خەونم ئەوەیە كە یاری بالە لە ئاستێكی زۆر باشدا ببینم
تەرزە مزەفەر یاریزانی تۆپی بالەی یانەی تەق تەق
خەونم ئەوەیە كە یاری بالە لە ئاستێكی زۆر باشدا ببینم
ناحیەی تەق تەق یەكێك لەم شارانەی كوردستانە كە گرنگی زۆر بە یاری تۆپی بالەی كچان دەدەن، هەموو كات كچە یاریزانانی ئەو شارۆچكەیە بەردەوام ڕكابەری سەرسەختی یانەكانی تری كوردستانن لەم یارییە، لە زۆربەی چاڵاكییە وەرزشییەكان ساڵانە تیپە جیاوازییەكان بەشدارن لە خولەكانی عێراق و كوردستان، یانەی تەق تەقیش گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی دەدەن لە سەر ئاستی كچان ، تیپی بالەی یانەكە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە كە ساڵانە لە هەریەك لە خولەكانی كوردستان و عێراق بەشدارن ، كچانی تەق تەق لەگەڵ كردنەوەی خولەكانی بالە بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئاستی كوردستان تەرزە مزەفەر رەحمان-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2003ی قەزای كۆیەیە و قوتابی فاكەڵتی وەرزشی لە زانكۆی كۆیە، بۆ هەردوو یانەی كۆیە و تەق تەق یاری كردوە، ئێستاش لەگەڵ یانەی تەق تەق بەردەوامە، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو بڕیارت دا بێتە نێو یاری بالە؟
- هەر لە منداڵییەوە حەز و ئارەزووم بۆ وەرزش كردن هەبووە و وەرزشی ترم تاقیكردۆتەوە، بەڵام زیاتر خۆم لە یاری بالەدا دۆزیوتەوە و دەمەوێ لەو یارییەدا ئاستی خۆم بەرەوو پێش ببەم.
*چ هەستێكت هەیە وەرزشێكی زەحمەت ئەنجام دەدەی؟
-بێگومان هەموو وەرزشێك زەحمەتی خۆی هەیە، بەڵام خۆشەویستیت بۆ یارییە وا دەكات كە ئەو زەحمەت و ماندوو بوونەت بیر بچێتەوە.
*چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی یاری بالەی كچان بەرەوپێش بچێت؟
-كردنەوەی خولی زیاتر بۆ ئەوەی یاریزانەكان ئەو ئاستە باشەی كە هەیانەنیشانی بدەن.
*گرفتی یارییەكانی تۆپی بالە لە چی دەبینی؟
-تەرخان نەكردنی بودجەیەكی تەواو لەلایەن یانەكانەوە كە بۆتە هۆی دروست بوونی چەندین گیروگرفت
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- بە خۆشحاڵییەوە ئێستا لە ئاستێكی باشدایە و هیوادارم لە داهاتوو باشتریش بێت و گیروگرفتەكانیش چارەسەر بكرێ.
*بە نیازی چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
- بەنیازم زیاتر هەوڵی خۆم بدەم بۆ ئەوەی بگەم بەو خەونەی كە هەمە.
* هیچ گرێبەستێكت پێشكەش نەكراوە لەلایەن یانەكان؟
-لە ئێستادا نەخێر بۆم نەهاتووە.
*بۆچی ئافرەتان بە كەمی ڕوو لە وەرزش دەكەن؟
-بە بۆچوونی من هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە كۆمەڵگە ڕێگر بێ لە بەردەمییان، وە نەبوونی حەز و خولیای خانمانیش بۆ وەرزش كردن.
*پێشنیار و داواكاریت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-داواكارم گرنگییەكی زیاتر بدرێ بە یاری بالەی كچان، وە زیاتر كردنەوەی خولەكان بۆ ئەوەی هەلی زیاتر بڕەخسێ بۆ یاریزانەكان.
*خەونی تۆ چیە وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-خەونم ئەوەیە كە یاری بالە لە ئاستێكی زۆر باشدا ببینم و ببمە یەكێك لە پاڵەوانەكانی عێراق.
*پلانت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو وەرزشكارێك؟
- پلانم ئەوەیە كە هەولێكی زۆر باش بدەم بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان.
*پاڵەوان بوون لای تۆ چی دەگەیەنێ؟
-پاڵەوان بوون واتە گەیشتن بە ئامانجەكەت.
*حەز ناكەی هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانەكانی بیت؟
-بەڵێ بە دڵنیاییەوە بەهیوام بە زووترین كات دابمەزرێ.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤارەكەتان بۆ ئەو خزمەتە زۆرەی وەرزشكارانی شارەكانی كوردستان دەكەن.