دابینكردنی خۆراك و دۆزینەوەی بازاڕ لە پێشەنگی كارە سەركەوتووەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە

دابینكردنی خۆراك و دۆزینەوەی بازاڕ لە پێشەنگی كارە سەركەوتووەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە

 

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆربەندی جیهانیی- داڤۆس 2024 لەگەڵ چەندین سەرۆك وەزیرانی وڵاتان و خاوەن گەورە كۆمپانیا و بزنێسمان و پسپۆڕانی ئابووری كۆ بووەوە، ئومێدێكی زۆری هەیە كوردستان و خەڵكەكەشی هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا بەسەر تەحەدییەكاندا سەربكەوێت، كە ئەمڕۆ بەرۆكی عێراق و ناوچەكە و جیهانی گرتووە، تاوەكو گەلی كوردستانیش هاوشێوەی هەموو گەلانی دیكەی پێشكەوتووی جیهان بە ئازادی و خۆشگوزەرانی بژی، هەرچەندە هەڵگیرسانی شەڕ و فراوانبوون و هەڵكشانی توندوتیژییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرۆكی هاووڵاتیانی سڤیلی هەولێریشی گرتەوە، كاتێك مووشەكە بالیستییەكانی ئێران، ماڵ و خانەوادەی مەدەنیی كردە ئامانج و شەهید و قوربانی لێ كەوتەوە، بۆیە ئەمجارە سەرۆكی حكومەت و كابینەكەی ئەركێكی دیكەی قورسیان دەكەوێتە ئەستۆ، تا شوێنەواری توندوتیژی و هەڕەشەكان لەسەر خەڵكی سڤیل و ژن و منداڵ و سەقامگیریی ئابووری و بژێوی ژیانی خەڵك كەم بكەنەوە، بەمەش لە داڤۆسدا ئەركی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای باسكردنی چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەكانی بەردەم پەرەپێدانی كەرتەكانی ئابووریی نیشتمانەكەی بوو، ئالنگارییەكی دیكەشی لە بواری پاراستنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی هەڕەشەكانی بەردەم قەوارەی هەرێمی كوردستان و ژیان و ماڵ و حاڵی هاووڵاتیانی هاتەسەر، من لەم وتارەدا كە تایبەت بەگۆڤاری گوڵان نووسیوومە دەمەوێت یەكێك لەو تەحەددییانە باس بكەم كە هاتە بەردەم كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەركەوتووانە توانیی ڕووبەڕووی ببێتەوە و ڕێگە نەدات لە ناو ئاڵۆزی و كێشە و قەیرانەكانی( تەندروستی و سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئابووری)دا، شوێنەواری قورسیان لەسەر خەڵكی كوردستان هەبێت، ئەویش بابەتی خۆراك و پاراستنی ئاسایشی خۆراكی و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ و پێشخستنی ڕەوشی بازرگانییە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەدییە واقیعەكەی بە جۆرێك وەرچەرخاند، كە لە ماوەیەكی كەمدا توانرا مەترسییەكان بگۆڕێت، بۆ ئەزموونێكی سەركەوتوو، بەوەی كاتێك توانی لە ناو جەرگەی قەیرانی جیهانیی كۆرۆنا و داشكانی نرخی نەوت و بڕینی بودجە و وشكەساڵی و هەڵكشانی جیهانیی بەهای خۆراكدا، گەلەكەی لە قەیرانی خۆراك دەرباز بكات.

لێرەدا دیدگا و ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی باس دەكەم، كە ئامانج لێی بەرزكردنەوەی ئاستی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان (هاووڵاتی و كۆمپانیاكان و حكومەت)ـە، بۆ ڕێكخستنی بازاڕ و كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی بازاڕ لە ڕووی كەرەستە و نرخەوە، بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بوو، كە وای كرد لە گرنگترین و هەستیارترین بابەت كە ئەویش بابەتی خۆراك و قووتی هاونیشتمانیان بوو، كە توانی ئەزموونێكی سەركەوتوو جێبەجێ بكات و ببێتە بناغەیەكی پتەوی سەركەوتن و هەنگاونان بەرەو پەرەپێدانی ئابووری و دۆزینەوەی هەزارەها هەلی كار بۆ كاسبكاران و بازرگان و برا جووتیارەكان.

