ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: لایەنەکانی شیعە لەناو ئیتاڕی تەنسیقی پاڵپشتی بەیاننامەی حکومەتەکەی خۆشیان نەکرد بۆ سەرکۆنەکردنی پەلاماردانەکەی سەر هەولێر.
هێرشە بێ پاساو و تاوانكارییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی كوردستان و بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی سڤیل، دوور لە هەموو بەهایەكی مرۆیی و دراوسێیەتی، كاردانەوەیەكی زۆری لە نێو هەرێم و عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لێ كەوتەوە، خاتوو ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەم دیدارەیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەم مووشەكبارانە و، ڕاشكاوانە هەڵوێست و ڕاوبۆچوونی پەرلەمان و شەقامی عێراق دەخاتە ڕوو.
* وەك پەرلەمانتارێك و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو هێرشەی كە ئێران كردیە سەر هاووڵاتیانی سڤیل لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتی و دەستووری عێراقی و مافی مرۆڤ و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان و بەڵگەنامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە چۆن دەبینیت؟
- هێرشە بەردەوامەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستانی عێراق، دەستدرێژییەكی ئاشكرا و پێشێلكردنی سەروەریی عێراق و ئاسایشی گەلی عێراق و هەرێمی كوردستانە، بۆردومانەكەی ئێران بە مووشەكی بالیستیكی و درۆن، كە هاووڵاتییانی بێتاوان و خانووبەرە و شوێنە مەدەنییەكانی كردە ئامانج لە ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 16ی كانوونی دووەمی 2024، پێشێلكارییەكی ئاشكرا و سەختی پرەنسیپەكانی دراوسێیەتیی باش و یاسا و ڕێككەوتن و داب و نەریتی نێودەوڵەتییە، لە هەمان كاتدا هەموو ئەو پاساو و بیانووانەی حكومەتی ئێران ڕەت دەكەینەوە و سەركۆنەیان دەكەین، كە ماف بە هیچ دەوڵەتێك نادات، سەروەریی دەوڵەتێكی دیكە پێشێل بكات و ژیانی هاووڵاتییانی بخاتە مەترسییەوە، ئەمە لەگەڵ ڕێساكانی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ناكۆكە، سەرۆك مسعود بارزانی بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە كرد و فەرمووی: «دەتوانن بمانكوژن، بەڵام ناتوانن ئیرادەمان لێ بستێنن» ناڕەزایەتییە توندەكانی جەماوەری كوردستان لە نێوخۆی هەرێم و دەرەوە لە دژی ئەم پەلامارە و سەركۆنەكردنی لە چاوەڕوانیی ئێراندا نەبوو.
* چۆن هەڵوێستی حكومەتی عێراق و لێژنەی لێكۆڵینەوەی عێراقی سەبارەت بە ڕەتكردنەوەی تۆمەتەكانی ئێران و سەركۆنەكردنی هەڵدەسەنگێنیت؟
- حكومەتی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆردومانی ئێرانیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە دەستدرێژییەك بۆ سەر سەروەریی وڵات و ئاسایشی گەلی عێراق لە قەڵەم دا، هەروەها وەك سووكایەتیكردنێك بۆ دراوسێیەتی باش و ئاسایشی ناوچەكە، بۆیە حكومەتی عێراقیش مافی ئەوەی هەیە، هەموو ڕێكارێكی دیپلۆماسی و یاسایی بەپێی پرەنسیپی سەروەریی نیشتمانی بگرێتەبەر.
لێژنەی هاوبەشی حكوومی بە سەرۆكایەتیی بەڕێز قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، تایبەت بە بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری سەبارەت بەو هێرشە و، بۆ پاڵپشتیكردن لە هەڵوێستی حكومەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پێشكەشكردنی بەڵگە و زانیاریی ورد، دووپاتی كردەوە كە هەموو ئەو بیانووانەی كە ئێران هێناویەتەوە هەڵبەستراو بوون، ئەو بۆردومانەی كە ئەنجام درا، بۆ سەر خانوویەكی مەدەنیی بزنسكارێك بوو، بۆیە لەمەدا دەردەكەوێت كە هەموو ئەو پاساوانەی باس لەوە دەكەن كە ئامانج لێی بارەگایەكی «مووساد» بووە بێ بنەمان و دوورن لە ڕاستییەوە.
