بــەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان و میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان هیچ دەوڵەتێك بۆی نییە سیادەی دەوڵەتێكی دیكە بشكێنێت
هێرشكردنی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی مەدەنی لە هەولێر و شەهیدبوونی هاووڵاتیانی سیڤل كە لە ناویاندا منداڵ و ژن هەبووە، كارێكی ناڕەوا و دوور لە بنەما و پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەكان و میساق و ڕاسپاردەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە. ئەم واقیعە كە ماوەیەكی زۆرە لەلایەن گرووپە چەكدارەكان و سوپای پاسدارانی ئێران دووبارە دەبێتەوە و زیانی گەورەی بە سەلامەتیی خەڵكی مەدەنی و ماڵ و حاڵی هاووڵاتیان و شوێنە گشتییەكانی وەكو فڕۆكەخانەی مەدەنیی نێودەوڵەتیی هەولێر گەیاندووە و، سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە تێك دەدات و، ئاشتەوایی نێوان دوو دراوسێی هەرێمی كوردستان و عێراق لە لایەك و كۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەكی دیكە، زیانی گەورەی پێ دەگەیەنێت. هەرچەندە ئەم هێرشانە ناتوانن زیان بە قەوارەی هەرێم و ئیرادەی كورد بگەیەنن، هەروەكو سەرۆك بارزانی فەرمووی: «دەتوانن بمانكوژن، بەڵام ناتوانن ئیرادەمان لێ بستێنن».
لە ئێستادا پەرلەمانی عێراق، وێڕای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمانی نییە و كۆمەڵێك ئەجیندە و بابەتی دیكەی وەكو دانانی سەرۆكی پەرلەمان خراوەتە پێشەوەی دانیشتنەكان، بەڵام چەندین پەرلەمانتار واژوومان كۆكردووەتەوە تاوەكو ئیدانەی ئەم ڕەفتارەی ئێران بكرێت. بەداخەوە ئێمەی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەبەر ئەوەی زۆرینە نین و بە هۆی لادان لە پرەنسیپەكانی شەراكەت و هاوبەشی و تەوازون (ئەو بنەمایانەی كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوەو لەسەر ئەو فاكتەرانە یەكپارچەیی خاكی عێراق و سەقامگیری و هاوبەشی لەنێوان هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەی شیعە و كورد و سوننە پارێزراوە)، كەچی بەردەوام پێشێلكاریی دەستووری دەكرێت و لە ئاكامی زۆرینەش لەناو پەرلەمان، هەموو ئەم پێشێلكاری و كارە نادەستووری و نایاساییانە تێپەڕ دەكرێت.
هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی كوردستان لە كاتێكدا كە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕێككەوتننامەی ئەمنییان لەگەڵ ئێران واژوو كردووە و كاری كردارییان بۆ دوورخستنەوەی حزبە كوردستانییەكانی ڕۆژهەڵات كردووە لەسەر سنوورەكانی ئەو وڵاتە، لە سەردانەكەی ئەم دواییەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، لە نزیكەوە زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردە و لایەنە سیاسییەكان و سەرۆكایەتییەكانی كۆمار و حكومەت ئەنجام دا، بەڕێزیان توانیی كۆدەنگییەكی باش و لێكتێگەیشتنێك لەسەر چەند پرسێكی گرنگی وەكو بودجە و مووچەی مووچەخۆران و هەناردەكردنەوەی نەوت و بابەتی دژایەتیكردنی هێرش و پەلاماردانی درۆنی بۆمبڕێژكراو و مووشەك بە دەست بهێنێت، ئەم كۆدەنگییە نیشتمانییە لە نێوان هەرێم و عێراقدا ڕەنگە بەدڵی زۆر لایەن و دەوڵەتی ناوچەكە نەبێت، كە خوازیاری ئەوە نین كۆدەنگیی نیشتمانی لە عێراق دروست بێت و، بەردەوام خوازیاری دروستكردنی دوژمنی وەهمین، بە پاساو و بیانووی درۆزنانە و دوور لە ڕاستی، ئەوەی جیاواز بوو ئەمجارە لە هێرشە مووشەكییە بالیستیكییەكەی سوپای پاسداران، كە پێشتریش ماڵی سەرمایەدار و خێرخوازێكی دیكەی كوردی لە هەولێر كردبووە ئامانج، ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەری و ئیدانەكردن و هەڵوێستەی حكومەتی عێراق بوو، تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەموو دیدار و چاوپێكەوتنەكانیدا لە داڤۆس، توانیی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ ئیدانەكردنی ئەو هێرشە بەدەست بهێنێت.
بە شێوەیەكی گشتی پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكان پاڵپشتیی دەوڵەتی عێراق بكەن و سیادەی ئەم وڵاتە بپارێزن، چونكە دەستدرێژیكردنەكە زۆر ناشیرینتر و قێزەوەنتر بوو، كاتێك منداڵ و ئافرەت و خەڵكی مەدەنی و خێزانێك بوونە قوربانی و شەهید كران. هەر بۆیە عێراق وەك دەوڵەت دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات لە دادگای دادپەروەری نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای ڕێككەوتننامەی قەدەغەكردنی كۆمەڵكوژی لە ساڵی ١٩٤٨ (ابادة جماعیة) و ماددەكانی ژمارە (٢ و ٩) هەروەها بە جووڵەیەكی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای میساقەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بە ماددەكانی ٣٩،٣٣،٢،١. ئەوەی دەمێنێتەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەكانە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و ڕێگریكردن لە هێرشی بەردەوامی درۆن و مووشەكبارانكردنی خەڵكی هەولێر كە وادیارە ئەجیندە و مەرامی زۆر گەورەی لە پشتەوەیە، بەڵام ئەوانەی دانەری ئەم پیلانەن، هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەكرد، ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییە لەهەر چوار پارچەی كوردستان و لەناو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتان و هێزەكانی هاوپەیمانان و تەنانەت خودی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی دروست بێت.
ئێمە بەداخەوەین بۆ خوێنی منداڵ و ئافرەت و خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی و سەرمایەدارەكەی دیكەی عێراق و خزمەتگوزارە بیانییەكان، ئێران وڵاتێكە لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناڕەزایەتی توندی لەسەرە و ئەو هێرش و پەلاماردانانەی بۆ سەر خاكی كوردستان زیانی گەورە بەپەیوەندی دراوسێتی و مێژووی دوور و درێژی لەگەڵ كورد پێ دەگەیەنێت، لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا پاڵپشتی و پشتگیریی زیاتر بۆ كورد بەدەست دێت، بۆیە وا پی دەچێت، ئەمجارە چاوخشاندنەوە بە مەرام و پیلانە دوژمنكارییەكان بكرێت و هەرچەندە هێرش و پەلاماردانەكانی گرووپە چەكدارەكانی ئێران لە عێراقدا بەردەوامی هەیە، بۆیە ئەركی سەرشانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵە پارێزگاری لە سەروەریی وڵاتەكە بكات و چیتر ڕێگا بە گرووپەكانی ئێرانی نەدات، بەچەكی لە دەرەوەی یاسا و دەوڵەت گەمە بە موقەدەراتی ئەم دەوڵەتە بكەن و زیان بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بگەیەنن، كە هیچ دەرئەنجامێكی نابێت.
ئەندامی لێژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرایەتیی عێراق