 حكومەت لە سەردەمی كۆرۆنا و قەیرانی داراییدا ڕێگەی نەدا قەیرانی خۆراك سەرهەڵبدات

پاڵپشتیكردنی ئاسایشی خۆراك و ڕێگرتن لە قەیرانی خۆراك و هەڵكشانی نرخەكەی بە بنەما سەرەكییەكانی حوكمڕانیی باش دادەنرێت، لەسەردەمێكدا كە بەهۆی كۆرۆنا و هەڵكشانی بەهای نرخی نەوت و شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئیسرائیل و حەماس و، شەڕ و ئاڵۆزییەكانی دیكەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا دێت نرخ و بەهای خۆراكی جیهانی ڕووی لە هەڵكشانە، بۆیە حكومەت بە دوو ڕێگە كاری بۆ جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژیەتە كردووە، وێڕای ئەوەی لە دەستپێكی دەستبەكاربوونی كابینەكەدا قەیرانی تەندروستیی جیهانیی كۆرۆنا سەری هەڵدا، بەڵام لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران ئەزموونێكی سەركەوتووی جێبەجێ كرد، بۆ ڕێگرتن لە گرانبوونی نرخەكان و نەهێشتنی قۆرخكاری، ئەوە بوو لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و لە بۆردی خۆراكیدا ڕووبەڕووی گرانبوونی نرخەكان بووینەوە و كارئاسانیی باشمان پێشكەشی برا بازرگانەكان كرد، باجمان لەسەر پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان هەڵگرت، هەنگاو نرا بۆ هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و فرەچەشنكردنی ئابووری (كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری)، دروستكردنی سایلۆكان و كڕینەوەی گەنمی جووتیاران و چارەسەركردنی شایستەكانی چەند ساڵی ڕابردوو، ئەمەش هاندەرێكی باش بوو بۆ هەڵكشانی بەرهەمی ناوخۆیی گەنم و زیادبوونی بەرهەمی خۆراكی لە ناوخۆدا و بگرە ڕوو لە دۆزینەوەی بازاڕی دەرەكییش كرا، ئەمەش هەمووی هاوكات بوو لەگەڵ زیادكرنی كار و چالاكییەكانی كەرتی بازرگانی و هەوڵەكانی دیكەی حكومەت بۆ بووژانەوەی بازرگانی و دابینكردنی خۆراك و ڕێگرتن لە گەندەڵی و قۆرخكاری، بۆ نموونە نزیكەی 20 هەزار تەن لە خۆراكە سەرەكییەكان بۆ 200 هەزار خێزانی كەم دەرامەت دابەش كرا و، تەنیا لە یەك ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 15 ملیار دۆلار كاڵا هاوردەكرا. دیدگە و بوێری و ئێرادەی سەرۆك وەزیران بوو وای كرد، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای ئالنگارییەكان بەسەر هەموو ئەو قەیران و كێشانەدا زاڵ بێت و ڕێگا نەدات لە هەرێمی كوردستاندا شتێك بە ناوی (قەیرانی خۆراك) دروست ببێت.

 كێبڕكێ و قەدەغەكردنی قۆرخكاری

لە دەستپێكی دەستبەكاربوونی كابینەكەدا، گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی بازرگانی بۆ خۆدەوڵەمەندكردنی خێرا، بە یەكێك لە گەورەترین تەحەدییەكان دادەنرا، كە وای كردبوو ماددەی ماوەبەسەرچوو و بازرگانی نایاسایی و بەقاچاخبردنی كاڵا و كەلوپەلەكان و زیانگەیاندن بە بەرهەمی ناوخۆ، ببێتە گرفتێكی گەورە بۆ جووتیاران و خەڵكی كاسبكار و باری تەندروستیی هاووڵاتیان، بۆیە پەیڕەو و ئەنجومەنی كێبڕكێ و قەدەغەكردنی قۆرخكاری دروست كرا و ڕێنمایی سەردەمییانە بۆ هاوردە و هەناردە و چاودێریی بازرگانی دەركرا.

شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و گرانبوونی نرخی جیهانیی خۆراك

شەڕەكان ساڵانی 2022 و 2023 بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئیسرائیل و حەماس و هەڕەشەكانی بەندەری بابولمەندەب و ئاڵۆزییەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵكشانی بەهای نەوت و زیادبوونی خەرجییەكانی بەرهەمهێنانی خۆراك و گواستنەوەی، هۆكاری سەرەكیی هەڵكشانی بەهای جیهانی خۆراك بووە، لەم ڕوانگەیەوە بۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمی خۆماڵی و كۆنتڕۆڵكردنی نرخەكان هەنگاوی باش نرا، لە وەرزێكدا كە بەرهەمی ناوخۆ زیاد بێت، باج لەسەر بەرهەمی بیانی دادەنێین و بە پێچەوانەشەوە باجەكان هەڵدەگیرێت لەسەر پێداویستییە سەرەكییەكان و جووڵەی بازرگانی لە خزمەتی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراكیدا بووە و، ئاسانكاری و پاڵپشتیی گومرگی و باج كراوە، بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی بۆ چەندین كاڵای سەرەكیی وەكو (ئارد و برنج و زەیت و ڕۆن و شیری منداڵ و شەكر و پاقلەمەنییەكان و ...هتد) دەركرا، كارگە ڕاوەستاوەكانی پیشەسازیی خۆراكی بەگەڕخرانەوە و ڕۆتین و پشكنینی پزیشكی خێرا كرا و ئاسانكاری لەسەر باجی تایبەت بە كۆمپانیاكانی خۆراك و دەیان هەنگاوی دیكە نرا، وەكو كردنەوەی نووسینگەی هەناردەكردن لە دهۆك و زیادكردنی مۆڵەتی هەناردەكردن و ڕەچاوی پێشخستنی بەرهەمی نێوخۆیی.

 شایستە داراییەكانی گەنمی جووتیاران دابین كرا

لەم كابینەیەدا سەرجەم شایستە داراییەكانی گەنمی جووتیاران لە ساڵانی 2017 و 2018 و 2019 و 2020 و 2021 و 2022 درا و هەرچی ئەو پارەیەی هەرسێ ساڵی 1014 و 2015 و 2016 كە لای حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی بوو گەڕایەوە. واتا هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە وای كرد، پەیوەندییەكانی نێوان ناوەند و هەرێم بۆ دابینكردنی بەرهەمی جووتیاران سەركەوتن بەدەست بهێنێت و، كێشەیەك نەما پێی بووترێت كێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، تەنانەت ئەو بڕە گەنمە كەمەی جووتیارانیش كە مابوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای كۆمپانیا نێوخۆییەكانەوە بە هەمان نرخی حكومەت لە جووتیارانی كڕییەوە.

 یاسا و ڕێنمایی نوێ بۆ بەرهەمی خۆماڵی و هاوردە و هەناردە و چاودێریی بازرگانی

هەموو ئەم هەوڵانەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە یاسا و ڕێنمایی نوێ هەبوو، ئەوە بوو یاساكانی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و ڕێنمایی هاوردە و هەناردە و چاودێریی بازرگانی هەموار كرانەوە و پەیڕەوی پاراستنی كێبڕكێ و نەهێشتنی قۆرخكاری پەسەند كرا، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ هەمواركردنەوەی ژمارەیەك یاسای نوێی وەكو یاساكانی یەكێتیی ژوورە بارزگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان و یاسای بازرگانی و ژمارەیەك یاسای نوێش لە دیراسەتدایە.