لە هەمان كاتدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق و خودی دكتۆر فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، دوو نامەی هاوشێوەیان لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی هەمیشەیی كۆماری عێراقەوە لە نیویۆرك بۆ هەردوو سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش نارد، كە لەو دوو نامەیەدا جەختیان كردووەتەوە كە ئەم دەستدرێژییە پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەریی عێراق و یەكپارچەیی هەرێمی و ئاسایشی گەلی عێراقە، گەلی كوردستانیش خاوەن دۆزی ڕەوای خۆیەتی و بەشێك نییە لەو هاوكێشە و ململانێیەی كە لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە نێوان وڵاتانی زلهێز و هەرێمایەتیدا هەیە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوەكانی هەر یەك لە بەڕێزان محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكومەتی ئیتیحادی و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە داڤۆس، گوزارشت لە یەكهەڵوێستیی نیشتمانیی عێراق دەكات، دوابەدوای هێرشە مووشەكییەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر.
* هەڵوێستی حزبەكانی نێو پەرلەمان لەسەر ئەم هەڕەشەیە و هەروەها هەڵوێستی پەرلەمانتارانی میلیشیا چەكدارەكان چییە، ئەوانەی هێزەكانیان بەردەوام پەلاماری كوردستان دەدەن؟
- جیاوازییەكی ئاشكرا لە هەڵوێستەكاندا هەیە و، بە دڵنیاییەوە ئێمە وەك نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان ئەركی خۆمانە بەرگری لە هەرێمی كوردستان و ئاسایشی ئەو وڵاتە و گەلەكەی بكەین، بەیاننامەیەكی سەركۆنەكردن و ناڕەزاییمان هەبوو لەسەر ئەم دەستدرێژییەی ئێران بۆ سەر هەولێر و شەهیدكردنی خەڵكی سڤیلی بێتاوان، كاریشمان كرد بۆ كۆكردنەوەی واژووی پەرلەمانتاران، كە بە شێوەیەكی ئەرێنی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە مایەی قبووڵ بوو، بەڵام بەداخەوە گوێمان لە لێدوانی فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمان، یان هێزە سیاسییەكان نەبوو.
بەتایبەت هەڵوێستی لایەنەكانی شیعە و سوننە لە ئیتاری تەنسیقی كە لە ئاستی پێویستدا نەبوو، بەڵكو ئەو هێزانە خۆیان بەدوور گرت لە دەربڕینی هەڵوێستی بەكۆمەڵ بۆ پشتیوانیی لەم پرسە، سەرەڕای ئەوەی كە بە ئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێرانەوە بە پشتبەستن بە پاساوی ساختە، هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەرەوڕووی دژایەتییەكی نوێ دەكاتەوە، لەبەر ئەوەی كە لایەنێكی هاوپەیمانی ئێرانە كە هێرش دەكاتە سەر سەروەری و ئاسایش و خاكی عێراق، جا لەبەر ئەوەی ئەو میلیشیا چەكدارانە پاڵپشتیی ئێران دەكەن بە وەكالەت، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەیان لێ ناكەین و پێشبینی ناكەین بەیاننامەی ناڕەزایی و سەركۆنەكردن بۆ ئەم دەستدرێژییە دەربكەن، هەندێك بەیاننانە هەبوون كە لەسەر هێزە مەدەنییەكان هەژمار دەكرێن كە ناڕەزاییان سەبارەت بەم هێرشە مووشەكەییە بۆ سەر سەروەریی عێراق دەربڕیوە.
