێیە كە چەكدارانی پەكەكە دەتوانن لەو شوێنانە درێژە بە شۆڕشی خۆیان بدەن، كەچی بە فیت و دەستلەپشدانی دوژمنانی كورد و كوردستان هاتوون پەلاماری باشووری كوردستانیان داوە، بەمەش سوپای توركیایان پەلكێش كردووە بۆ ناو هەرێمی كوردستان و لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادانی نێوانیان، چەندین گوند و ناوچە چۆڵ كراون و دەستی ئاوەدانیی حكومەتی كوردستانیان پێ نەگەیشتووە و، ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سڤیلی باشووری كوردستان بە بێ گوناح شەهید و بریندار بوون. پەكەكە زیاتر مەبەستی ڕاستەقینەی نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیرییە بۆ هەرێمی كوردستان، سەركردەكانیان مەرام و مەبەستیان لە هەموو پیلان و كارەكانیاندا دژی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەوان چاویان بەو قەوارە ئازاد و دیموكرات و ئاوەدان و سەقامگیرەدا هەڵنایەت و بە هاوشێوەی دوژمنەكانی كورد پیلان و كاری تێكدەرانە لە دژی ئەنجام دەدەن. بەتایبەت لەلایەن سەركردە بەرژەوەندخوازەكانیان بۆ نموونە «عەباس و موراد قەرەیلان»، بەڵام بە حیكمەتی سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان پیلانەكانی چەكدارانی پەكەكە لە دژی باشووری كوردستان نەهاتوونەتەدی.

* ئایا چەكدارانی پەكەكە ئێستا بارودۆخیان چۆنە و ڕێكخستن و جەماوەریان تا چەند لەگەڵ ماوە؟

- بارودۆخی پەكەكە بەگشتی لە هەموو لایەنێكەوە بەتایبەت لە ڕووی متمانەی جەماوەری و ڕێكخستنەكانی، هەروەها لە ڕووی دارایی و لۆجستییەوە زۆر خراپ بووە، چونكە بۆ ئێمە كە چەندین ساڵ تەمەنی گەنجیی خۆمان لەناو ڕێكخستنەكانیان و چەكدارای لە چیا و شاخ بە زستان و سەرما و بە بێ نان و خواردن بەڕێ كرد، بۆمان دەركەوت، پەكەكە ئەو بیر و هزر و شوێنە نییە كە ئێمە پێی هەڵخەڵەتابووین، بەڵكو لایەنێكی چەكدارییە بە دەستلەپشتدان و قسەی دوژمن و داگیركەرانی كوردستان دەجووڵێتەوە، بۆیە دەرفەتمان وەرگرت و هاتینە باشووری كوردستان، بەتایبەت خۆمان لەناو ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی باوك دیتەوە، ئەوەتا ڕۆژانە چەكدارانی پەكەكە و ڕێكخستنەكانیان لێیان دوور دەكەونەوە، بە هۆی ئەوەی بۆیان ڕوون بووەتەوە پەكەكە تاقمێكی چەكداری ناشۆڕشگێڕ و دوور لە هزر و بیری نەتەوایەتی و كوردایەتین و كار بۆ بەرژەوەندیی چەند كەس و وڵاتان دەكەن، بەتایبەت لە دژی هەرێمی كوردستان كە هەنگاوی باشی بڕیوە بۆ سەربەخۆیی، هەروەها چەند شەڕی خۆدۆڕانیان لە باكووری كوردستان ئەنجام داوە، كە بووەتە هۆی ئەوەی تەنیا ناوچە كوردستانییەكان لەدەستیان بچێت و خەڵك و دانیشتووانی باكووری كوردستان لە ڕووی مرۆیی و دارایییەوە زیانێكی زۆریان بەركەوێت، بە هۆی ئەم كار و كردەوانەشیانەوە پەكەكە جەماوەر و خەڵكێكی زۆریان لەدەست داوە، هەروەها لە دامەزراندنی پەكەكەوە تا دوو ساڵ پێش ئێستاكەش، مانگانە لەلایەن ڕێكخستنەكانیان و پەناهەندەكان لە هەموو شوێنێكی دونیا بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپا پارەیەكی زۆریان بۆ كۆدەكرایەوە و بە دەستیان دەگەیشت، بەڵام لە ئێستادا ئەو هاوكاری و یارمەتییانەیان تا ئاستێكی زۆر كەم بووەتەوە، چەكدارانی پەكەكەش لەو كاتەوە هاتوونەتە ئەو شوێن و دەڤەرانەی باشووری كوردستان، سەرانە لەو كاسبكار و بازرگانانە وەردەگرن كە لە ناوچەكە هاتوچۆ دەكەن، بەتایبەت لەو خاڵ و بازگە نافەرمییانەی لە سنوورەكە هەیە. لەلایەكی دیكەوە ڕژێمەكانی ئێران و سووریا و حەشدی شەعبیی عێراقی هاوكاریی مووچە و لۆجستیكیی پەكەكە دەكەن. هەموو هاوكارییەكانی هەرێمایەتی و حەشدی شەعبیش بۆ چەكدارانی پەكەكە تەنیا بۆ تێكدان و نانەوەی ئاژاوەیە.

