ستروان ستیڤێنسۆن سەرۆكی لێژنەی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ پاراستنی ئازادییە سیاسییەكان، بۆ گوڵان: ئێران بە دۆخێكی ناوخۆیی لەرزۆكدا تێپدەپەڕێت و نمایشێكی نائومێدانەی هێز دەكات

ستروان ستیڤێنسۆن  سەرۆكی لێژنەی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ پاراستنی ئازادییە سیاسییەكان، بۆ گوڵان:  ئێران بە دۆخێكی ناوخۆیی لەرزۆكدا تێپدەپەڕێت و نمایشێكی نائومێدانەی هێز دەكات

 

 

ستروان ستیڤێنسۆن ئەندامی پێشووی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا بووە و نوێنەرێتیی سكۆتلەندای دەكرد لە نێوان ساڵانی (1999-2014)، و سەرۆك شاندی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا بوو بۆ پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراقدا لە ساڵانی (2009-2104) و سەرۆكی گرووپی دۆستانی ئێرانی ئازاد بووە لە ساڵانی نێوان (2004-2014). هەروەها سەرۆكی لێژنەی بەدیهێنانی دادپەروەرییە بۆ پاراستنی ئازادییە سیاسییەكان لە ئێران و، ڕێكخەری هەڵمەتی گۆڕانكارییە لە ئێران. وانەبێژی نێودەوڵەتییە لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێستادا سەرۆكی كۆمەڵەی ئەوروپیی ئازادیی عێراقە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە بە شێوەیەكی سەرەكی پەیوەست بوون بە هۆكار و پاڵنەرەكانی هێرشكردنی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر و، ئەگەری هەڵكشانی زیاتری بارودۆخ و پێشهاتەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* سەرەتا دەمانەوێت لەو پرسیارەوە دەست پێبكەین، كە بۆچی ئێران بێ گوێدانە سەروەریی عێراق هێرشی كردە سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان؟ ئایا هۆكار و پاڵنەرە سەرەكییەكانی ئەم هێرشە چی بوون؟

- لە ڕاستیدا دەكرێت بڵێین كە لەسەر ئاستی بارودۆخی ناوخۆیی ئەوا ڕژێمی ئێران لە بارێكی تەواو لاواز و لەرزۆكدایە، كەواتە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بكەین، كە ئەولەوییەتی یەكەمی ئەم ڕژێمە پارێزگاریكردن و درێژەدانە بە دەسەڵات لە بەرانبەر كۆمەڵگەیەكدا كە لە كەف و كوڵدایە، لە هەمان كاتدا، دەبێت باس لەوەش بكەین، كە ئێران تووشی چەند گوزرێكی گەورە بووەتەوە لە ناوچەكەدا، وەك كوژرانی فەرماندەیەكی سەرەكیی حزبوڵڵای لوبنانی و ژەنەڕاڵە گەورەكانی سوپای پاسداران لە وڵاتی سووریا و فەرماندە باڵاكانی وەكیلەكانی لە عێراق لە بەغدا، و هێرشەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەریتانیا بۆ سەر حوسییەكانی یەمەن. كەواتە لەم ڕووەوە ئێران هەوڵێكی بێئومێدانە دەدات بۆ نمایشكردنی بەتاڵی توانا و ماسوولكە سەربازییەكەی. ئێمە دەزانین كە هەمیشە ئایەتوڵڵا خامنەئی و سەرۆكی وڵات ئیبراهیم ڕەئیسی، و فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران بە خۆهەڵكێشانەوە باس لە كاردانەوە و وەڵامدانەوەی توند دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان خۆیان لە مەترسی دەپارێزن و دەیانەوێت خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لابدەن، چونكە دەزانن هیچ دەرفەتێكی بردنەوەیان نییە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی لەم چەشنەدا، هەر لەبەر ئەوەش بوو كە ماڵێكیان لە شاری هەولێر كردە ئامانج، كە ئاشكرایە ئەم ماڵە هیچ بەهایەكی تاكتیكی و ستراتیژیی بۆ ئێران نییە.

* زۆر باس لەوە دەكرێت كە عێراق لە بارێكدا نییە كە بتوانێت بەرگری لە خۆی بكات لە بەرانبەر ئەو پێشێلكارییانەی ڕووبەڕووی سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەكەی دەبێتەوە. هەرچۆنێك بێت لە هێرشەكانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر هەولێر، جۆرێك لە هەڵوێستی جیاوازمان بینی، ئەگەرچی دەگوترێت لە ئاستی پێویستدا نەبوو، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- ئەوە ئاشكرایە كە لە دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، ئەوا تێكڕای حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، (حكومەتەكەی ئەیاد عەلاویی لێ دەرچێت)، ملكەچی دەسەڵاداتداران و حوكمڕانانانی ئێران بوون، كەواتە ئەو ڕاستییەی كە ئەم جارە حكومەتی عێراق سەركۆنە و سەرزەنشتی ئەم هێرشانەی سەر هەولێری كرد و مەسەلەكەی بردە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، خۆی لە خۆیدا پەرەسەندنێكی پێشبینی نەكراو بوو، خۆ ئەگەر ئەمە شتێكمان پێ بڵێت، ئەوا ئاماژەیە بەوەی كە تەنانەت عێراقیش دەركی بەوە كردووە كە ڕژێمی ئێران زۆر لاوازە و بێئومێدانە هەوڵی نمایشكردنی هێز و توانای خۆی دەدات. بە دڵنیاییەوە سوپای عێراق لە بارێكدا نییە كاری تۆڵەسەندنەوە ئەنجام بدات، بە چەشنی ئەوەی پاكستان لە دژی ئێران ئەنجامی دا، بەڵام ڕوونە كە دەسەڵاتدارانی ئێران پێشبینیی ئەوەیان نەكرد، كە عێراق كاردانەوەیەكی لەم چەشنەی هەبێت.