لەم پرسەدا ئاساییە كە بەیاننامە لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە دەربچێت، بەڵام لە ئێستادا ئەنجومەنی نوێنەران بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، بە هۆی ئامادە نەبوونی سەرۆكی پەرلەمان و دواكەوتنی دانیشتنەكان تا كاتی دیكە، سەرەڕای ئەمەش من پێموایە ئەركی هەموو هێزە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و لێژنە پەیوەندیدارەكانە، وەك لێژنەی ئاسایش و بەرگری و پەیوەندییەكانی دەرەوە، كە بەرپرسیارێتیی لە بەرگریكردنی سەروەریی عێراق و ئاسایش و گەلەكەی بخەنە ئەستۆیان، لێژنەیەكی هاوبەشیش لە لایەن لێژنەی ئاسایش و بەرگری و پەیوەندییەكانی دەرەوە سەردانی هەولێر و ئەو ماڵە دەكات كە كراوەتە ئامانج و ڕاپۆرتی پەرلەمانی و ڕاسپاردە پێشكەش دەكات.
* بەپێی پەیوەندیت بە حزبە سیاسییەكان و پەرلەمانتارانی عێراقەوە، ڕای ئەوان و شەقامی عێراقی لەسەر كوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل چییە؟
- وەك بەدواداچوونم بۆ كاردانەوە و ڕای شرۆڤەكاران و شەقامی عێراقی كردووە، شەقامی عێراقی سەركۆنەی ئێران دەكەن، دژی سەروەریی عێراق، هەروەها دیمەنی خانووەكە و جەستەی شەهیدانی بێتاوان، بەتایبەتیش ژینا پێشڕەو دزەیی، ئەو ساوا شەهیدە بووەتە جێی قسە و باسی شەقامی عێراقی كە هەموو پاساوە هەڵبەستراوەكانی ئێران ڕەت دەكاتەوە.
* ئایا بەرنامەی پەرلەمان بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا سەردەگرێت؟
- نەخێر، سەرناگرێت و هێزەكانی ئەمریكاش ناكشێنەوە، هەرچەندە داوای كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش ئەمریكا دەكرێت، ئەو داواكارییانەش پاش ڕوودانی شەڕی ئیسرائیل و غەززە سەریان هەڵداوە.
بەشێك لە پەرلەمانتاران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق واژوویان كۆ كردەوە، هەرچەندە پەرلەمانتارانی كورد واژوویان بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و بەتایبەتیش هێزە ئەمریكییەكان نەكرد، بەڵام هیچ دانیشتنێك لەسەر ئەو بابەتە ئەنجام نەدرا، بەڵكو تەنیا چەند بەیاننامەیەكی تایبەت لە لایەن بەڕێز موحسین ئەلمەندەلاوی سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت بڵاو كرانەوە، كە جەختیان لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كردەوە، بەڵام بە بۆچوونی من، بابەتی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەكانی ئەمریكا پێویستی بە ڕێكاری حكومەت هەیە، نەك پەرلەمان، ڕێكارێكی قورسە و پێویستی بە دانوستان و قبووڵكردنی كشانەوە هەیە، بەتایبەتی كە هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لەسەر داوای فەرمیی حكومەتی عێراق لێرەن.
* بابەتی بودجە و مووچە و هەناردەكردنی نەوت بە كوێ گەیشتووە؟
- گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و سەردانی هاوبەش لە نێوان شاندەكانی بەغدا و هەولێر بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەی گونجاو بەردەوامن بۆ ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ لە ڕێگەی هەمواركردنەوەی بودجە لە مادەكانی ١١-١٢-١٣، سڕینەوەی كۆی خەرجیی كرداری لە بودجەدا، دانانی مووچەی فیدڕاڵی بە مووچەی هەرێمی كوردستانیشەوە، لەسەر خەرجیی حاكیمە و زیادكردنی تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، كە بگونجێت لەگەڵ واقیعی فیعلیی جوگرافیا و ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمدا كاردەكەن، هەروەها هەڵوێستی یەكگرتووی ئەرێنی هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا لەمەڕ هەناردەكردنی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە.
پێشبینی دەكەین لە ساڵی ٢٠٢٤دا بگەینە لێكتێگەیشتن بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەتی كە زەمینەیەكی هاوكاریی ئەرێنی و ئیرادەی سیاسی لە نێوان هەردوو بەڕێزان محەمەد شیاع سوودانی و مەسرور بارزانی هەیە.