 سێ سایلۆی 40 هەزار تەنی و 19 كۆگا دامەزراوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراكی و پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیی گەنم و كۆتاییهاتن بە گرفتی ئەمباركردنی گەنمی جووتیاران، توانیی لەم كابینەیەدا بە گوژمەی زیاتر لە 58 ملیار دینار سێ سایلۆی (كەلار، ڕۆڤیا، قوشتەپە) بە توانای 40 هەزار تەنی و 19 كۆگا دابمەزرێنێت، هەروەها دروستكردنی سایلۆی هەڵەبجە لەگەڵ 10 كۆگا و دروستكردنی ڕێگە سەرەكییەكانی سایلۆی ڕانیە و پیرەمەگروون و سێ گۆكا لە سایلۆی فایدە و هەڵەبجە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە، توانای ئەمباركردنی سایلۆكان لە ساڵی 2020 تەنیا 465 هەزار تەن بووە و لە ساڵی 2021 بووە بە 585 هەزار تەن و لە پەنگەرەكان 411 هەزار تەن بەرز بووەتەوە، ئەمەیە پاڵپشتیكردنی گەنمی جووتیاران و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ.

 دروستكردنی ناوچە پیشەسازییەكان و وەرچەرخان لە پەرەپێدانی كەرتەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ و پیشەسازیدا

لە هەرێمی كوردستاندا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی چەندین ناوچەی پیشەسازیی خۆراكی داوە، لە ئێستاشدا كار لەسەر 16 ناوچەی پیشەسازی دەكرێت كە ژمارەیەكیان ناوچەی پیشەسازیی خۆراكین و هەندێكیان چوونەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، وەكو ناوچەی پیشەسازیی خۆراكی زاخۆ، لە دهۆكیش بە ئاستێكی باش كارەكان چوونەتە پێشەوە و لەم ناوچە پیشەسازییە 330 شوێن بۆ كارگەی خۆراكی تەرخان كراون، لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیانیش ناوچە پیشەسازییەكان لە پلاندایە، بە دروستكردنی ئەم ناوچە پیشەسازییانە هەنگاوەكانی بونیادنانەوەی ژێرخان و پەرەپێدان و دابینكردنی هەلی كار بۆ گەنجەكان زۆر بەرەو پێشەوە دەچێت.

 كار بۆ بەبازاڕكردن و هەناردەكردنی بەرووبوومە ناوخۆییەكانی جووتیاران كراوە

بۆ یەكەمین جارە لە مێژووی ئەم هەرێمەدا سەرۆكی حكومەت بەو پەڕۆشییەوە هەنگاو بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و هەناردەكردنی بۆ دەرەوەی وڵات بنێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە هەناردەكردنی بەرهەمەكانی هەناردەكردنی هەنار و سێو و هەنگوین سەركەوتوو بوو، ئەمەش دوای ئەوەی ئەم كابینەیە سەركەوتوو بوو لە هەناردەكردنی بەرهەمی گۆشتی پەلەوەر و هێلكە و زۆر میوەجاتی دیكە بۆ بازاڕەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لە ئێستادا لە ماركێتە گەورەكانی پایتەختەكانی زۆر لە وڵاتان براندی كوردستانی دەبینرێت، دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساخكردنەوەی بەرووبوومی برا جووتیارەكان نهێنیی سەركەوتن و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و بازرگانی و سوودگەیاندنە بە ژمارەیەكی زۆری جووتیارانی كوردستان لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان.

لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە ڕووی كەرتی بازرگانییەوە زۆر كاری گەورە و گرنگ كراوە، كە لێرەدا ڕەنگە بوار نەبێت هەمووی باس بكرێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژەی سەرپێچی و قۆرخكاری و گەمەكردن بە نرخ و كواڵێتی كەم بكرێتەوە، لە هەمووشی گرنگتر لەم هەموو قەیرانی كۆرۆنا و دارایی و وشكەساڵی و گرفتی گرانیی بەهای جیهانیی نرخەدا، توانرا گەنمی جووتیاران و هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆ هەنگاوی گەورە و ناوازەی بۆ بنێین، هەر ئەمەشە وای كردووە، نەیارانی كورد چاویان بەم پێشكەوتنانەدا نەیەت، كە لە ناو هەناوی عێراقێكی ناسەقامگیر و ڕۆژهەڵاتێكی گڕگرتوودا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاو بنێت لە پێناو گەلەكەیدا.

 

 

بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی

بۆ كاروباری بازرگانی

Top