ئێران دەیەوێ بە كوشتنی منداڵی كورد، قەیرانەكانی خۆی پەردەپۆش بكات

ئێران دەیەوێ بە كوشتنی منداڵی كورد، قەیرانەكانی خۆی پەردەپۆش بكات

ئێران وەك هێزێکی ناوچەکە، بووەتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ناوچەكە، وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی و گرووپە میلیشاییەكانی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشی کردە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە بیانووی ئەوەی بنکەی مۆسادی ئیسرائیلی لێیە! كەچی مووشەكە زیرەكەكانی! جگە لە ماڵی خەڵكی بێتاوان و ژن و منداڵ، هیچ شوێنێكی نەپێكا، لە هەمان کاتدا، بە هەمان ئاواز هێرشی درۆنی و مووشەكیی کردە سەر پاکستان و سەروەریی ئەو وڵاتەی پێشێل کرد.

هەرچەندە تا ئێستا هێرشەکەی سەر هەرێمی کوردستانی بۆ چووەتە سەر و وەڵامی نەدراوەتەوە، سەرەڕای ناڕەزاییەکی زۆری ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی و لە زۆر لاوە سەركۆنە کرا، بەڵام لەبەرئەوەی عێراق بە هەموو دەسەڵاتەكانیەوە لەژێر هەژموونی ئێراندایە، عێراق نەیتوانیوە و ناشتوانێ وەك پاكستان وەڵامی سەربازیی ئێران بداتەوە و هەڕەشەی لێ بكات، دەستدرێژییەكانی ئێران بەردەوامە.

ئێران ناوێرێ راستەوخۆ پەلاماری ئیسرائیل و ئەمریكا بدات، دەنا ئەگەر مەبەستی بێت و بیەوێ بنکەی ئیسرائیلی بکاتە ئامانج، زۆر بەئاسانی دەتوانێ لە ناوجەرگەی ئیسرائیل بە مووشەكە دوورمەوداکانی ئەو کارە بكات، بەڵام هەرگیز ئەو شەڕە ڕاستەوخۆیە ناکات، ئەوەی دەیکات بەوەکالەت لەلایەن گرووپە میلیشیاكانی سەر بەخۆیەوە دەیکات، ئەگەر نا بۆ تا ئێستا مووشەکێکی بە هێزەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە نەناوە و بەرپرسیارێتیی خۆی رانەگەیاندووە؟

بە بڕوای من، ئێران ئەو جۆرە کارانە بۆیە دەکات، تا قەیرانەکانی ناوخۆ بەو هاشوهووشە بڕەوێنێتەوە، یان هیچ نەبێت کارێ بکات ئۆپەراسیۆنەكانی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەنێو تارانی پایتەخت بیر خەڵكی ئێران بباتەوە، لە لایەکی دیكەوە، وەک چۆن بە ڕێکكەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق، توانیی مەترسیی هێزە بەرهەڵستکارەکانی لە خۆی دوور بخاتەوە، بە هەمان نەفەس دەیەوێت پاڵەپەستۆ لەسەر پاکستانی خاوەن سەروەری و چەکی ئەتۆمی و خاوەن پێگە دروست بکات، بۆیە لە سەروبەندی هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە چەندین مووشەک سنووری پاکستانی بەزاند و هێرشی کردە سەر بلووچەکان، بەڵام هەر زوو حکوومەتی پاکستان بە ئاگری مووشەک و درۆن وەڵامێکی توندی دایەوە و لە نوێترین پەیامی سوپای پاكستانیشدا، هەڕەشەی ئەوەیان بە گوێدا دا، ئەگەر پەنجە بۆ پاكستان درێژ بکاتەوە، ئەمجارە پەنجەی دەبڕن.

لەم کەینوبەینەدا، ئێران وەک چۆن ئێستاشی پێوە بێت، هەڕەشەی پەلاماری سەر هەولێر دەکات، بەڵام بەرامبەر پاکستان و لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی پاکستان، هیچ کاردانەوەیەکی نییە و تەنانەت خوا خوای ئەوەیانە پاكستان ئارام بێتەوە، کە وای بۆ دەچم ئەو درمەی ئێران پێوەی موبتەلایە، قەیرانە یەک لەدوای یەکە ناوخۆییەكان و كێشە دەرەكییەكانیەتی.

ئێران خۆی بە شەقاوەی ناوچەکە دەزانێ و لە ڕێی حزبوڵا و حەماس لە لوبنان و فەلەستین و حووسییەکانی یەمەن و نوجەبا و گرووپە ملیشیاکانی عەرەبی شیعە لە عێراق، دەیەوێت بەرژەوەندیی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بسڕێتەوە، بەڵام وەک دیارە لەو پێشبینییەی کەوتووەتە هەڵەیەکی گەورەوە، وا حەماس تێکوپێک دران و خەریکە ناویان دەچێتە پەراوێزی مێژووەوە، حزبوڵا لەبەردەم ڕمەکانیاندا نیشانەیان لێ گیراوە، حووسییەکانی یەمەن ڕۆژانە ڕاو دەکرێن و نێچیری سەرەڕێگان، لە عێراق و سووریاش هێزە عەرەبیە شیعە نزیکەکانی ئێران ڕۆژانە دەکرێنە ئامانج، بە جۆرێک، كە کونەمشکیان لێ بووەتە قەیسەری.

بۆیە ئێستا وای لێ هاتووە، ئەو خەیاڵپڵاوییەی ئێران خەونی لەسەر بنیات نابوو دەپووکێتەوە، بە جۆرێک، دەربازبوونی لە قەیرانەکانی وەک گوشاری نێودەوڵەتی و ناڕەزایی نێوخۆیی و قەیرانی ئابووری و بێکاری و نەبوونی ئازادی و دیموکراسی، خەریکە سەری دەخۆن، بۆیە پەلاماری گەلێكی ستەمدیدە و ئاشتیخوازی وەك كورد دەدات بۆ ئەوەی قەناعەت بە خەڵكی ئێران بهێنێت گوایە وەڵامی ئەمریكا و ئیسرائیل دەداتەوە! لە سلێمانی قسەیەكی خۆش هەیە بۆ شەقاوەكان، ئەویش ئەوەیە كاتێ شەقاوە خۆی گیڤ دەكاتەوە، پێێ دەڵێن: ”دانیشە، شەقاوە شەق دەخوات!“

Top