هەوڵبدە خۆت بیت

هەوڵبدە خۆت بیت


(دكتۆر ناپلیۆن هیل) نوسەری ئەمریكی دەڵێ" پێداگیر بە لە سەر جێ بەجێ كردنی ئەوەی دەتەوێ خەونەکانت دەبنە ڕاستی".

بێگومان هەموو مرۆڤێك لە ژیاندا خەون و خولیای جۆراوجۆری هەیە و حەز دەكات پەرەیان پێ بدات و هەوڵی بە دێهێنانیان دەدات و نابێت هەرگیز دەستبەرداری خەونەكان بین و گەر هەرچی ڕووبدات، بەڵام نابێت زیادە ڕۆیی تێدا بكرێت و لە هەمان كاتدا رووبەڕووی هەموو ئاستەنگ و بەربەستێك دەبینەوە بە مەرجێك ئەو خەونەمان خودای گەورە تووڕە نەكات و ئازار و زیانی بۆ هیچ كەسێك نەبێت و تایبەت بێ بە ژیان و پاشەڕۆژی خۆت. بۆیە گرنگە بەردەوام بین لە سەر بەدیهێنانی خەون و خولیاكان گەر بۆ ماوەیەكیش هەڵیپەسێرین، بەڵام نابێت لە بیری بكەین و دەستبەرداری بین، چونكە هەموو خەونێكی دوێنی ڕاستی ئەمڕۆیە و ڕاستی ئەوڕۆ خەونی دوێنیە.
هەموو سەركەوتنێك دەوستێتە سەرخەونەكانمان نەك ئەو خەونانەی لە خەو دەیبینین، بەڵكو ئەو خەونانەی لە كاتی بە ئاگا بوون بیری لێ دەكەینەوە و دەیبینین، بۆیە دەبێ بەردەوام بین زوو یان درەنگ هەر بەدییان دەهێنین و دەگەینە لوتكە. دەگێڕنەوە" لە شەوێكی درەنگدا پیاوێك ئوتۆمبێلەكەی لە كار دەكەوێت و بۆیە بە ناچاری لە دەرگای مالێك دەدات تا بتوانێت پەیوەندی بە هاوڕێیەكەیەوە بكات و بێت بە هانایەوە خاوەن ماڵەكەش ژنێكی پیر بووە گەیشتۆتە حەفتاكانی تەمەنیەوە دەرگاكەی لێ دەكاتەوە و ڕێگە بە پیاوەكە دەدات كە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی ئەنجام بدات، دوای ئەوە پیاوەكە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكە ئەنجام دەدات چاوی دەكەوێت بە كۆمەڵێك تابلۆ كە بەدیوارەكە هەڵواسرا بوون هەموویان بە كاری دەستی دەچوون لە ژنە پیرەكە دەپرسێت كێ ئەو تابلۆیانەی كێشاوە، ژنە پیرەكە وەڵامی دایەوە و زۆر بە ئاسانی دەڵێ من كێشاومە، پیاوەكەش سەری دەسورمێت و لێی دەپرسێت كە ئایا هەرگیز ئەو تابلۆیانەی نمایش كردووە یاخود هیچ دانەیەكی لێ فرۆشتەوە؟ ژنەكەش وەڵامی دایەوە گوتی نەخێر، چونكە هاوسەرەكەم ڕێگەی پێ نەداوم پێی گوتم ئەمن تەنها بۆ بەرێوەبردنی ئەركی ماڵەوە و بەخێوكردنی منداڵەكانم گونجاوم، بۆیە منیش بڕوام پێ كردوە و سەرپێچیم لە قسەكانیدا نەكردووە تا شكست نەهێنم لە ژیانی هاوسەریمدا، بەڵام لە رێگەی ئەوەشدا بەردەوام بووم لە وێنە كێشان، چونكە وێنە كێشان خەون و خولیای من بووە لە ناخمدایە و هەمیشە دەروونم داوای دەكات، پیاوەكەش كاتێ‌ گوێبیستی ئەو قسانە دەبێت بە ژنە پیرەكە دەڵێت گەر رێگەم پێ بدەیت ئەوا بەشێك لەم تابلۆیانە دەبەم نمایشیان بكەم، ژنەكەش ڕازی دەبێت، چونكە چیتر تابلۆكان بەلایەوە گرنگ نەبوون. بەڵام دوای ماوەیەك پیاوەكە دەگەرێتەوە بۆ لای ژنەكە و پێی ڕادەگەیەنێت كەوا هەموو تابلۆكانی بۆ فرۆشتووە بەم شێوەیەش ژنە پیرەكە كە لەتەمەنی (70)ساڵیدایە دەبێتە یەكێك لە بەناوبانگترین وێنە كێشەكان و ئەو تەمەنەی كە مایبوو وەكو وێنە كێشێكی لێهاتوو و سەركەوتوو بە سەری دەبات تەنانەت یەكێك لە تابلۆكانی بە بڕی ملیۆنێك دۆلار دەفرۆشێت لە ساڵی (2006)دا .لە ئێستاشدا بەشێك لە تابلۆكانی لە مۆزەخانەی (لۆڤەر) لە فەرەنسا و مۆزەخانەی (پلازا) لە نیویۆرك نمایش كراون.
ئەمە چیرۆكی ڕاستە قینە بوو، چیرۆكی ژیانی وێنەكێش(ئانا ماری موسا)یەكە زیاتر بە (داپیرە موسا) بە ناوبانگە، لەم چیرۆكەدا ئەوە فێر دەبین كە پێویستە خۆت بیت و هەرگیز پاشەكشە و پاشگەز نەبیتەوە لە خەونەكانت لە پێناو ڕازی كردنی دڵی چواردەورەكەتدا. لەوانەیە زۆرجاران هەندێك لە خەونەكانمان لە سەرەتادا مەحاڵ بێـت، بەڵام دواتر هەل و فرسەتێك دەڕەخسێت كە ئەو مەحاڵە ببێتە پەناگە و حەشارگەیەك بۆ پاڕاستنی خەونەكان و بەدیهێنانیان، بۆیە هەمیشە نابێ بێ هیوا و دەستبەرداربین ، بەڵكو بەردەوام پێداگیری بكەین و خاوەنی بڕیار و ئیرادەی خۆمان بین، چونكە خۆمان لە هەموو كەس باشتر خۆمان دەناسین و بڕوامان بە خەونەكانمان هەبێت لە هەر وێستگەیەك لە وێستگەكانی ژیان نابێت خۆمان بەدەستەوە بدەین و پێویستە خۆمان بین.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top