كۆمەڵگەی دایك و شانازیەكی دیكە بۆ ئیدارەی سۆران

كۆمەڵگەی دایك و شانازیەكی دیكە بۆ ئیدارەی سۆران

سۆران سەرباری هەڵكەوتەی جوگرافیا و جوانی و دڵڕفێنی دێهات و ناوچە گەشتیارییەكانی، لە هەمان كات پێكەوەژیانێكی جوان لەو دەڤەرە بەدی دەكرێت و بە ئاشتەوای ژیان دەكەن، لەلایەکی دیكەوە شوێنی چەندین شۆڕش بووە و دەستكەوتی مێژووی لێ تۆماركراوە، هەزاران پێشمەرگەی ئەو دەڤەرە لە ئامادەباشی و ئەركدان بۆ پارێزگاری لە خاك و خەڵكی كوردستان، بەهۆی زۆری رێژەی شەهید و بریندارانی سەنگەریش ناونشیانی " شاری شەهیدان"ـی پێدراوە .

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی، گرنگی زۆری لە هەموو روێكەوە بە ئیدارەی سۆرانداوە بە تایبەت لە بواری خزمەت گوزاری رێگەوبان كە بە چەندین ملیار دینار لە واری جێبەجێ كردندان، خەریكە سۆران وەك شارێكی جوان دەبیندرێت.

دەڤەری سۆران، بەلای سەرۆك بارزانییەوە گرنگی و تایبەت مەندی خۆی هەیە و لە زۆر وتاردا باسی ئیدارەی سۆران و قەزا و ناحیەكانی كردووە، بەناوچەی پڕ شكۆ و شوێنی شۆڕش و كوردایەتی وەسفی كردووە .

لێرەدا دەمەوێ تیشك بخەمە سەر یەكێك لە جوانترین و ناوازەترین پرۆژەی ئیدارەی سۆران، ئەویش پرۆژەی " كۆمەڵگەی دایك "ـە، یەكێكە لە دیارییەكانی سەرۆك بارزانی بۆ دەڤەری سۆران، ئەم كۆمەڵگایە سێ شوێنی گرینگی بۆ نابیستان، نابینایان و بە ساڵاچوان و بەشی ئۆتیزم لە خۆدەگرێت كە لە مێژووی ئیدارەی سۆران كار و پڕۆژەیەكی نوێیە و خزمەت بە هەزاران كەسی خاوەن معانات دەكات، ئەوانەی لەم كۆمەڵگایە هەم پەروەردە دەكرێن و هەم فێر دەكرین و بەخێویش دەكرێن، لە هەمان كات، ئەم پرۆژەیە وایكردوە سەدان گەنجی ئەم شارە بخاتە سەر كار و خزمەت بكەن، لە هەمان كاتدا فێریان دەكات كەوا رێزگرتن لەوكەسانە ئەركێكی پیرۆزە.

لە ئێستادا كۆمەڵگەی دایك لە دێڵزیانی سنووری ناحیەی دیانا بە رووی ئەو كەسانەدا كراوەتەوە، لە رێگەی كارگێڕی كۆمەڵگەكە ناونیسینی ئەو كەسانە تۆمار دەكات كە خاوەن پێداویستی تایبەتن و ئەیانەوێ لەو شوێنە ژیان بكەن یا بخوێنن و فێرببن، بەشێوەیەكی گشتی سۆرانیش وەك تەواوی شارەكانی دیكەی كوردستان، خاوەن خاوێنترین و جوانترین خانەی بەساڵاچوانە كە ئەوانەی لێی دەژین و دەمێننەوە هیچ هەست بە نەبوونی ماڵ و منداڵ نەكەن و هەموو نازێكیان لێ هەڵدەگیرێت .

كۆمەڵگەی دایك كە سەرجەم خزمەت گوزاریەكانی ژیانی لێ دابین كراوە، لە داهاتوو دەبێتە جوانترین و بەبەهاترین شوێن بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بەساڵاچوان، بەپێویستی دەزانین سوپاسی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەم كە گرنگی زۆر لە بوارە جیاوازەكان بە ئیدارەی سۆران دەدەن و شانازی بە هەبوونی كۆمەڵگەی دایك دەكەین لە سۆران".

Top