* هۆكار چییە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە دەبێت پەكەكە بەشێوەی گروپی چەكداری بچووك لە چەندین شوێنی باشوری كوردستان بەتایبەت لە سنووری سلێمانی دەردەكەون؟

- چەكدارانی پەكەكە لە سەروبەری ئەنجامدانی ڕێفراندۆمە مەزن و پیرۆزەكەی گەلی كوردستانەوە بوونەتە جاش و بەكرێگیراوی وڵاتانی دژ بە كورد، ڕیفراندۆم بووە چەقڵی چاوی دوژمنان و سەركەوتنێكی گەورە و زۆری بەدەست هێنا، بەڵام ئەو كارە خراپ و ناڕەواییانەی چەكدارانی پەكەكە لەو چەند ساڵەدا كردوویانە بریتین لە یەكەم: هەڵخەڵەتاندنی ژمارەیەك كچ و كوڕانی خوار تەمەنی(18) ساڵ و چەكداركردنیان و دابڕانیان لە خێزانەكانیان. دووەم: بوونەتە هۆكار بۆ نانەوەی كێشە لەو شوێنانەی بۆی چوون و وەرگرتنی پارە و پێداویستیی دیكە بە ناوی هاوكاری و یارمەتییەوە. سێیەم: ئەو گرووپ و جووڵانەوەكانی چەكدارانی پەكەكە لەو شوێن و ناوچانەیی باشووری كوردستان بووەتە هۆی ئەوەی درۆنی سوپای توركیا پەلكێش بكەن بۆ قووڵایی هەرێمی كوردستان كە درۆنەكانیش زیانی گیانی و دارایی بە خەڵكی ئەو ناوچانە گەیاندووە. چوارەم: لەگەڵ هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای ئێران و چەندین هێز و لایەنی دیكە لە (16)ی ئۆكتۆبەر چەندین گرووپی چەكدارانی پەكەكەش بەشدار و هاوكاریان بوون، دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە داگیركردنی شاری كەركووك و چەندین شوێنی دیكە.

* ئەم كردەوانەی پەكەكە زۆر جار دەچنە قاڵبی تیرۆریستییەوە، ئایا كوڕان و كچانی گەریلا ئەم ڕاستییە نازانن؟

- چەكدارانی پەكەكە جگە لەوەی دژی بنەماكانی مافی مرۆڤن لە قەدەغەكردنی چەكداركردنی خوار تەمەنی پێگەیشتوو، لێرە و لەوێش كاری تەقاندنەوە و كوشتن ئەنجام دەدەن. لە كوردستانی ڕۆژئاوا ئەوەی خوا و مرۆڤ و كورد پێی ناخۆش بێت، ئەوان لە دژی كوردستانییانی ڕۆژئاوا كردوویانە و ڕژێمی سووریاش هاوكار و پاڵپشتی گەورە و بەهێزیانە، بەمەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەكەكە لە لیستی تیرۆر دادەنێت. پەكەكە هیچ كاتێك باوەڕ و مەنهەجی ئاشتی و گفتوگۆی لەگەڵ كەس نییە. ئەو پڕۆسەی ئاشتییەی سەرۆك بارزانی كاری زۆری بۆ كرد، تاوەكو بە دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی توركیا كوردی باكوور بگەنە ئامانج و دەرفەتێك كە ئاشتەوایی و ژیان و گوزەران بۆ ئەو بەشەش بێتەدی، كەچی پەكەكە بە فیتی وڵاتانی ناوچەكە ئەو دەرفەتەی بۆ گەلی كوردی باكوور لەدەست دا. كورد بەگشتی بە هیوای ئەوە بوو، لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان تا سەر دەریا ببێتە یەك پارچە و دەرفەتی گەورەتر لەوەی هەرێمی كوردستانیش بۆ گەلی كورد بێتەدی، كەچی پەكەكە ئەوەشیان شێواند.   

Top