* ئەوە ئاشكرایە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئیدانەیەكی بەربڵاو هەبوو بۆ ئەم هێرشانە، بەڵام ئایا پێت وایە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بتوانێت ڕێگری لە ئێران بكات بۆ ئەوەی هێرشی هاوشێوەی دیكە لە ئایندەدا دووبارە نەكاتەوە؟

- لە ڕاستیدا من گومانم هەیە لەم ڕووەوە، چونكە وتە و لێدوانەكان بە تەنیا نەبوونەتە هۆكاری بەرپەرچدانەوەی ئەم ڕژێمە لە ئەنجامدانی كارە خراپەكانی لە ناوچەكەدا، هەروەها نەبووەتە هۆكارێك بۆ ڕاگرتنی پێشێلكارییە زەقەكانی مافەكانی مرۆڤ، لە نێویاندا زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی لەسێدارەدان لە وڵاتەكەدا، كەواتە پێویستە سیاسەتێكی توندتر بەرانبەر ئێران بگیرێتەبەر، كە هاوشان بێت بە ڕێكاری سزادان بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا جددییەتی خۆی بۆ ڕژێمەكە بخاتەڕوو، هەروەها دەبێت ئەو سزایانەی لە ئارادان جێبەجێ بكرێن، دەبێت یەكێتیی ئەوروپا و بەریتانیا سوپای پاسداران بخەنە لیست و خانەی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە و سزای زیاتریان بە سەردا بسەپێندرێت. هەروەها دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادە بێت بۆ ددانپێدانان بە مافی گەلانی ئێراندا بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەك ڕووبەڕووی دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی ڕژێمەكە ببنەوە. دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران كە دەستیان سوورە بە خوێنی بێتاوانەكان، ئەو وتە بەنرخەی سەرۆكی ئەمریكا (جۆن كەنەدی)یان لە یاد بێت، كە گوتی: «ئەوانەی ڕێگری لە شۆڕشی ئاشتیخوازانە دەكەن، دەبێت چاوەڕێی هەڵگیرسانی شۆڕشێكی توندوتیژانە بكەن».

* بە شێوەیەكی گشتی پێت وایە ئێران سوودمەندی یەكەم بێت لەو بارودۆخەی لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووەتە ئاراوە، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای بە تەواوەتی سەرقاڵ كردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە حوسییەكانەوە؟

- ئەگەر لە ڕووی تاكتیكییەوە لە مەسەلەكە بڕوانین، ئەوا بەڵێ، بەڵام ئەگەر لە ڕووی ستراتیژیەتەوە هەڵسەنگاندن بۆ هەلومەرجەكە بكەین، ئەوا چارەنووسی ئێران دۆڕان دەبێت، چونكە بارودۆخەكە بەو شێوەیەی كە بینیومانە بەردەوام نابێت و درەنگ، یان زوو دەبێت ڕۆژئاوا بڕیارێك بدات لە بارەی ئەو ڕێچكەیەی دەیگرێتەبەر بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تاراندا. بە دڵنیاییەوە ڕێچكەی ئاشتەوایی سەركەوتوو نەبووە، دواتر دەبێت ئەوەش نادیدە نەگرین، كە گەلانی عەرەبیش پشت لە ڕژێمی ئێران دەكەن، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارەكانی دروشمی بەتاڵ بەرز دەكەنەوە و، ئەو سیاسەتەی گرتوویانەتەبەر زیانبەخش بووە بۆ دۆزی فەلەستین.

* ئەگەر پێشهاتەكانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو هەڵكشانی زیاتر بچن و پەرەسەندنەكان زیاتر بە ئاراستەی پێكداداندا بڕۆن، ئایا دەكرێت پێشبینی دۆخێك بكەین، كە تێیدا ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ڕاستەوخۆ لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێراندا بێتە ئاراوە؟ ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئایا ناوچەكە چی بەسەر دێت؟

- من دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە خودی خامنەئی هەوڵی ئەوە دەدات بە هەر نرخێك بێت تووشی ناكۆكی و پێكدادانی ڕاستەوخۆ نەبێتەوە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەو خۆی چەندین جار و لە چەندین بۆنەدا ئەمەی دووپات كردووەتەوە، بەتایبەتی كە ئەو ڕاستییە باش دەزانێت، كە ڕژێمەكەی بە هیچ شێوەیەك براوەی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە نابێت. دواتر من پێم وایە ڕەوتی ڕووداو و پێشهاتەكانی پاشەڕۆژ پتر بەند نییە بەو كردارانەی كە ڕژێمی ئێران دەیگرێتەبەر، بەڵكو زیاتر پەیوەستە بەوەی كە خودی ڕۆژئاوا، لە نێویاندا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تا چەند ئامادەن بۆ گرتنەبەری هەڵوێستێكی سەخت و توند لە دژی دەستدرێژیكارییەكانی تاران.

* كەواتە بە بۆچونی ئێوە باشترین شێوازی مامەڵەكردن چییە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بیگرێتەبەر لە ئاست پێشهاتەكانی ناوچەكە و خودی ئێراندا؟

- بە تێڕوانینی من باشترین سیاسەتێك كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بیگرێتەبەر، بریتییە لە هاوهەڵوێستی لەگەڵ گەلانی ئێران و ددانپێدانان بە ئۆپۆزیسیۆنی ڕێكخراوی ڕژێمەكە، كە بریتیە لە ئەنجومەنی نەتەوەیی موقاوەمەی ئێران، كە هەوڵی هێنانەئارای كۆمارێكی دیموكراتی و عەلمانی دەدات.

 

Top